کوژاندنەوەی کارەبا بۆ ماوەی کاتژمێرێک هۆکاری پارێزگاری زەویە

کاتژمێری زەوی بۆنەیەکی ساڵانەی جیهانییە کە لە لایەن سندوقی جیهانی بۆ سروشتەوە ڕێکدەخرێت، کە هانی تاک و کۆمەڵگا و خاوەن ماڵ و بازرگانەکان دەدات بۆ کوژاندنەوەی گڵۆپی ناپێویست و ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لە کاتژمێر (8:30 – ٩:٣٠) لە یەکشەمەی مانگی ئازاردا، بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە مەترسی گۆڕانی کەشوهەوا. شاری سیدنی لە وڵاتی ئوسترالیا یەکەم شوێن بوو لە ساڵی (٢٠٠٧) دەستی بەم هەڵمەتە کرد و لەو کاتەوە ئەم ژمارەیە زیادی کردووە لە ئێستادا گەیشتووەتە زیاتر لە (٧ هەزار) شار و گوند لە سەرانسەری جیهاندا.

ئامانجی ئەم بۆنەیە
ڕێکخەرانی دەستپێشخەری کاتژمێری زەوی ئامانجیان هاندانی تاک و دامەزراوەکانە بۆ دەستپێشخەریکردن بۆ عەقڵانیکردنی بەکارهێنانی کارەبا و ئاوی ڕۆژانە و بەرەنگاربوونەوەی پیسبوون و بەشداریکردن لە پرۆسەکانی دووبارە بەکارهێنانەوەی پاشمەوە و عەقڵانیکردنی بەکارهێنان بەگشتی.
ڕێکخراوی (WWF) کۆمەڵێک ڕێوشوێن پێشنیار دەکات بۆ تاکەکان، ڕێکخراوەکان، کۆمپانیاکان، قوتابخانەکان، زانکۆکان و کەسانی دیکە بۆ بەشداریکردن لە کاتژمێری زەوی، دیارترینیان کوژاندنەوەی گڵۆپی ناپێویست بۆ ماوەی یەک کاتژمێر، وە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەم بۆنەیە و پاراستنی ژینگە لە ڕێگەی پلاتفۆرمی سۆشیال میدیاوە. هەروەها سندوقەکە داوا لە دامەزراوەکان و کۆمپانیاکان دەکات گڵۆپی ناپێویست لە باڵەخانەکانیان بکوژێنەوە، لە ڕێگەی چالاکییەکانی ئەم بۆنەیەوە کارمەندەکانیان لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا پەروەردە بکەن و هەنگاوی هەمیشەیی بنێن بۆ وزەی بەردەوام لە شوێنی کار. یەکێک لە ئامانجە هەرە دیارەکانی ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی کاتژمێری زەوی، گواستنەوەی بزووتنەوەی جیهانییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا کە هەڕەشە لە هەسارەکە دەکات لە هۆڵەکانی کۆنفڕانسەوە بۆ ژووری میوان.
بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک، کاتژمێری زەوی ئامانجیەتی پارە کۆبکاتەوە بۆ پڕۆژەکانی کەشوهەوا کە لەلایەن WWF ڕێکخراون لەسەر پلاتفۆرمی کراودفاندینگ.
پڕۆژەکانی کراودفاندینگ بریتین لە دابەشکردنی وزەی خۆر لە فلیپین و هیندستان، و پڕۆژەکانی بنەمای گیانلەبەرە کێوییەکان لە کۆڵۆمبیا و ئۆگاندا و ئەندەنوسیا.
ئەو ڕێکخراوانەی کە پشتگیری لە کاتژمێری زەوی دەکەن: کاتژمێری زەوی لە سەرانسەری جیهاندا لە لایەن (یونسکۆ،UNEP، کۆنفیدراسیۆنی سەندیکای نێودەوڵەتی، وودلاند، گروپی CBRE، خولی نیشتمانی هۆکی، فیفا، یوفا، هیڵتۆن) پشتگیری دەکرێت لە سەرانسەری جیهاندا.
پێوانەکردنی کەمبوونەوەی بەکارهێنانی کارەبا: (کاتژمێری زەوی بانگەشەی ئەوە ناکات کە مەشقێکی کەمکردنەوەی وزە/کاربۆنە، بەڵکو کارێکی ڕەمزییە. بۆیە ئێمە سەرقاڵی پێوانەکردنی ئاستی کەمکردنەوەی وزە/کاربۆنی خودی کاتژمێرەکە نین. کاتژمێری زەوی دەستپێشخەرییەکە بۆ هاندانی تاک و بازرگانی و حکومەتەکان لە سەرانسەری جیهان بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی شوێنپێی ژینگەیی خۆیان، بەشداریکردن لە گفتوگۆ و هاوبەشکردنی سەرچاوەکان کە چارەسەری ڕاستەقینە بۆ ئاستەنگە ژینگەییەکانمان دابین دەکەن. بەشداریکردن لە کاتژمێری زەویدا هێمای پابەندبوونە بە گۆڕانکاری لە دەرەوەی کاتژمێرەکە).

ھەواڵی زیاتر