رووکردنی دانەوێڵە بۆ باڵندەكان لە هەموو شارەكانی كوردستان

بارینی بەفرێكی زۆر لە هەموو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، وای لە هاووڵاتیان كرد، بیر لە چۆنییەتی هاوكاریكردنی باڵندە و ئەو ئاژەڵانە بكەنەوە، كە بە هۆی سەرما و بەفرەوە ناتوانن خواردن پەیدا بكەن. رۆژانە بە دەیان هاووڵاتی لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان، پارە بۆ كڕینی دانەوێڵە و گۆشت دادەنێن و بۆ باڵندە و ئاژەڵان دایدەنێن.

ئازیز عوسمان، خۆی وەكو ژینگەدۆستێك ناساند و دەڵێت، لەسەر هەموو كەسێكە یارمەتی ئەو باڵندە و ئاژەڵانە بدات، كە لەبەر وەرزی سەرما خواردیان نییە.
ئازیز، پێی وایە وەكو چۆن مرۆڤ لە سەرمادا خواردنی بە زەحمەت دەست دەكەوێت، ئاژەڵیش بە هەمان شێوەیە، بۆیە دەبێت هەر كەسە و لەلای خۆیەوە، بڕە پارەیەك دابنێت بۆ كڕینی دانەوێلە و خواردن بۆ باڵندە و ئاژەڵان.
بە گوتەی خۆی، چەند رێكخراوێك پەیدا بوونە كە یارمەتی بۆ ئەو ئاژەڵانە كۆ دەكەنەوە، تا لە برسیەتی رزگاریان بكەن.
ئەو دەڵێت: “بۆ خۆم ئەمە دووەم جارە پارە بۆ كڕینی خواردن بۆ ئاژەڵ و باڵندە تەرخان بكەم، جگە لەوەش لە ماڵەوە پارەم لە دایك و باوك و برا و هاوسەرەكەم وەرگرتووە و گوتوومە دەبێت ئێوەش بەشداری بكەن. بەڕاستی جێگەی دڵخۆشییە، خەڵك ئاستی رۆشنبیری بگاتە ئەو ئاستەی كە یارمەتی ئاژەڵ و باڵندە بدات بۆ ئەوەی لە برسییەتی رزگاریان بكات”.
خالید هەولێری، دانەوێڵە و ئەو خواردنانە دەفرۆشێت كە باڵندەكان دەیخۆن، بەتایبەت باڵندەی كێوی. ئەو دەڵێت: “كڕینی دانەوێڵە بۆ باڵندە لە هەولێر بووەتە دیاردە و خەڵك زۆر روحی هاوكاری هەیە. تەنانەت رۆژانە بە دەیان كەس دێن و دەڵێن دانەوێڵەمان بدەرێ و بۆ خۆیان دەیبەن بۆ دەرەوەی هەوڵێر و لەوێ لەسەر بەفر و زەویدا رووی دەكەن، تا باڵندەكان بیخۆن و لە برسییەتی رزگاریان ببێت“.
باسی لەوەش كرد، خەڵك هەیە دەچێت گۆشت دەكڕێت و بۆ ئەو سەگانەی دادەنێت كە لە كۆڵانەكانن و خواردنیان بە ئەستەم دەست دەكەوێت.
لە سۆسیال میدیا، هەڵمەتێكی زۆر گەورە دەستی پێكردووە بۆ چۆنییەتی یارمەتیدانی ئەو باڵندە و ئاژەڵانەی بەم بەفر و سەرمایە ناتوانن خواردن دابین بكەن. ئەو هەڵمەتەش بێسوود نەبووە و سەدان هاووڵاتی بەشداری تێدا كردووە.
توانا ئەمین، چالاكوان و لە هەمان كاتدا نووسەرێكی دیاری هەرێمی كوردستانە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر، هەڵمەتێكی زۆر باشی دەست پێكردووە تا خەڵك هاوكاری ئەو ئاژەڵانە بكەن، كە خواردنیان بە ئەستەم دەست دەكەوێت و بەردەوامیش وێنەی ئەو ئاژەڵانە نیشان دەدات، كە خواردنی بۆ دابین كردوون.
جگە لەویش، چەندان كەسی تر هەمان شت دەكەن و دڵخۆشیشن بەو كارە و هەست دەكەن ئەركێكی پیرۆزیان جێبەجێ كردووە.
سەركار دارا، یەكێكە لەو چالاكوانانەی مافی ئاژەڵان و دەڵێت، بەو بەفرە چوومەتە چەندن گەڕەكی سلێمانی و پارەم لەو كەسانە وەرگرتووە، كە داوایان كردووە دانەوێلە بۆ باڵندان بكڕم و هەروەها گۆشتیش بۆ سەگان.
ئەو دەڵێت : “نزیكەی دە گەڕەك گەڕاوم و پارەیەكی زۆرم كۆ كردووەتەوە، ئەو پارانەش ئەو كەسانە داویانە كە یارمەتی ئاژەڵ و باڵندە دەدەن، تا لە مردن رزگاریان ببێت. كاتێك دانەوێلە و گۆشت دەكڕم و بۆ باڵندە و ئاژەڵانی دەبەم، وێنە و ڤیدیۆی دەگرم و بڵاوی دەكەمەوە، تا ئەو كەسەی پارەكەی داوە، بزانێت فێڵی لێ نەكراوە و پارەكە بۆ كڕینی خواردن بۆ ئاژەڵ تەرخان كراوە”.

ھەواڵی زیاتر