رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆژپەرست

وەرگێڕانی شۆڕش غەفووری- هه‌‌ولێر

 

(ئۆچومێلۆڤ – Otchumyelov) ی بەڕێوەبەری پۆلیس، کە پاڵتۆیەکی تازەی لەبەر کردووە و بووخچەیەکی لە ژێر باڵیدایە، بە ناو گۆڕەپانی بازاڕەکەدا پیاسە دەکات. پۆلیسێکی قژسووریش کە تۆڕێک هەنگوورەمارانەی دەستبەسەرداگیراوی بەدەستەوەیە، بە شەقاوی گەورە لە پشتییەوە دەڕوات.

بێدەنگییەکی ڕەها باڵی بەسەر هەموو لایەکدا کێشاوە. تەنانەت ڕۆحێکیش لە گۆڕەپانەکە بەدیناکرێت. دەرگای دادڕاوی دووکان و مەیخانەکان، وەک زاری داپچڕاو بە خەمگینییەوە تەماشای دونیای خوا دەکەن و تەنانەت سواڵکەرێکیشیان لە نێزیکەوە نابینرێت.
“ئەی دڕندەی نەفرەتی، گاز دەگریت؟”
لەپڕ ئۆچومێلۆڤ گوێی لێ دەبێت..
“کورینە، نەهێڵن بڕوات! لەم سەردەمەدا گەستن قەدەغەیە! بیگرن! ئاهـ.. ئاهـ! ”
دەنگی زووزە و قروسکەی سەگێک دێت. ئۆچومێلۆڤ ڕوو لە شوێنی دەنگەکە دەکات، دەبینێت سەگێک کە لەسەر سێ قاچ جینگڵ دەدات و بە دەوری خۆیدا دەڕوانێت و بە ڕاکردن لە حەوشەی داروفرۆشیی (پیتچوگین – Pitchugin)ـەوە دێتە دەرەوە. پیاوێکیش بە کراسێکی نیشاستەیی لۆکە و هێلەکێکی دۆگمەکراوە بە دوایدا ڕادەکات.
پیاوەکە لە سەگەکە نێزیک دەکەوێتەوە و لەپڕ خۆی بەسەردا دەدات و لە دواوەڕا قاچەکانی دەگرێت. جارێکی تر دەنگی قرووسکە قرووسکی سەگەکە و هاواری “نەهێڵن ڕاکات! ” بەرز دەبێتەوە.
ڕووخسارە خەواڵووەکان، لە نێو چوارچێوەی دووکانەکانەوە دەردەکەون و ئاپۆرای خەڵکێک کە وەک ئەوەی لەپڕ لە نێو ئەرزەوە هەڵقووڵابن، بە دەور حەوشەی داروفرۆشییەکە کۆدەبنەوە.
پۆلیسەکە دەڵێت: “جەنابی سەرۆک، وادیارە ئاژاوەیەکە.. ”
ئاچومێلۆڤ ڕوو لە لای چەپ دەکات و بەرەو ئاپۆرای خەڵکەکە دەڕوات. لە نزیک دەرگای حەوشەکەوە، پیاوێکی سپیپۆش دەبینێت کە دەستی ڕاستی بەرز کردووەتەوە و پەنجە خوێناوییەکەی نیشانی خەڵکەکە دەدات.
لە ڕووخسارە نیوەسەرخۆشەکەیدا حاڵەتێک هەیە کە گوایە دەڵێت: “سەبرکە! ئەگەر تۆڵەی ئەم کارەتم لێنەکردەوە. پیسی نەفرەتی!”
ئاچومێلۆڤ کە پیاوەکەی بینی، زانی ئەوە (خریوکین – Hryukin)ی ئاسنگەرە. ئەو تاوانبارەی کە بووەتە هۆی چێبوونی ئەم دەنگەدەنگە. بێچووە سەگێکی سپی کە پەڵەیەکی بۆری بەسەر پشتیەوەیەتی و لەسەر ئەرزەکە و لە ناوەڕاستی خەڵکەکە هەڵترووشکاوە، هەموو گیانی دەلەرزێت و بە چاوە پر لە فرمێسک و ترساوەکانی تەماشای خەڵکەکە دەکات.
ئاچومێلۆڤ بەدەم لادانی خەڵکەکە و کردنەوەی ڕێگەکەی، دەپرسێت: “چی ڕووی داوە؟ تۆ بۆ لێرەیت؟ پەنجەت چی بەسەر هاتبوو؟ تۆ بوویت هاوارت دەکرد؟”
خریوکین دەڵێت: “قوربان. من تێدەپەڕیم، کارم بە کاری کەسەوە نه‌بوو. باسی دار و شتم بۆ (دیمیتری ئیڤانیچ – Mitry Mitritch) دەکرد، کەچی لەپڕ ئەم سەگە دڕندەیە پەنجەی گەستم.
لێمببوورن. من کار دەکەم، کارێکی تایبەتم هەیە. بۆیە دەبێت کەسێک زیانەکەم بۆ بژمێرێت! ئاخر ڕەنگە تا هەفتەیەک نەتوانم ئەم پەنجەیەم بەکاربێنم! قوربان. لە هیچ شوێنێکی یاسادا نەنووسراوە کە مرۆڤ ددان بە خۆیدا بگرێت و ئاژەڵێک ئازاری بدات! ئەگەر بە دڵی خۆیان بمانگەزن، ئیتر ناكرێت لەم دونیایەدا بژین!”

