وەزارەتی تەندروستی ڕێكلامكردن بۆ شیری وشكی منداڵان لە نەخۆشخانە گشتییەكان قەدەغە دەكات

ماكوان عێزەت – هه‌ولێر

لە فەرمانێكداكە واژووی د. سامان بەرزنجی وەزیری تەشندروستی حكوومەتی هەرێمی لەسەرە، جەختكراوەتەوە لە ریکلام کردن بۆ شیر یان تەواوکەری خۆراکی بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

بە گوێرەی نووسراوەكەی وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بەوە دراوە كە لە پێناو بایەخدان بە خزمەتگوزاری چاودێری سەرەتایی تەندروستی بە تایبەت چاودێری دایكایەتی و منداڵان، بۆ ڕێكخستنی كاری كۆمپانیاكان كە ریكلام بۆ تەواوكەری خۆراكی تایبەت بە منداڵاانی تەمەن 1 تا 1٠ ساڵ دەكەن، لە فەرمانە كەدا كە لە هەشت خاڵ پێك هاتووە بڕیردرا كەبەم خاڵانەی خوارەوە:
١-پێویستە لە سەر کارمەندانی نەخۆشخانەکانی لە دایکبوون و سەنتەرەکانی کوتانی منداڵان ڕێنمایی دایکان بکەن تاوەکوو شیری دایک بدەن بەکۆرپەکانیان .
٢-بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە کە هیچ جۆرە شیرێک یان تەواوکەری خۆراکی لە نەخۆشخانەکانی لە دایک بوون و بنکە تەندروستییەکان و سەنتەرەکانی کوتانی منداڵان بدرێ بە هاوڵاتیان .
٣-بوونی (مروج) ی کۆمپانیاکان لە نەخۆشخانەکانی حکومی و ناحکوومی،سەنتەرەکانی کوتانی منداڵان و هەردام ودەزگایەکی تەندروستی وە ریکلامکردن بۆ شیر یان تەواوکەری خۆراکی بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە ٤- هەر پزیشکیک و کارمەندێکی تەندروستی و فەرمانبەرێک ریکلام بۆ هەر کۆمپانیایەک بکات رێکاری یاسایی تووندی بەرامبەر بگیرێتە بەر بە سزادان و گواستنەوەی لەو شوێنە .
٥- هەر خۆبەخشێک کار لەگەڵ کۆمپانیای شیر یان تەواوکەری خۆراکی بکات کۆتایی بە ڕاژەکەی بهیێنرێ و ڕیکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتە بەر.
٦- بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە شیرو تەواوکەری خۆراکی منداڵان لە کافتریای نەخۆشخانەکان بفرۆشرێت و ریکلام بۆ هەر کۆمپانیایەک بکرێت لەکاتی سەرپێچی دا جگە لە ڕێکاری یاسایی کۆتایی بە گرێبەستەکەی بهێنرێت .
٧- هەر چالاکیەکی زانستی لەلایەن کۆمپانیاکانی شیر و تەواوکەری خۆراکی منداڵان ڕێک دەخرێت پێویستە رەزامەندی پێشوەختەی لە وەزارەتی تەندروستی بەشی چاودێری خۆراک وەربگیرێت و نابێت هیچ فەرمانبەرێکی سەر بە وەزارەتی تەندروستی بەشداری لەم چالاکییانە بکات بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاسایی تووندیان بەرامبەریان دەگیرێتە بەر .
٨- بەرێوەبەری نەخۆشخانە و لێپرسراوی کارگێری نەخۆشخانەو بنکە تەندروستییەکان بەرپرسن بەرامبەر جێ بەجێکردنی ئەم خاڵانەی سەرەوە بە پێچەوانەو ڕێکاری یاسایی تووند لە بەرامبەریان دەگیرێتە بەر.

ھەواڵی زیاتر