چۆن ژینگەیەکی گونجاو بۆ خوێندن بڕەخسێنین؟

گەرمیان گلی – هه‌ولێر

زۆرینەمان کاتێکی زۆر بەسەردەبەین لە خوێندن، بەڵام سوودێکی زۆری لێ نابینین یاخود زوو زانیارییەکانمان بیردەچنەوە ئەمەش چەندین هۆکاری جۆراوجۆری هەیە و یەکێک لەوانە نەگوونجاویی ژینگەی چواردەورتە. ژینگە بەواتای ئەو شوێنەی کە تێیدا دەخوێنین، ڕووناکی ژوورەکەت، پەرشوبڵاوی، تەنانەت شێوازی دانیشتن و بۆنی ژوورەکەش دەگرێتەوە ئەمانە هەموویان کاریگەریان لەسەر خوێندنەکەت هەیە.

م. دلاوەر یەعقوب، باس لە چۆنیەتی دروستکردنی ژینگەیەکی باش بۆ خوێندن دەکات و دەڵێ: ژینگەی باش بۆ خوێندن وەکوو، شوێنێک تایبەت بکە بە خوێندنت، لە ژوورەکەتدا یاخود هەر ژوورێکی تری ماڵەوەت کە خۆت پێی ئاسوودەیت سووچێکی تایبەت بکە بە کاتی خوێندنت. ئەگەر مێزێک دابنێیت و هەموو پێداویستییەکانی خوێندنی لەسەر بێت باشترە بۆ ئەوەی هەرکاتێک ویستت دەست بە خوێندن بکەیت شتەکانت ئامادە بن، بەڵام مەرجیش نییە هەموو کاتێک لەو شوێنەدا بخوێنیت، هەندێک لێکۆڵینەوە ئەوە نیشان دەدەن کە گۆڕینی ئەو شوێنەی کە تۆ لێی دەخوێنیت دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە هێشتنەوەی زانیاری بۆ ماوەیەکی زیاتر لە یادگەدا. ئەمەش لەبەرئەوەی خوێندنی هەمان ماددە لە شوێنی جیاوازدا یارمەتی مێشکت دەدات بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی جۆراوجۆر لەگەڵ ئەو ماددەیەدا، ئەمەش وادەکات ئاسانتر بیرت بێتەوە. ڕێک بە، با ژوورەکەت و مێزی خوێندنەکەت ڕێک و بێك و پاک بێت پێش دەستپێکردن بە خوێندن. شوێنی خاوێن و ڕێك یارمەتی باشترکردنی تەرکیز و بەرهەمهێنان لە خوێندندا دەدات، هەروەها دەتوانێت یارمەتی باشترکردنی جۆری خەویشت بدات. توێژینەوەیەک دەریخستووە کە ئەو کەسانەی لە ماڵی پەرشوبڵاو و ناخاوێندا دەژین ڕێژەیەکی بەرزی کۆرتیزۆلیان هەیە لە جەستەیاندا. کۆرتیزۆل هۆرمۆنێکە کە دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ و سترێس لە جەستەماندا. هەموو پێویستییەکی خوێندن ئامادە بکە پێش دەستپێکردن، ئەو وانانەی دەیخوێنیت لەو کاتەدا، قەڵەم و کەرەستەکانی دیکەی خوێندن، ئاو یاخود هەر خواردن و خواردنه مه نییەکی تر، ئەمانە هەموویان ئامادە بکە بۆ ئەوەی لە نیوەی خوێندنەکەت هەڵنەستیت و ساردنەبیتەوە لێی.
دەشڵێت: بۆنی خۆش، بەکارهێنانی بۆن تەرکیز زیاد دەکات و وات لێ دەکات زیاتر لەسەر خوێندنەکەت بمێنیتەوە و بێزار نەبیت، هەروەها یادەوەری بەهێزدەکات. کەمێک بۆنی ناوماڵ، کۆڵۆن، سپرای لەش، تەمی جەستە، یان لۆشیۆنی بۆنکراو لە کاتی خوێندندا بەکاربهێنە و پاشان هەمان بۆن بەکاربهێنەرەوە کاتێک تاقیکردنەوە ئەنجام دەدەیت، بۆنەکە ئەو یادەوەرییە دروست دەکات کە لە مێشکتدا هەڵگیراوە لە کاتی خوێندندا. لە باشترین بۆنەکانیش نەعنا، لاڤێندەر، لیمۆ، جاسمین و ڕۆزمارین. دوور لە دەنگەدەنگ، بەپێی زۆربەی لێکۆڵینەوەکان، بێدەنگی لە کاتی چارەسەرکردنی ئەرکە قورسەکان کە پێویستیان بە بیرکردنەوە و تەرکیزە. توانای داخستنی هەموو دەنگێکی سەرقاڵکەری دەرەکی لە ناوچەیەکی بێدەنگ دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ خوێندنێکی باشتر. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە دەتوانیت بە تەواوی تیشک بخەیتە سەر خوێندنەکە. بەڵام هەندێ کەس حەزیان بە گوێگرتنە لە میوزیک لەکاتی خوێندن یان لە شوێنی بێدەنگ خەیاڵیان دەڕوات، بۆ ئەمە دەتوانن گوێ لە گۆرانییە هێمن و کلاسیکیەکان یاخود پیانۆ و میوزیک یان دەنگەکانی سرووشت بگرن. توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە مۆسیقا دەتوانێت یارمەتیت بدات زیاتر تەرکیز بکەیت، پشوو بدەیت، هەست بە هاندان بکەیت، یادەوەری باشتر بکەیت و پرۆسەکە زۆر خۆشتر بکات. کات ڕێکبخە، دروستکردنی پلانی خوێندن ڕێگەت پێدەدات بزانیت چۆن کاتەکانت بەسەر دەبەیت، دڵنیا دەبیتەوە لەوەی کە کاتی پێویست تەرخان دەکەیت بۆ تەواوکردنی ئەرکی ماڵەوە، خوێندن بۆ تاقیکردنەوەکان، و پێداچوونەوە و هێشتنەوەی ئەو زانیارییانەی کە فێری دەبیت. ئەگەر بەبێ پلان بخوێنیت ڕەنگە کاتێکی زۆر بەفیڕۆ بدەیت یان فریا نەکەویت وانەکانت تەواو بکەیت. ئەوە لەبیر مەکە پشوو بدەیت لەنێوان کاتەکانی خوێندن بەڵام لەماوەی پشوودا مۆبایل بەکارمەهێنە بەڵکوو خواردنێک یان خواردنەوەیەک بخۆرەوە یان ژوورەکەت بگۆڕە بۆ ئەو ماوەی پشووە.
م. دلاوەر، زیاتر ئاماژەی پێدا و دەڵێ: ڕووناکییەکی باش، بەرکەوتنی ڕووناکی ئەو ناوچانەی مێشک چالاک دەکات کە هۆشیاری بەهێز دەکات و توانای زانستی باشتر دەکات. ڕووناکی ئەو لایەنانە چالاک دەکات کە گرنگن بۆ دروستبوونی بیرەوەری، هەروەها ئەو لایەنانەی کە گرنگن بۆ ڕێکخستنی دەروون و تەندروستی مێشک بە گشتی. بەشێوەیەکی سرووشتی مرۆڤ حەزی بە ڕووناکی خۆرە، ڕووناکی سروشتی تەندروستە بۆمان لە ڕووی جەستەیی و سۆزدارییەوە. هەوڵبدە شوێنی سەعیکردن یان مێزەکەت لە نزیک پەنجەرەوە بێت.

ھەواڵی زیاتر