ئەشکەوتی قزقه پان یەکێکە لە کۆنترین شوێنەواری مێژوویی لە کوردستان

گەرمیان گلی – هه‌ولێر

ئەشکەوتی قزقه پان، ئەشکەوتێکە لە دەشتی چەمی ڕێزان لە شاری سلێمانی مێژووەکەی بۆ سەدەکانی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە، ئەشکەوتەکە لە بەرزاییی ١٠ مەتر لەنێو شاخێکدا ھەڵکەندراوە و کۆمەڵێک نەخشی مادەکان لەسەر دیوارەکانی داتاشراون. لە ناوەندی شاری سلێمانییەوە نزیکەی ٥٠ کیلۆمەتر دوورە، نزیکی گوندی زەرزییە. دەربارەی ئەشکەوتەکە، به‌پێی سه‌رچاوه‌ شوێنه‌وارییه‌كان ئه‌شكه‌وتی قزقه پان، مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ٥٥٠ بۆ ٦٠٠ ساڵ پێش زایینی و كۆنترین شوێنه‌واری مێژوویی ئه‌م ناوچه‌یه‌یه، واته‌ مێژووه‌كه‌ی بۆ دوای چاخی فه‌رمانڕه‌وایی میدییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

دلاوەر جەعفەر شارەزایەکی بواری شوێنەوارناسییە و دەربارەی ئەشکەوتی قزقه پان دەڵێ: ئەشکەوتەکە دەرگایەکی بچووکی ھەیە بۆ چوونە ژوورەوە کە لە باڵای مرۆڤ نزمترە. لەنێو ژوورەکەدا، سێ گۆڕی بچووک ھەیە بە بەرزی مەترێک کە کۆمەڵێک شوێنەواری مێژوویییان تێدا بوو، بەڵام لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ تاڵان کران. له‌ خوێندنه‌وه‌ی نه‌خشه‌كه‌دا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ ئه‌و دوو كه‌سه‌ی لەسەر دیوار بەندی ئەشکەوتەکە ده‌ستیان به‌رزكردووەته‌وه‌ و كه‌وانه‌كانیان له‌سه‌ر زه‌وی داناوه‌ و په‌یامی ئاشتی ڕاده‌گه‌یه‌نن و ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ جیاواز له‌ زۆرێك له‌ نه‌خشه‌ شوێنه‌وارییه‌كانی تر كه‌ نیشانه‌ی شه‌ڕ و شه‌ڕخوازی به‌دی ده‌كرێت. لەنێو ئەشکەوتی قزقه پان شوێنەواری تۆپ و مێزێک لەسەر دیوارەکە نەخشێندراون کە گوزارشت لە خۆر دەکەن. پەیکەرتاشی ئەم دیکۆرە مەبەستی بووە بە نەخش و نیگار ڕێککەوتنی نێوان پادشای چاخی ناوەڕاست سیاکساریس و پادشا لیدیان پیشانبدات. هەر دوو پادشاکە لە شەڕێکی قورسی یەکدیدا بوون، بەڵام بە گووتەی بەڕێوەبەری شوێنەواری لەو کاتەوە خۆر گیراوە و ئەوانیش بە تووڕەیی ئاسمانیان لێکیانداوەتەوە و شەڕیان وەستاندووە. لەباره‌ی خوێندنه‌وه‌ی نه‌خشه‌كه‌شه‌وه‌ شوێنه‌وارناسان‌ دەڵێن کە دوو بۆچوون له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ هه‌یه‌، كه‌ یه‌كه‌میان بۆچوونی ئه‌دمۆن، تۆفیق وه‌هبی و ته‌ها باقره كه پێیانوایه‌ ئه‌م دوو پیاوه‌ پیاوی ئایینی زه‌رده‌شتین و سوێند به‌ ئاگر ده‌خۆن. بۆچوونی دووه‌م، كه‌ بۆچوونی شوێنه‌وارناسانی تره‌، ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ پێده‌چێت ئه‌م دوو كه‌سه‌ پیاوی ئایینی نه‌بن و ده‌سه‌ڵاتدار بن.
