رۆژنامەی ھەولێر

بەنزینخانەیەك دەبێتە نەمامگە

ئاریان دەرگەڵەیی

زۆرن ئەو كەسانەی لەپاڵ كار و كەسابەتی ڕۆژانەیان، وێڕای دەستكەوتی كەسی، دەیانەوێ قازانج و سودێكیش بۆ گشتی و پاراستنی لانكەی ژینگەی نیشتمانەكەیان بەردەست بخەن.

ئەم دیمەنە سەرنجڕاكێش و دڵگیرەی لە وێنەكەدا دیارە، یەكێكە لە بەنزینخانەكانی، ناحیەی خەلیفان لە ئیدارەی سۆران، كە سەرەڕای بوونی ڕووبەرێكی كەم، بەڵام خاوەنەكەی كاتێك هەستی كرد كارەكەی پێدەچێت ببێتە هۆی پیسكردنی ژینگە، بە مۆركێكی جوان و ژینگەدۆستییەوە ڕێژەیەكی باش، گوڵ و گوڵزار و زۆرترین نەمام و درەختی لە شوێنەكەدا چاندووە، بە جۆرێك بۆتە نموونەیەكی جوان بۆ تێكەڵكردنی كاری بازرگانی لەگەڵ خزمەتی ژینگەیی.
‌ مەعروف مەجید سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگ سەبارەت بەم بەنزیخانەیە دەڵێت: ئێمە دەستخۆشی لە كاری ئەم هاوڵاتییە بەڕێزە دەكەین و سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی خاوەنی بەنزینخانەكە بەڕێز كاك (ئیبراهیم حاجی عەبدوڵڵا)، دەكەین كە بە كارەكەی سەلماندی پاراستنی ژینگە ئەركێكی تاكەكەسییە پێش ئەوەی ئەركی فەرمی بێت.
‌ مەعروف مەجید دەشڵێت: خۆزگە سەرجەم خاوەن كارگە و پڕۆژەكان هەمان كاریان دەكرد و ژینگەیان دەپاراست، لە هەمان كاتدا، داوا لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی سنوورەكە، فەرمانگەی ژینگە و شارەوانی دەكەین كە ئەوانیش بە سەردانیكردن و بەسەركردنەوە، پەیامی پشتگیری و پێزانینی خۆیان ئاراستەی ئەم هاووڵاتییە ژینگەدۆستە بكەن، تاوەكو ببێتە هاندەرێك بۆ سەرجەم خاوەن كار و خزمەتگوزارییەكانی تریش كە شوێنەكانیان بكەنە ناوەندێكی سەوز و دۆستی ژینگە.‌