مامۆستا: دلاوەر شێخ محەمەد هەرکی
دەستنیشانکردنی جیاوازیی لەنێوان ئامرازی نەرێکردنی ڕێژەی کار و ئامرازی نەرێی ڕەتکردنەوە (پەیوەستکەر)، یەکێکە لە بابەتە زۆر گرنگ و ھاوکات بەرکارەکانی ڕێزمان و ڕێنووسی کوردی، کە زۆر جار لە نووسیندا تووشی تێکەڵاوی و هەڵەی جەوهەری دەبێتەوە.
بەشی یەکەم: چەمک و پێناسەی زانستیی دوو ئامرازەکە
لە ڕێزمانی کوردیدا، جیاوازییەکی ڕیشەیی لەنێوان ئامرازی نەرێکردنی مۆرفۆلۆجیی ئامرازی نەرێکردنی (وشەسازی) و (ڕێزمانی)ی رەتکردنەوە هەیە:
1. ئامرازی نەرێکردنی ڕێژەی کار (نا، نە):
مۆرفیمێکی بەستراوە، بەشێکە لە بنەچە یان لە قەد و ڕەگی کارەکە لە دوای نەرێکردن.
ئەرکی کارگێڕی: دەچێتە ناو پێکهاتەی سادە و داڕێژراوی کار و بەها و ئاراستەی ژێردەستەی ئەرێنی دەکاتە نەرێنی.
یانەی ڕێنووسی: ڕاستەوخۆ دەنووسێت بە کارەکەوە (یان بە جێناو) و هیچ مەودا و بۆشاییەکی لەگەڵ کارەکەدا نییە.
2. ئامرازی نەرێی ڕەتکردنەوە، بەستنەوە (نە … نە):
ئامرازی سەربەخۆ، پەیوەستکەر
کاتی نەرێکردن بە تەنیا ناکات، بەڵکوو دوو یان چەند بڕگە و ڕستە پێکەوە دەبەستێتەوە و جەخت لەسەر رەتکردنەوەی گشت بژاردەکان دەکاتەوە.
ئەرکی ڕێزمانی: پەیوەندیی بڕگەکان ڕێک دەخات، بەبێ ئەوەی بچێتە ناو پێکهاتەی مۆرفۆلۆجیی قەد و ڕەگی کارەکە.
ڕێسای ڕێنووسی: وەک ئامرازێکی سەربەخۆ حیسابی بۆ دەکرێت و دەبێت مەودا (بۆشایی) لەنێوان ئەو و کاری دوای خۆیدا هەبێت.
بەشی دووەم: شیتەڵکردنی زانستیی نەرێکردنی ڕێژەکانی کار (مۆرفۆلۆجی)
١. کاتی ڕانەبردووی ڕاگەیاندن
لە کاتی ڕانەبردوودا، نیشانەی ئەرێی (دە، لا دەبرێت و ئامرازی نەرێی (نا) دەچێتە شوێنی.)
ڕێسا: نا + ڕەگی کار + جێناوی پەیوەست (لکاو)
دەنووسم، نانووسم.
(نەک: نا نووسم x)
دەبڕێت، نابڕێت.
(نەک: نا بڕێت x)
دەپارێزێت، ناپارێزێت.
(نەک: نام پارێزێت، یان نا پارێزێت.x)
بۆ تێپەڕ و تێنەپەڕ:
کاتێک کارەکە تێپەڕ دەبێت و جێناوی لکاو (مەفعول بە) بەرکار دەکەوێتە پێش کار یان ناو کار، (نا) دیسانەوە بە نووساو (لکاوی) دەمێنێتەوە:
دەتبینم، ناتبینم.️
(نەک: نات بینم. x)
دەیانپارێزین، نایانپارێزین.
(نەک: نا یان پارێزین.x)
٢. کاتی ڕابردووی بەردەوام
لە ڕابردووی بەردەوامدا، هێمای ئەرێ (دە) بەکار دێت. بۆ نەرێکردن، ئامرازی (نە) دەچێتە پێش (دە).
