ئارام كۆشكی – سلێمانی
بەپێچەوانەی هەموو پێشبینییەکانەوە ئەمساڵیش خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات بەخشرایە شاعیر و نووسەرێک، کە دەتوانم بڵێم یەکێکە لە نەناسراوترین ئەو شاعیر و نووسەرانەی کە پێشبینی ئەوە نەدەکرا لە بەربژێرەکانی خەڵاتی نۆبڵدا بێت و ببێتە خاوەنی ئەو خەڵاتە. بێگومان ئەم پێشبینی نەکردنە دوو لایەنییە، کە یەکەمیان ئەرێنییە و ئەوی دیکەیان پێچەوانەیە. یەکەمیان ئەوەیە کە نووسەرێک/شاعیرێک لە لۆکاڵی و نەناسراوییەوە دەکاتە جیهانی، کە ئەمە لایەنێکی ئەرێنی ئەم خەڵاتە و هەر خەڵاتێکی دیکەیە، کە دەنگی نەناسراو و فەرامۆشکراو بدۆزێتەوە و تیشک بخاتە سەریان. دووەم خاڵ ئەوەیە کە ساڵانێکی زۆرە کۆمەڵێک نووسەر و داهێنەر، کە پێشبینی دەکرێت ئەم خەڵاتە وەربگرن تا ئێستا، یان لە لیستەکەدا نین، یان لە لیستەکەدان و نەبوونەتە خاوەنی خەڵاتەکە، کە ئەمەش لایەنی نەرێنی لیژنەی ئەم خەڵاتە دەردەخات.
زۆرن ئەو نووسەرانەی کە لاموایە شایستەن (بێگومان ئەمە تەنها قسە و حەزی من نییە، بەڵکو بەرهەمەکانیان شایستەیە و زۆرێک لە نووسەران و ڕەخنەگران ئەمەیان دووپاتکردووەتەوە)، بەڵام ئەم خەڵاتەیان وەرنەگرتووە، ڕەنگە دیارترین ئەو ناوانە “نیکۆس کازانتزاکیس”ی یۆنانی بێت، کە ئەلبێر کامۆ کاتێک خەڵاتی نۆبڵ وەردەگرێت بە خێزانەکەی کازانتزاکیس دەڵێت “ئەو شایستەتر بووە لە من”. هەروەها خۆرخە لویس بۆرخیس-ی نووسەری ئەرجەنتینی، کە لە ڕیزی شایستەکاندابوو، هەروەها خابێر ماریاس-ی ئیسپانیایی کە ئۆرهان پاموک-ی وەرگری خەڵاتی نۆبڵ وەکو یەکێک لە نووسەرە شایستەکان ئەژماری دەکات بۆ خەڵاتی نۆبڵ. ئەدۆنیس شاعیری نووسەر و سووری، کە ساڵانێکی زۆر بەربژێر بووە و تا ئێستا نەبوەتە خاوەنی ئەو خەڵاتە. هەروەها سەلمان ڕووشدی؛ نووسەری هیندی-بەریتانی، کە دوای ئەوەی چاوێکی بووە قوربانی ئازادی نووسین، بەڵام هێشتا لەنێو بەربژێرەکاندا نەبوو.
یەکێک لەو نووسەرە دەگمەن و شایستانەی کە لاموایە غەدری لێ کراوە کە نۆبڵی پێ نەدرا، میلان کۆندێرا-ی نووسەری چیکی بوو، کۆندێرا چ وەکو ڕۆماننووس، چ وەکو کارکردن لە تیۆری ڕۆماندا، یەکێک لە بەئاگاترین ئەو نووسەرانەیە، کە زۆرێک لە نووسەران و خوێنەرانی ئەدەبیات بە شایستەی ئەو خەڵاتەی دەزانن، بەڵام چەند ساڵێک لەمەوبەر کۆچی دوایی کرد و نەبووە خاوەنی ئەو خەڵاتە. یەکێکی تر لەو کەسانەی زۆرێک لە خوێنەرانی بە شایستەی ئەو خەڵاتی دەزانن هاروکی مۆراکامی-یە، کە یەکێک لە ناودارترین نووسەرانی ژاپۆنە و بەرهەمەکانی لە هەموو جیهاندا دەخوێنرێتەوە و خاوەنی شێواز و تەکنیکی تایبەتی خۆیەتی، بەڵام تا هەنووکەش لەم خەڵاتە بێبەش کراوە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە بۆچوونم وەهایە (وەک لە وتارێکی دیکەشدا گوتوومە) هەندێک نووسەر خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی خوێنەرانن چەشنی “مۆراکامی، کازانتزاکیس، سەمان ڕووشدی، کۆندێرا و خابێر ماریاس و زۆر نووسەری دیکە. ئەم نووسەرانە و زۆری دیکە نەبوونەتە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ-ی ئەدەبیات لە سوید، بەڵام خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی خوێنەرانن و لە هەموو جێگەیەکی دونیا خوێنەران چاو و دڵ بۆ بەرهەمەکانیان دەکەنەوە.
ئەمساڵ خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات درایە شاعیر و نووسەر و وەرگێڕی کەنەدی “ئان کارسۆن”، لە لاپەڕەی تایبەتی خەڵاتی نۆبڵدا هاتووە ئەم خەڵاتە “بەهۆی ئەو کارە بوێر و داهێنەرانەی ئەم نووسەرە کردوویەتی، کە گفتوگۆیەکی بوێرانەیە لەگەڵ نەریتی کلاسیکدا، هاوکات هەوڵی دامەزراندنی فۆڕمی نوێی داوە بۆ ئەدەبیاتی هاوچەرخ.”
