یاسای پاراستنی مافی ئاژەڵان لە جیهاندا

دیاردەی کوشتن و ئازاردانی ئاژەڵان بووەتە دیاردەیەکی باو کە رۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینەری دەبین و لە هەواڵەکان‌دا بە زۆری وەبەر چاومان دەکەوێ. ڕێکخراوەی پارێزگاری و پاراستنی مافی ئاژەڵان لە سەرتاسەری جیهان هەوڵی ئەوەی دەدەن کە رێگری لەو کارە توندوتیژانە کە بەرامبەر بە ئاژەڵان ئەنجام دەدرێ، بکەن.

بەداخەوە لە ھەرێمی کوردستان یاسای تایبەت بە پاراستنی مافی ئاژەڵان بوونی نییە، لە هەر شوێنێک لە شارەکان لە هەموو کوچەو کۆڵانەکان سەگ و پشیلەی بێلانە و ئیهمالکراو دەبیندرێت. لە جیاتی گرنگی پێدانیان منداڵەکانمان بگرە گەورەکانیش راویان دەنێن و بەردیان تێ دەگرن.
پەروەردەی خیزان و کۆمەڵگەی کوردی تەنانەت خوێندنگەش کەم تەرخەمە و وەک پێویست پەروەردەیەکی دروست نییە بۆ خۆشەویستنی ئاژەڵ، بۆیە بوونی یاسایەکی تایبەت بە پاراستنی ئاژەڵان (کێویەکان و ماڵیەکان) بەگرنگ دەزانرێت، بۆ ئەوەی سروشتی جوانی کوردستان پارێزراوبێت ئەوە دەبێت پەرلەمانی کوردستان ئاوڕێکی جدی لەم مەسەلەیە بداتەوە، لە دوتوێی پرۆژەیاسایەکدا ئامادەبکرێت لە پەرلەماندا گفتوگۆی لەسەربکرێت و یاسایەک دەربچوێنرێت و بە زووترین کات بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
دیارە ڕۆژانە بابەت و وێنەی کوشتن و برینداربوونی باڵندە و ئەو کەسانەی ئازاری ئاژەڵان (بە تایبەتی سەگ و پشیلە و گوێدرێژ) دەدن، زۆرم بۆ دێ. یەکێک لە خاڵ و بابەتە ھەڵەکان کە ژیانی ئاژەڵەکان دەخاتە مەترسیەوە، ڕاوە. جا چ ڕاوە ئاژەڵ بێ چ ڕاوە باڵندە. ڕاوی بە چەک، کە بۆ چەکەکەشیان بەڵگە و جەوازیان ھەیە یا نا، کەس نازانێ. لە هەر شوێنێک بن هیوایەتیان فیشەک گرتنە لە ئاژەڵان بێ گوێدان بە یاسای پاراستنی ئاژەڵان، کە ڕاو بە گشتی قەدەغەیە. لە کەروێشک و بەراز و قازڕا بگرە تاکو دەگاتە ڕێوی و گیانلەبەری دەگمەن کە ژمارەیان زۆر کەمە لە کوردستان.
کۆمەڵێک فاکتەری ھەمەجۆر وای کردووە کە خەڵک مامەڵەیەکی توندوتیژئامێز بەرامبەر بە ئاژەڵ پەیڕەو بکات، لەلایەک ھیچ یاسایەک بوونی نییە کە بەرگری لە مافی ئەو ئاژەڵانە بکات، لەلایەکیش ئاستی ھۆشیاریی خەڵک لە پلەیەکی نزم دایە، ھەربۆیە ئەوەش وای کردووە پەیوەندییەکی ناتەندروست لەنێوان (مرۆڤ و ئاژەڵ)دا ھەبێت.
لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا یاسای تایبەت بە پاراستنی مافی ئاژەڵان ھەیە و ھەرکەس لەو یاسایانە سەرپێچی بکات بێگومان سزا دەدرێت.
لە وڵاتی نەمسا مافی ئاژەڵان ھاوتای مافی مرۆڤە. مرۆڤێک چۆن مافی ژیانی ئاسایی ھەیە، بەھەمان ئاست ئاژەڵانیش لەو وڵاتەدا خاوەنی ئەو مافانەن.
لە وڵاتی (چین)، ڕاوکردنی ورچی (پاندا) (١٠) ساڵ زیندانی بەدواوەیە.
لە وڵاتی ھیندوستان، یاسایەکی سەنگین تایبەت بە پاراستنی مافی ئاژەڵان داڕێژراوە. لەو وڵاتەدا ھەرکەس ڕەفتاری توندوتیژئامێز بەرامبەر بە ئاژەڵان ئەنجام بدات، یاخود ئاژەڵێک لە شوێنی ژیانی خۆی ڕاو بکات و بەمەبەستی ماڵی کردنی بیباتەوە ماڵەوە، ٢٥ھەزار ڕوپیە یان سزای ٧ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێنرێت، یاخود لەیەک کاتدا ھەردوو سزاكەی لەسەر جێبەجێ دەکرێ.
لە وڵاتی بەریتانیا، ھەرکەس ئازارێکی توندوتیژئامێزانە بە ئاژەڵی کێوی یان ماڵی بگەیەنێت، بۆ ماوەی ٥١ ھەفتە زیندانی دەکرێت.
لە مالیزیا ھەرکەس ئازار بە ئاژەڵان بگەیەنێت، یان ڕاوی نایاسایی بکات، بە بڕی 20ھەزار تا 100ھەزار (رینگیت) سزا دەدرێت.
بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردە قێزەونە پێویستە حکوومەت لێژنەیەک پێک بێنێ، لێکۆڵینەوە لەو کەسانە بکا و گەر پێویست بوو سزایان بدا لەسەر ئەو کارەی دەیکەن.
کوشتن و ئازاردانی ھەر گیانلەبەرێک بە ھەر شێوە و بەھەر ھۆیەک بێ، نارەوا و نامرۆڤانەیە. ئێمە دەبێ هەوڵ بدەین خەڵک تێبگەیێنین کە ئەو ئاژەڵانەش وەکوو ئێمەی مرۆڤ مافی ژیانیان هەیە و بە هەموو شێوەیەک ناڕەوایە ئازار بدرێن.

ھەواڵی زیاتر