ڕێسا: نە + ڕەگی ڕابردوو، (قەدی چاوگ) + جێناوی پەیوەست (لکاو)
نموونە لە کاری تێنەپەڕ:
دەڕۆیشتم، نەدەڕۆیشتم.️
(نەک: نە دەڕۆیشتم. x)
دەخەوتین، نەدەخەوتین.
(نەک: نە دەخەوتین x)
نموونە لە کاری تێپەڕ (تێبینیی دەورگێڕانی جێناو):
کاتی کارە تێپەڕەکان لە ڕابردوودا بە هۆی جێناوی لکاوی بەستراوەکانەوە پێک دێت. ئامرازی (نە) دەکەوێتە پێش جێناوەکەوە و پێیەوە دەنووسێت:
دەمخوارد، نەمدەخوارد.
(نەک: نە مدەخوارد یان نە دەمخوارد x)
دەماننووسی، نەماندەنووسی.
(نەک: نە ماندەنووسی x)
٣. لە ڕێژەی دانانی و داخوازی، نیشانەی ئەرێی (بـ) دەگۆڕێت بۆ (مـ / نە).
بڕۆ، مەڕۆ.
(نەک: مە ڕۆ. x)
بخۆ مەخۆ.
(نەک: مە خۆ. x)
بچم، نەچم.
(نەک: نە چم. x)
بنووسێت، نەنوسێت.
(نەک: نە نووسێت.x)
بەشی سێیەم: جیاکردنەوەی زانستیی ئامرازی نەرێی ڕەتکردنەوە (نە … نە)
ئامرازی (نە … نە) سەربەخۆی نەرێ هەیە.
ئەم ئامرازە نەرێکاریی ڕاستەوخۆی نێو قەد و ڕەگی کارەکە ناکات، بەڵکوو سەرجەم بنەما و بڕگەکانی ڕستەکە ڕەت دەکاتەوە.
١. پەیوەندیی لۆجیکی لە ڕستەی ڕەتکردنەوەدا
کاتێک ئامرازی (نە) بۆ ڕەتکردنەوە بەکار دێت، ڕستەکە کاری ئەرێیی لەخۆ دەگرێت، بەڵام بونیادی ڕستەکە لە ڕووی لۆجیکییەوە بە نەرێ دراوە.
نموونەی سەلمێنەر (ڕانەبردوو):
ڕستەی ئەرێ: دەخۆم و دەڕۆم.
نەرێکاری مۆرفۆلۆجی: ناخۆم و ناڕۆم.
(ڕەتکردنەوەی ناوەکیی کارەکە)
نەرێکاریی ڕەتکردنەوە (پەیوەستکەر):
نە دەخۆم و نە دەڕۆم.
(ڕەتکردنەوەی هەر دوو بژاردەکەیە لە ئاستی ڕستەدا.)
جۆری ڕستە و پێکهاتەی ڕێزمانی و باری ڕێنووسەکەیان جیاوازە، تەنانەت هێز لەسەر بەشەکانی نێو ڕستەکەش جیاوازە.
ئەرێ: دەخۆم و دەڕۆم.
لێکدراوی ئاسایی
نەرێی کار: ناخۆم و ناڕۆم.
ئامرازەکە پێوە نووساوە و نابێت جیا بنووسرێت.
نەرێی ڕەتکردنەوە:
نە دەخۆم و نە دەڕۆم.
ئامراز جیا نووسراوە و نابێت بە کارەکەوە بلکێت.
نموونەی ڕاست و هەڵە لە ڕابردوودا:
۱. دۆخی نەرێی کار (مۆرفۆلۆجی):
نەمدەخوارد و نەدەڕۆیشتم.
