ڕۆژانی یەکەمی لەدایکبوونی کۆرپە قۆناغێکی پڕ لە هەستیاری و بەرپرسیارێتییە بۆ خێزان. زۆر جار پەیڕەوکردنی نەریتی کۆن یان کەمتەرخەمی لە هەندێک وردەکاریی سادەی تەندروستی، مەترسیی گەورە لەسەر ژیان و گەشەی منداڵ دروست دەکات، یشکێکی پسپۆڕ گرنگترین هۆشداری و ڕێنماییە سەرەتاییەکان دەخاتە ڕوو.
د. هونەر جەمال هەورامی، پسپۆڕی (بۆرد) لە نەخۆشییەکانی منداڵان و تازەلەدایکبووان، کۆمەڵێک ڕێنمایی چارەنووسساز و هۆشداریی گرنگ ئاراستەی دایک و باوکان دەکات لەپێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتیی کۆرپەکانیان لە سەرەتای تەمەندا:
١. وەرگرتنی دەرزیی ڤیتامین (K):
ڕاستەوخۆ دوای لەدایکبوون، پێویستە کۆرپە دەرزیی ڤیتامین K لە ماسوولکەی ڕانی وەربگرێت. ئەرکی دایک و باوکە بەدواداچوون بکەن و دڵنیا ببنەوە لە لێدانی، چونکە وەرنەگرتنی دەبێتە هۆی مەترسیی تووشبوون بە خوێنەچۆڕەی مەترسیدار.
٢. پشکنینی هۆرمۆنی غودە:
هەموو منداڵێکی تازەلەدایکبوو دەبێت لە سەرەتادا لانیکەم یەک جار پشکنینی هۆرمۆنی ڕژێنی غودەی تەمەڵی بۆ بکرێت؛ کەمیی ئەم هۆرمۆنە ئەگەر زوو دەستنیشان و چارەسەر نەکرێت، کێشەی گەورە و نەخوازراو لە گەشەی جەستەیی و ژیریی منداڵەکەدا دروست دەکات.
٣. گرنگیی شیری دایک:
پێدانی شیری دایک مافێکی سەرەکیی کۆرپەیە و ڕاستەوخۆ دوای لەدایکبوون دەتوانرێت پێی بدرێت، جا چ شێوازی منداڵبوونەکە بە نەشتەرگەری بێت یان سروشتی.
٤. ڕێژەی شلکردنەوەی شیری قوتوو:
ئەو کۆرپانەی شیری دەستکرد (قوتوو) دەخۆن، نابێت بە هیچ شێوەیەک بە مەبەستی چارەسەری قەبزی یان سکچوون شیرەکەیان بۆ خەست یان ڕوون بکرێتەوە. هەر دەستکارییەکی هەڕەمەکی لە پێوانەی گرتنەوەی شیرەکەدا زیانی قەرەبوونەکراو بە توانای مێشک و گەشەی منداڵ دەگەیەنێت.
٥. پشکنینی پلەبەندیی مەمکەشووشە (بوتڵ):
پێش بەکارهێنانی مەمکەشووشە، پێویستە دایک و باوک دڵنیاببنەوە کە هەر ژمارەیەک (١ پلە) یەکسانە بە ٣٠ میلیلیتر. بەشێک لە بوتڵە بازرگانییەکان نمرەکانیان ورد نییە و پێوانەکە تێکدەدەن، بۆیە ئەگەر نەیانتوانی دەبێت لە کەسێکی شارەزا یان دەرمانساز یارمەتی وەربگرن.
٦. دوورکەوتنەوە لە کرێمی ستیرۆید بۆ سووربوونەوەی دایبی:
ئەو کرێمانەی بۆ سووتانەوە و سووربوونەوەی شوێنی دایبی بەکاردێن نابێت ماددەی «ستیرۆید»یان تێدابێت. هەرچەندە ستیرۆید خێرا سووربوونەوەکە چاک دەکاتەوە، بەڵام زیانی مەترسیداری هەیە وەک: پووکانەوە و ناسکبوونی ئێسک، قەڵەوی، ناڕێکی لە شەکڕە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. پێویستە پێش کڕین پێکهاتەکەی بخوێنرێتەوە یان لە دەرمانساز بپرسرێت.
٧. قەدەغەکردنی بێشکە:
بە هیچ شێوەیەک نابێت بێشکە بەکاربهێنرێت؛ چونکە مەترسیی دەرچوونی جومگەی ڕانی منداڵ زیاد دەکات و دەبێتە هۆی تەختبوونی کاسەی پشتەسەری کۆرپەکە.
٨. ڕێگەی دروستی مەتلۆکەکردن (قوماتەکردن):
قوماتەکردن تەنها بۆ دەستەکان دروستە و بە هیچ جۆرێک نابێت قاچ و ڕانی منداڵەکە توند بپێچرێتەوە، چونکە ئەم کارە هۆکاری سەرەکییە بۆ دروستبوونی کێشە و دەرچوونی جومگەی ڕان.
٩. قەدەغەکردنی ئاو و هەنگوین لە تەمەنی سەرەتادا:
ئاو پێش ٦ مانگی قەدەغەیە: پێکهاتەی سەرەکیی شیر بریتییە لە ئاو. گەدەی کۆرپە بچووکە و ئاویش هیچ پرۆتین، چەوری و ڤیتامینێکی تێدا نییە، پێدانی دەبێتە هۆی پڕکردنی گەدە و دواکەوتنی گەشە.
هەنگوین پێش ١ ساڵان قەدەغەیە: نابێت هەنگوین بدرێت بە منداڵی خوار تەمەنی یەک ساڵان بەهۆی مەترسیی ژەهراویبوونی بەکتریایی (Botulism).