دەشڵێت: ناوی ئەشکەوتەکە ئەوەیە کە قزقه پان وشه‌یه‌كی توركییه‌ و بەواتای كچ فڕێن دێت و ئه‌مه‌یش ناولێنانێكی نوێیە و هه‌ر به‌پێی سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان ئه‌م ناوه‌ نوێیه‌ عوسمانییه‌كان به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا سەپاندوویانە، چوونكه‌ ناوی زۆرێك له‌ ناوچه‌كانی كوردستان له‌و سه‌رده‌مه‌دا گۆڕاون. شوێنەوارناسان دەڵێن کە ناوی ئه‌شكه‌وته‌كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌و نه‌خشه‌ و هه‌ڵكۆڵراوه‌ شوێنه‌وارییانه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌و شوێنه‌دایه‌، چوونكه‌ ئه‌و ناوه‌ له‌ سه‌رده‌می داگیركاری عوسمانییه‌كانه‌وه‌ له‌و شوێنه‌ نراوه‌. پێدەچێت ئەشکەوتەکە پەیوەندی بە مێژووی عوسمانییەکانەوە نەبێت.
ئەشکەوت یان دەخمەی قس قه پان، عوسمانییەکان ناوەکەیان گۆڕیوە بۆ قزقه پان بەواتای ئەشکەوتی “کچە دزراوەکە”، بەڵام بە پێی لێکۆڵینەوەکان باس لەوە دەکرێت ئەم ئەشکەوتە ناوی قزقه پان نییە و ئەم ناوە هیچ پەیوەندییەکی بە مێژووە ڕاستەقینەکەی ئەم شوێنەوارە مێژووییەوه نییە، بەڵکوو بەم شوێنە دەگوترێت “دەخمەی قزقه پان” کە دەخمەی قز واتا گۆڕی بەردین و قەپانیش واتا دادگا یان تەرازوو دێت، قەپان هەر کوردییە و بە مانای تەرازوو دێت. کەواتە دەخمەی قزقه پان واتا دادگا یان تەرازووی گۆڕی بەردین. بە هۆی ئەوەی ئەشکەوتەکە وەک مەزارگەی پاشاکان کەڵکی لێ وەرگیراوە، وەک هەموو گۆڕخانەکانی دیکەی مادەکان لە ناو شاخێکدا و لە بەرزایی ١٠ مەتر لە ئاستی ڕووی زەویی ناوچەکە دروست کراوە بۆ ئەوەی خەڵک بە ئاسانی دەستیان بەم شوێنە ڕانەگات. قزقه پانیش وەک هەموو گۆڕخانەکانی سەردەمی مادەکان جگە لە گۆڕخانەی فەقرەقا سەرەتا بەرهەیوانێکی بۆ دروست کراوە و پاشان لە ڕێگای دەرگایەکی بچووکەوە ڕێگا بۆ ناوەوە هەیە کە لە سێ ژوور پێکهاتووە و هەر کام لەم ژوورانە گۆڕێکیان تێدا هەڵکەندراوە. دەروازەی چوونە ژوورەوە بۆ ناو ئەشکەوتەکە یەک مەتر و بیست سانتی مەتر بەرزە. سێ ژوورەکەی ناوەوە هەموویان یەک قەبارەیان هەیە و درێژییەکەیان ٣١٠ سانتی مەتر، پانییەکەیان ٢١٠ سانتی مەترە و بەرزییەکەشیان ١٧٠ سانتی مەترە. لە ناو هەرکام لەم سێ ژوورەدا گۆڕێک هەیە کە درێژییەکەی کەمتر لە بالای مرۆڤێکە و پێدەچێ بەهۆی ئەوە بێ کە مردووەکانیان بە شێوەی ڕاکشاو لەم گۆڕانەدا نەناشتووە. پانی و قووڵایی گۆڕەکانیش نزیک مەترێکن. دەگوترێ یەکێک لەم گۆڕانە هی کیاکسار کەیخوسرەوی پادشای میدیا بووە و گۆڕی دووهەم هی ئانیتا، پاشای وڵاتی لیدیا بووە و گۆڕی سیهەمیش دیار نییە هی کێ بووە و ئاخۆ کەسی تێدا نێژراوە یا نا.

ھەواڵی زیاتر