(مەبەست لە نەرێکردنی کاری خواردن و ڕۆیشتنە لە ڕابردوودا.)
x نەم دەخوارد و نە دەڕۆیشتم. (هەڵەی ڕێنووسییە؛ چونکە لێرەدا ‘نەم’ جێناوی پێوە بەستراوە و کاری نەرێی مۆرفۆلۆجی دەکات).
2. دۆخی نەرێی ڕەتکردنەوە (نە … نە):
نە دەمخوار و نە دەڕۆیشتم. (نەرێی ڕەتکردنەوەیە، (دە)کە و جێناوەکە دەمێننەوە و (نە)کە وەک ئامرازی بەستنەوە جیا دەنووسرێت).
x نەدەخوارد و نەدەڕۆیشتم.
(لە کاتێکدا مەبەست لە ‘نە… نە’ی ڕەتکردنەوە بێت، بەم شێوەیە بنووسرێت هەڵەیە.)
بەشی چوارەم: کەوتنی گومان و لێڵی لە واتادا
ئەگەر ڕێسای جیانووسین و پێوەنووسینی ئەم دوو ئامرازە ڕەچاو نەکرێت، واتای ڕستە بە تەواوی دەگۆڕێت یان لێڵ دەبێت:
نموونەی یەکەم:
داڕشتنی A: نەمابوو. (لە کاری ‘مان’ بە نەرێی ڕابردوو، واتە: شتەکە کۆتاییی هاتبوو، بوونی نەمابوو).
داڕشتنی B: نە مابوو. (نەرێی ڕەتکردنەوە، واتە: نە ئەو مابووەوە نە ئەوی تر…).
نموونەی دووەم:
داڕشتنی A: نەدەهات. (کاری ڕابردووی بەردەوامی ڕاگەیاندنی نەرێ: ئەو بەردەوام نەدەهات).
داڕشتنی B: نە دەهات. (ڕەتکردنەوە لە ڕستەی مەرجیدا یان بەستنەوە: نە دەهات و نە دەشڕۆیشت.)
بەشی پێنجەم: ڕێسای گشتیی ڕێنووس،
بۆ ئەوەی نووسەر یان قوتابی بە ئاسانی جیاوازی بکات لەنێوان ئەم دوو ئامرازەدا، دەکرێت ئەم سێ ڕێسایە بخرێتە ڕوو:
۱. ڕێسای نەهێشتنی (دە):
ئەگەر ئامرازی نەرێی (نا) شوێنی (دە)ی گرتەوە لە کاتی ڕانەبردوودا، ڕاستەوخۆ دەنووسێت بە کارەکەوە (ناخۆم).
۲. ڕێسای هێشتنەوەی (دە):
ئەگەر کاری ڕانەبردوو نیشانەی (دە)ی خۆی هێشتەوە و ئامرازی (نە) کەوتە پێشی، ئەوا ئەم (نە)یە ئامرازی ڕەتکردنەوەیە و دەبێت سەربەخۆ و جیا بنووسرێت.
(نە دەخۆم و نە دەچووم.)
٣. ڕێسای ڕاکێشانی جێناو:
ئەگەر جێناوی لکاو، لەگەڵ ئامرازی نەرێ و پێشگر و بەشی یەکەمی کار دێت (نەم، نەت، نە، نەمان، نەتان، نەیان)، ئەوا ئامرازەکە بووەتە بەشێک لە کارەکە و دەبێت بە کارەکەوە بلکێت:
نەمدەخوارد.
نە مدەخوارد.x
هەڵم نەگرت.
هەڵ منەگرت.x
هەڵم نە گرت.x
هەڵمنە گرت.x
بانگم نەکرد.
بانگ منەکرد.x
بانگمنە کرد.x
بانگ منە کرد.x
بۆ ئامرازی نەرێی ڕەتکردنەوە:
نە ڕازیم و نە قسەش دەکەم.
ناڕازیم و قسەش دەکەم.
نەڕازیم و نەقسەش دەکەم.x
نەدەخۆم و نەدەڕۆم.x
نە دەخۆم و نە دەڕۆم.