ئاچومێلۆڤ برۆکانی تێکەوەنا و بە توندی گوتی: “هم. زۆر باشە، ئەم سەگە هی کێیە؟ من بە جددی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەم. خۆم فێرتان دەکەم تا سەگەکانتان ئاوا بەرەڵا نەکەن! ئیتر کاتی ئەوە هاتووە وانەیەک فێری ئەوانە بکرێت کە ڕێز لە یاسا ناگرن. من خاوەنی ئەم سەگە بەرەڵایە سزا دەدم. تێیدەگەیەنم بەرامبەری کێ وەستاوە!”
بەدەم ڕووکردنە پۆلیسەکە، هاواری کرد: “بزانن ئەم سەگە هی کێیە. لەم بارەیەوە ڕاپۆرتێک ئامادە بکە. سەگەکەش بکوژن. خێرا! بەهەرحاڵ، پێم وایە سەگێکی هار بێت. سەگی کێیە؟”
کەسێک لە ناو جەماوەرەکەوە گوتی: “لە سەگی ژەنەڕاڵ (ژیگالۆڤ – Zhigalov) دەچێت.”
– “سەگی ژەنەڕاڵ ژیگالۆڤ؟! هم! (یەڵدیرین – Yeldyrin)، باڵتۆکەم لێداکەنە، زۆر گەرمە! دەڵەی باران دەبارێت.”
ئاچومێلۆڤ کە ڕووی لە خریوکین کردووە، دەڵێت: “لەم نێوەندەدا شتێک هەیە من تێی ناگەم، ئاخر ئەم سەگە چۆن توانیویەتی تۆ بگەزێت؟ هێندەش زل و بەرز نییە تا بگاتە پەنجەکانی تۆ. ئەم سەگە بەم بچکۆلەییەوە و تۆش بەم زلییە! ڕەنگە پەنجەت بەر بزمارێک یا لە شتێکەوە گیر بووبێت و بڕابێت. ئینجا کەوتوویە بیری ئەوەی بەمشێوەیە پارەیەک بخەیتە گیرفانتەوە. من کەسی وەک تۆ باش دەناسم. ئێوەی بەدجنس و شەیتان!”
– “قوربان! ئەو جگەرەکەی فڕێ داوەتە سەر قەپۆزی سەگەکە، بەڵام سەگەکە خۆ گێل نییە، بۆیە گەستوویەتی.”
ـ “درۆ دەکات قوربان! ئەو هەر تێناگات چ دەڵێت. ڕێگە بدەن تا خودی دادوەر بڕیار بدات. یاسا دەڵێت هەموومان یەکسانین. برایەکی خۆم لە فەرمانگەی پۆلیسە، ئەگەر ئێوە…”
– “قسە مەکە!”
پۆلیسەکە بە قەناعەتەوە دەڵێت: “نەخێر، ئەم سەگە هی ژەنەڕاڵ نییە. ژەنەڕاڵ سەگی وای نییە. سەگەکانی ئەو جیاوازن.”
– “دڵنیایت؟”
– “بەڵێ قوربان! تەواو دڵنیام.”
– “خۆشم ئەمەم دەزانی. ژەنەڕاڵ سەگی گرانبەهای هەیە، بەڵام ئەمەیان! ئەمە نە تووکێکی باشی هەیە و نە دەموقەپۆزێکی جوانی هەیە. خەڵکی بۆ سەگی وا ڕادەگرن؟ دەزانی ئەگەر سەگێکی وا لە مۆسکۆ یان (پترسبۆرگ – Petersburg) بدۆزرێتەوە، چ ڕوودەدا؟ ئەوان چاوەڕێی ئەوە نابن تا بزانن یاسا چ دەڵێت، دەستبەجێ دەیکووژن. خریوکین! تۆ بریندار بوویە، و من هەروا بە سووک و سانایی لەمە خۆش نابم! دەبێت وانەیەکیان دادەم!”
