رۆژنامەی ھەولێر

یادداشتەکانی ژنێک کە هەزار ساڵ پێش دونیای ورد ورد دەبینی

وەرگێڕانی شۆڕش غەفووری – هەولێر

 

نزیکەی هەزار ساڵ پێش، لە کۆشکی ئیمپراتۆریی ژاپۆن، ژنێک دەستی کردە تۆمارکردنی ئەو شتانەی کە بەلایەوە شایەنی مانەوەن: بەرەبەیانێک کە لە ڕەنگ دەچێتەوە، نامەیەک کە بە دەستوخەتێکی ناشیرین نووسراوە، میواندارییەک کە ناچێت، بەفری سەربانی خانوویەک و وەڵامێک کە لە کاتی خۆی و تاڵانە دەدرێتەوە. دواتر ئەم یادداشتانە بوونە کتێبێک بە ناوی (ماکۆرا نۆ سۆشی – Makura no Soshi) کە بە کوردی پێی دەگوترێت «کتێبی بالیف» یان (دەفتەری تەنیشت سەرین). نووسەرەکەی (سێی شۆناگۆن – Sei Shonagon) بوو. ئەمڕۆ کتێبەکە بووەتە دەلاقەیەک بۆ بینینی ئاوەز و تێڕوانینیی ژنێکی چاوەکراوە کە ڕوانگەی خۆی ناشارێتەوە.

