شیڤان شێرزاد – هەولێر
شاعیری ناوداری کورد (مەدحەت بێخەو)، کە شاعیری سەردەمی کلاسیک و شیعری نوێی کوردییه، شیعرەکانی لە هەلومەرجی جیاوازدا بە زمانێکی پاراو نووسراون، بۆیە لە ماوەی ڕابروودا چەند ماستەر نامەیەک لەسەر ناوەڕۆکی شیعرەکانی بەدەستهاتووە، لە ڕۆژانی ڕابردووشدا دکتۆرایەک بەر خەرمانەی شیعرەکانی کەوت.
بەشی کوردی کۆلیژی زمانی زانکۆی سەڵاحەدین، لە هۆلی د.عەزیز گەردی گفتوگۆی دکتۆرا نامەی قوتابی خوێندنی باڵا بەختیار ئەحمەد مەحمود بەناوی (گۆڕانی ئایدۆلۆژیا لە شیعرەکانی مەدحەت بێخەو)ـدا، بە ئامادەبوونی شاعیری ناوبراو بەڕێوەچوو.
جێگەی باس، قوتابی ناوبراو لە ساڵانی ڕابردوو ماستەر نامەکەشی بەناونیشانی نوێکردنەوە لە شیعری (مەدحەت بێخەو) بوو، کە لە ساڵی 2019 لە کتێبێکی 228 لاپەرەیی بڵاوی کردەوە.
دواتر گفتوگۆیەکی زانستی و چڕ و پڕ لەلایەن لێژنەکەوە کرا و نامەکە بەسەرکەوتوویی پەسندکرا و ئەندامانی لێژنەی تاوتوێکردنیش پێکهاتبوون: لە (پ.د. هیمداد حوسێن بەکر) لە زانکۆی سەڵاحەدین، سەرۆكی لێژنەکەبوو، هەروەها (پ.د. ئیدریس عەبدوڵا مستەفا) لە زانکۆی سەڵاحەدین ئەندام و سەرپەرشتیاری دکتۆرانامەکە بوو، هاوکات ئەندامانی تریش پێکهاتبوون لە (پ.د. حەمدیە حەسەن حەمەد) لە زانکۆی دهۆک و (پ.د. شنۆ محەمەد مەحمود) لە زانکۆی سلێمانی و (پ.ی.د. ڕزگار عومەر فەتاح) لە زانکۆی کۆیە، (پ.ی.د. ڕێبوار محەمەد ئیسماعیل) لە زانکۆی سەلاحەدین.