ئەکادیمیای سویدی لە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ بڕیارەکەی لە ستۆکهۆڵم ڕاگەیاند، خەڵاتەکەش لە ١٠ی کانوونی دووەم پێشکەش دەکرێت. خەڵاتەکە بە وەسێتنامەی ئەلفرێد نۆبڵ دامەزراوە و ڕێز لە کارە ئەدەبییە ناوازەکان دەگرێت.
ئان کارسۆن لە ساڵی ١٩٥٠ لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا لەدایکبووە، لە کۆلێژی سانت مایکڵ لە زانکۆی تۆرۆنتۆ خوێندوویەتی و دووجار ئەوێی جێهێشتووە و ئارەزووی لە خوێندن نەبووە، بەڵام دواجار لە ساڵی ١٩٧٤ بڕوانامەی بەکالۆریۆس و لە ساڵی ١٩٧٥ بڕوانامەی ماستەر و لە ساڵی ١٩٨١ دکتۆرای بەدەستهێناوە، ساڵێک لە زانکۆی سانت ئەندرۆس لە سکۆتلەندا بەسەر بردووە. تێزی دکتۆراکەی لە ئەدەبیاتی کلاسیکدا وەرگرتووە. ئەم شاعیرە جگە لەوەی شیعری نووسیوە، بەڵام بە درێژایی ژیانی هونەری جگە لەوە لەگەڵ وەرگێڕان و وانەوتنەوە لە زانکۆ جیاوازەکاندا ئەزموونی ژیانی خۆی کردووە. ئەو لەو وەرگێڕە دەگمەنانەیە، کە بەشێک لە شاکارە یۆنانییەکانی وەرگێڕاوە، کە لەنێویاندا دەقەکانی ساڤۆی شاعیر و سۆفۆکلیس و یۆرپیدیس هەن، کە ئەمانە هەموو پێکەوە هێزیان بەخشوەتە پێگەی ئەم شاعیرە و پێگەکەیان بەرزتر کردووە لەنێو کارکردن لە زماندا، چونکە ئەو بە نهێنی و پەنهانییەکانی زمان گەیشتووە چ لەڕێی شیعرەوە بێت یان لەڕێگەی وەرگێڕانەوە.
کارسۆن، پێش وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ، چەندین خەڵاتی دیکەی بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی T.S. خەڵاتی ئێلیۆت لە ساڵی ٢٠٠١ بۆ فیلمی “جوانی هاوسەرێک” وەری گرتووە و بووە یەکەم ژن، کە ئەم خەڵاتە وەربگرێت. هەروەها خەڵاتی شیعری گریفین، کە دووجار بەدەستی هێناوە. هاوکات خەڵاتی شازادەی ئەستۆریاس بۆ ئەدەب لە ساڵی ٢٠٢٠، خەڵاتی PEN/Nabokov لە ساڵی ٢٠٢١. دواتریش زەمالەی گوگنهایم و ماکئارسەری وەرگرتووە.
لە دیارترین بەرهەمەکانیدا کارسۆن “ژیاننامەی سوور”، کە سەرچاوەکەی ئەفسانەیەکی یۆنانییە لەگەڵ گێڕانەوەی هاوچەرخ تێکەڵی کردووە. هەروەها “نۆرما جین بەیکەر لە ترۆی”، هەروەها وەرگێڕانی بەرهەمەکانی لە ئەدەبیاتی کلاسیکی یۆنانی، کە پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد.
ئەکادیمیای سویدی ڕایگەیاندووە، “زۆربەی بەرهەمە ئەدەبییەکانی کارسۆن لە ئاستێکی بەرزی زمانییدا پێشکەش دەکرێن. ئەو لە قوڕی وشەکان هەوڵی شاعیرانە دەدات بۆ دروستکردنی مانای نوێ لەنێو پانتاییەکانی زماندا”. ئەکادیمیاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەو خۆی سەرچاوەی وشەکانی بە خاڵی دەستپێکی هەموو کارەکانی دەزانی. وەرگێڕانەکانی لە زمانی یۆنانی کلاسیکەوە دەتوانرێت وەک بەرهەمی سەربەخۆ لە خۆیاندا سەیر بکرێت”.
خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی ئەمساڵ بە بەهای 12 ملیۆن کرۆنی سویدییە، کە یەکسانە بە نزیکەی ملیۆنێک و دوو سەد هەزار دۆلاری ئەمریکی. هاوکات بڕیارە کارسۆن لە میانی ڕێوڕەسمی نەریتی نۆبڵ لە ستۆکهۆڵم لە 10ی کانوونی دووەم، ساڵیادی کۆچی دوایی دامەزرێنەری خەڵاتەکە، ئەلفرێد نۆبڵ، ئەم خەڵاتە وەربگرێت.
ئەمساڵ نۆبڵ شاعیر و وەرگێڕێکی دەگمەنی نوێی پێناساندین، ئیدی لێرەوە دەبێت چاوەڕوانی وەرگێڕەکان بین، تا بەرهەمە ناودارەکانی بۆ زمانی کوردی وەربگێڕن، چونکە هێندەی ئاگادار بم، هیچی ئەوتۆ بە زمانی کوردی بەردەست نییە.