کتێبێک لە پارچەپارچەی ورد
ئەگەر چاوەڕێی چیرۆکێکی سەرەتا و ناوەرۆک و کۆتاییدار دەکەن، ئەوا ئەم کتێبە سەرتان لێ دەشێوێنێت. کتێبی (بالیف) لە چەند سەد پارچەی کورت و درێژ پێکهاتووە کە هەندێکیان تەنها چەند دێرێکن و هەندێکی تریشان چەند لاپەڕەیەک. لە یەکێکیاندا بەسەرهاتی دەرباری ئیمپراتۆر دەگێڕدرێتەوە، لە دووەمیاندا دیمەنێک وەسف دەکرێت و لە سێیەمیشیاندا پێڕستێک دەخرێتە ڕوو.
لە ئەدەبیاتی ژاپۆنیدا بۆ ئەم جۆرە نووسینانە ناوێکی تایبەت دانراوە ئەویش (زوئیهیتسوو – Zuihitsu)یە واتە (شوێن قەڵەم کەوتن). لەم کتێبەدا یادوەری و بینین و سەلیقە و بیرکردنەوە بێ ئامادەکاری، لە پاڵ یەکتری دادەنرێن. بەمەش خوێنەر زیاتر بە دوای هزرێک دەکەوێت نەک ڕێڕەوی گێڕانەوەیەک.
دیارترین بەشەکانی کتێبەکە ئەم ناوونیشانانەن: «شتە بەزەییدارەکان»، «شتە بێزارکەرەکان»، «شتە ناشیرینەکان» یان «شتە گەرم و گووڕەکان». هەر پێڕستێک لە ڕووکار پۆلێنکردنێکی سادەیە، بەڵام لە واقیعدا وێنەی خودی نووسەرەکەیە. (سێی شۆناگۆن) بێلایەن نییە بەرامبەر ئەوەی حەزی لێیەتی بە حەزەوە لەسەری بنووسێت یا لەوەی بە دڵی نییە بە زمانێکی تیژ و تاڵ قسەی لەسەر بکات. چێژی خۆی ناشارێتەوە بۆ کاغەزێکی ڕەنگ جوان تا نامەیەکی تێدا بنووسێت یا توڕەبوون لە میواندارییەک کە درەنگ دەڕوات بۆی.
وەک لە کتێبەکەدا هاتووە:
«بینینی پیاوان و ژنان بە جلوبەرگی تۆخ جێگەی بەزەیین. لە کۆتایی مانگی نۆیەم یان سەرەتای مانگی دەیەم کە کەشوهەوا ڕوو لە ساردی دەکات، بیستنی دەنگی چڕچڕکەکانیش جێگەی بەزەیین.»
ناوی کتێبەکەش هەر لە نووسینێکی نێو کتێبەکەوە وەرگیراوە: دەفتەرێکی زۆر بە کاغەزی بەهادارەوە پێشکەش بە شاژنە ئیمپراتۆر کران و (سێی شۆناگۆن) گوتی بۆ بالیفی دەوێن. مانای ئەم «بالیف»ەش جێگەی مشتومڕی توێژەرانە، بەڵام لە بەشە جیاوازەکانی کتێبەکە دەردەکەوێت کە بە مانای دانانی دەفتەرێکە لە پاڵ بالیف و سەرین بۆ ئەوەی لە خەڵوەت یادداشتەکانی لەسەر بنووسرێنەوە.
سروشت. تماشاکردنی شتێک کە خێرا تێدەپەڕێت
«بەهار، ڕۆژهەڵاتنەکانی جوانە. کاتێک لووتکەکێوەکان وردە وردە بە ڕووناکیی کەم سپی دەچنەوە و هەورە شینباوەکان بەسەر سەریانەوە ئۆقرە دەگرن.»
(سێی شۆناگۆن) بۆ هەر وەرزێک باشترین سات هەڵدەبژێرێت: بەرەبەیانی بەهار، شەوی هاوین، خۆرئاوابوونەکانی پاییز و بەرەبەیانی زستان. هەڵبژاردنەکانی ئەم نووسەرە سەرسوڕهێنەرن و زۆر تایبەتیشن. لە چاوی ئەو، سروشت دیمەنێکی گەورە و دوورەدەست نییە، بەڵکو وردەکارییەکی تێپەڕە: ڕەنگێک کە ئاسمان لە کاتژمێرێکدا لە دەستی دەدات، ڕووناکیدانەوەی مانگ لەسەر پەردە، بەفرێک کە لەناکاو دەبارێت یان دەنگی مێروویەک لە تاریکیدا. دونیا بۆ (شۆناگۆن) لەو ساتانە پێکهاتووە کە ئەگەر کەسێک تەماشایان نەکات، بە بێدەنگی تێدەپەڕن.
تەلارسازیی ئەو سەردەمەش یارمەتیدەری ئەم تێڕوانینەی نووسەرە. خانووە ئەشرافییەکان بە بەرهەیوانە گەورە و پەردە و پەنجەرە دارینەکانیانەوە، سنوورێکی دیاریکراویان لە نێوان ناوەوە و دەرەوە نەبوو. با و سەرما و باران و بۆن و دەنگ ڕاستەوخۆ دەهاتنە ناو ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکانەوە. بۆیەشە لەم نووسینانەدا سرووشت، گوڵ و گوڵزار و ڕازاندنەوە نییە، بەڵکو بەشێکە لە ئەزموونی هەرڕۆژەیی.
دەرباری (هیئان). شوێنێک کە بەهرە دەسەڵات بوو