پۆلیسەکە بە تێڕامان و بە دەنگی بەرزەوە دەڵێت: “خۆ ڕەنگە سەگەکە هی ژەنەڕاڵیش بێت! ڕۆژێکیان لە حەسارەکەی ژەنەڕاڵ سەگێکی وەک ئەمەم بینی.”
دەنگێک لە ناو ئاپۆرای خەڵکەکەوە دەڵێت: “هی ژەنەڕاڵە، دڵنیام.”
– “یەڵدیرین! کوڕم. با هەڵیکردووە زۆر ساردە. یارمەتیم بده پاڵتۆکەم بپۆشمەوە. سەگەکە ببەرەوە بۆ ماڵی ژەنەڕاڵ و لە زمانی منەوە لە ئەحواڵی بپەرسە و پێی بڵێ من دۆزیومەتەوە و بۆم ناردوونەتەوە. پێی بڵێ نەهێڵێت سەگەکە بێتەوە سەر شەقام. ئەگەری هەیە سەگێکی گرانبەها بێت. ئەگەر هە کەسەو جگەرەکەی فڕێداتە سەر لمۆزی، بە ماوەیەکی کورت لەناو دەچێت. سەگ، ئاژەڵێکی زۆر خۆشەویستە. تۆش، دەستت داگرە! پێویست ناکات ئەو پەنجە ناشیرینەت نیشانی هەمووان بدەیت. هەڵەی خۆتە!”
– “ئەوەتا چێشتلێنەرەکەی ژەنەڕاڵ وا دێت. با لەو بپرسین. سڵاو (پڕۆخۆر – Prohor)، خولەکێک وەرە ئێرە! تەماشا بکە بزانە ئەم سەگە یەکێک نییە لە سەگەکانی ئێوەیە؟”
– “ئەم سەگە؟! ئێمە هیچ کاتێک سەگی ئاوامان نەبووە!”
ئاچومێلۆڤ دەڵێت: “ئەم سەگە هێندە بەهای نییە تا لەسەری، تۆ بدەینە بەر پرسیاران. ئەمە سەگێکی وێڵە. زیاتر لەمە پێویست نییە. کە من دەڵێم ئەمە سەگێکی وێڵ و بێلانەیە، کەواتە سەگێکی وێڵ و بێلانەیە! دەبێت بکوژرێت.”
پڕۆخۆریش گوتی: “ئەم سەگە هی ئێمە نییە، هی برای ژەنەڕاڵە کە تازە ڕۆژێکە گەیشتووەتە ئێرە. گەورەکەی من ئەم جۆرە سەگانەی خۆش ناوێت، بەڵام براکەی بەپێچەوانەوە، حەزیان لێدەکات. ”
ئاچومێلۆڤ پرسییەوە: “کەواتە برای ژەنەڕاڵ، (ڤلادیمیر ئیڤانیچ – Vladimir Ivanitch) گەیشتووە؟”.. زەردەخەنەیەک دەنیشێتە سەر ڕووخساری.
– “باشە، باشە، ئەو هاتووە کەچی من بێخەبەرم! بەس بە سەردان هاتووە؟”
– “بەڵێ قوربان، بۆ سەردان هاتووە.”
– “باشە، باشە، کەواتە ئەمە سەگی ئەوە؟ زۆر خۆشحاڵم. هەڵیگرە! سەگێکی بچکۆلەی جوانە. سەگێکی بچکۆلەی توندوتیژە کە پەنجەی کابرای گەستووە! ها، ها، ها. بۆ دەلەرزیت جوانکیلەی بچکۆلەکە؟”
پڕۆخۆر، بانگی سەگەکە دەکات و لەگەڵ خۆی دەیبات و دوور دەکەوێتەوە. خەڵکەکەش بە خریوکین پێدەکەنن.
ئاچومێلۆڤ هەڕەشەی لێ دەکات: “ڕۆژێک لە ڕۆژان هەر ئاقڵت دەکەم!”
توند خۆی لە نێو باڵتۆکەی دەپێچێتەوە، دەست دەکاتەوە بە پیاسەکردن بەنێو بازاڕەکەدا.