سەردەمی (هیئان -Heian) لە ساڵی ٧٩٤، بە گواستنەوەی پایتەخت بۆ (هیئان کیوو) دەستی پێکرد، ئەو شارەی ئەمڕۆ بە کیۆتۆ ناسراوە. ئەو سەردەمە، درەوشاوەترین سەردەمەکانی فەرهەنگی ژاپۆن بوو. لە سەردەمی (سێی شۆناگۆن)، دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە دەستی بنەماڵەی (فوجیوارا) بوو، و کێبڕکێی تاکەکانی ئەو بنەماڵەیە لە دەربار، چارەنووسی ژنان و ئەندامانی دەرباری دیاریدەکرد. ئەو دونیایەی کتێبەکە نیشانی دەدات، کەمتر باسی سیاستی لەخۆ گرتووە و زیاتر باس لە ئاماژە و نیشانەکانە. لە دەربار، شکۆ و بەها تەنها بە پلە و سەروەت نەبووە. ئەوەی کە کەسێک بتوانێت لە کاتی گونجاو شیعرێک بخوێنێتەوە، ئاماژەیەکی ئەدەبی بناسێتەوە، ڕەنگی جەستە و جلەکانی لەگەڵ وەرزەکان بگونجێنێت یان بۆ نامەیەک وەڵامێکی ورد بنووسێت، نیشانەی زانست و پێوەبەستراویی تاک بوو بە چینە کۆمەڵایەتییەکەیەوە. تەنانەت کاغەز و دەستوخەتی نامەنووسەکە و ئەو لقە گوڵەی لەگەڵ نامەکە دەینارد، نیشاندەری تایبەتمەندی کەسەکە بووو. جوانیناسی لەو دونیایەدا، زمانی کۆمەڵایەتی بووە، جۆرێک لە دەسەڵات و هێز بووە. (سێی شۆناگۆن) چەندین جار و بە ڕەزامەندییەوە باسی کێبەرکێ فەرهەنگییەکانی سەردەمەکەی خۆی دەکات.
سێی شۆناگۆن کێیە؟
لەبارەی ژیانی ئەم نووسەرە، زانیاری کەمە. تەنانەت ناوەکەشی ناوی ڕاستەقینەی خۆی نییە: (سێی) بە گشتی پەیوەست دەکرێت بە بنەماڵەی (کیوهارا) و (شۆناگۆن)یش ناوونیشانێکی دەربارە کە هۆکاری بەخشینەکەی ڕوون نییە. (کیوهارا نۆ مۆتۆسوکێ)ی باوکی، شاعیرێکی ناسراو بوو و (سێی شۆناگۆن) لە ژینگەیەکدا گەورە بوو کە شیعر و ئەدەب بەهادار بوون. لە ساڵی ٩٩٣ وەک ژنە خزمەتکارێک دەچێتە دەرباری شاژنی (تێیشی – Teishi) واتە ژنی ئیمپراتۆر کە کچی یەکێک لە بەدەسەڵاتترین پیاوانی بنەماڵەی (فوجیوارا) بوو، بەڵام دوای مەرگی باوکی و دوورخستنەوەی براکەی، دەسەڵاتی کەم دەبێتەوە و ڕکەبەرەکەی (فوجیوارا نۆ میچینانگا) دەسەڵات دەگرێتە دەست و (میچینانگا)ی کچی دەکاتە ژنی ئیمپراتۆر، بەم شێوەیە دوو شاژن لە یەک کات لە دەربار دەبن. (شۆناگۆن)، (تێیشی) وەک شاژنێکی جوان، بەهێز و زیرەک وەسف کراوە و بەشێک لە کتێبی بالیف، یادگارییەکی خۆشی دونیایەکە کە هێواش هێواش لە دەست دەچێت.
ئەوەی (سێی شۆناگۆن) لە نووسەرانی سەردەمی خۆی جیادەکاتەوە، زمانی بێ‌پەردە و بوێریەکەیەتی. ئاگاداری هۆش و ژیریی خۆیەتی، لە تۆمارکردنی ئەو ساتانە سڵ ناکاتەوە کە لای نووسەرانی تر گرنگ نین و بەزەیی بە کەسێکدا نایەتەوە کە بێ‌زەوقە. هەر ئەم ڕاشکاوییە هەندێک جار وەک لووتبەرزی و دڵڕەقیش نیشان دراوە.
ڕوانین لە دەلاقەیەکی تایبەتەوە
نابێت ئەم کتێبە وەک ڕاپۆرتێکی بێلایەنی «ژیانی نێو ژاپۆن» تەماشا بکرێت. ئێمە دونیا لە چاوی ژنێکی ئەشرافی و خوێندەوارەوە دەبینین کە لە دەربار نێزیک بووە. غروری چینایەتی، هەستیاریی توند بەرامبەر دابونەریت و تەنانەت جۆرێک لە بژارەگەرایی لە نووسینەکانیدا دەبینرێن. جووتیاران، پیشەوەران، خەڵکی شارە دوورەکان و چینە نزمەکان هەمووی لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیەن، بەڵام هەر ئەم سنوورداربوونە هێزی کتێبەکەشە. (سێی شۆناگۆن) نایهەوێت ببێتە وتەبێژی هەمووان. دەنیا بچووکەکەی خۆی بە وردی تۆمار دەکات و هەر ئەم دونیا بچووکەش بووە یەکێک لە سەرچاوەکانی زمان و زەوقی ئەدەبیی ژاپۆن.
بۆ کتێبی بالیف بەو تەمەنەوە شایەنی خوێندنەوەیە؟
(سێی شۆناگۆن) بۆ نووسین پێویستی بە ڕووداوی گەورە نەبووە. بەیانییەکی سارد، نامەیەکی درەنگگەیشتوو یا جیاوازیی ڕەنگێک لەگەڵ ڕەنگێکی تر، هەموو ئەمانە بابەتی نووسینەکانی بوون. ئەم تێڕوانینە بۆ خوێنەری ئەمڕۆ ئاشنایە. ئەم پارچەی کورت و لێکدابڕاوانە لە یادداشتی کەسیی سەردەمی ئێمە دەچن، مانەوەکەشی هەر بۆ تێڕوانینی نووسەرەکە دەگەڕێتەوە.
(شۆناگۆن) نیشانی دەدات، مێژوو تەنها بە جەنگ و قسەی دەسەڵاتداران و بینا گەورەکان درێژە بە خۆی نادات، بەڵکو دەکرێت لەوە شتە بچووکەکانی وەک کاغەزێک کە بۆ نامەیەک هەڵدەبژێردرێت، شێوازی تماشاکردنی بەرەبەیان، دەنگی باران، بەیتێک شیعریش درێژە بە مانەوەی خۆی بدات.
هەزار ساڵ مەودا و دووری لە نێوان ئێمە و (سێی شۆناگۆن) هەیە و دونیاکەی ئەو بۆ ئێمە غەریبە، بەڵام تێڕوانینەکەی غەریب نییە. ئەو تەنها دونیایەکی لەدەستچووی تۆمار نەکردووە، بەڵکوو ئەو ساتانەی تۆمار کردووە کە هێشتا دەتوانین خۆمانیان تێدا ببینینەوە.
سەرچاوە: ئاوانگارد