پەراوێز:
– چیرۆکەکە بە ڕووسی ناوی (Хамелеон)ە و بە ئینگلیزی ناوی (Chameleon)ە و بە فارسیش ناوی (ێفتاب‌پرست)ە و لە زمانی کوردیش پێی دەگووترێت (قمقمۆک، مارپەڵاس، کۆستەڵ، زەردەقۆڕە، تێڕتێڕە، ڕۆژپەرست، خۆرپەرست، کەرپەسە).
– من لێرەدا بۆیە ناوم نا (ڕۆژپەرەست) و نەمکردە (قمقمۆک)، چونکە چیخۆفی چیرۆکنووس مەبەستی ئەو جۆرە ئاژەڵەی بنەماڵەی مارمێلکەکانە کە ڕەنگی خۆی بە پێی ژینگەی دەوروبەر و مەترسییەکان دەگۆڕێت. لە چیرۆکەکەشدا بەڕێوەبەری پۆلیس بە پێی بەرژەوەندیی خۆی و لەبەر ژەنەڕاڵ و براکەی، زوو زوو قسەی خۆی دەگۆڕێت.
– هەنگورەمارانە: (gooseberry)، مێوەمارانێ، مێوەمارانە

سەرچاوە:
– سەرچاوە ئینگلیزییەکەی: (www.americanliterature.com) و (www.gutenberg.org)
– وەرگێڕی چیرۆکەکە بۆ سەر زمانی ئینگلیزی: (کۆنستنتین گارسێت – Constance Garnett) لە کۆمەڵە چیرۆکی (ئازیزەکە و چیرۆکەکانی تریش – The Darling and Other Stories) کە ساڵی (١٩١٦) لە لایەن دەزگای (The Macmillan Company) لە نیویۆرک چاپ و بڵاو بووەتەوە.
– وەرگێڕی چیرۆکەکە بۆ زمانی فارسی لەلایەن هەریەک لە (ئەحمەد شاملوو) لە کتێبی (چهار داستان) و (نەوشیروان شاهرودی) لە کتێبی (مجموعه ێپار ێنتون چخوف) کراوەتە فارسی.