ئارام کۆشکی – هەولێر
کۆمەڵگەی چالاک، هەمیشە لە جوڵەدایە و لە هەوڵی چالاککردنی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەدایە و خۆ ئەگەر چەند بەشێکی ناچالاک لەنێو پێکهاتەکەیدا بێت، ئەوا هێز و جوڵەش دەبەخشێتە ئەو بەشانە تا هەموو ڕوویەکی ئەو کۆمەڵگەیە چالاک بێت، بەڵام هەر کۆمەڵگەیەک ناچالاک بوو، ئەم ناچالاکییە بۆ هەموو سێکتەرەکانی دیکەش دەگوازێتەوە و خۆ ئەگەر بەشێک لەم کۆمەڵگەیە دەستبەرداری چالاکییەکەی نەبوو، ئەوا دەکەوێتە ژێر لێپرسینەوەوە، چونکە ترسی لەوە هەیە بەشە ناچالاکەکانی دیکەی کۆمەڵگەکەی چالاک بکات. بۆ ئەوەی ئەم پرسە ڕوونتر بکەمەوە چەند نموونەیەک دەهێنمەوە.
فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی؛ نووسەر ناوداری ڕووسی، بەرگرینامەیەکی نووسیوە و بەرگریی لە خۆی دەکات کاتێک لەسەردەمی لاویدا لە گرووپێکی خوێندنەوەدا ئەندام بووە و هەفتانە، یان چەند هەفتە جارێک لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی خوێنەر و نووسەری دیکەدا سەرقاڵی کتێبخوێندنەوە بوون. دەسەڵاتی ئەوکاتی تزار-ی ڕووسی بە خوێندنەوەی بەشێک لەو کتێبانە قەڵس دەبێت و خەمی ئەوەیەتی وشیارییەکی سیاسی، یان ڕۆشنبیریی دژی دەسەڵاتەکەی دروست بێت، بۆیە هەر زوو دەکەوێتە دژایەتیکردنیان و سەرەتاس بە لێپرسینەوە لە ئەندامانی ئەو گرووپە دەست پێ دەکات. یەکێک لەو کەسانەی بانگی دەکەن بۆ لێپرسینەوە، فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی دەبێت. لە لێپرسینەوەکەدا پرسیاری زۆر سەمەرەی لێ دەکرێت لەسەر خوێندنەوەی ئەو کتێبانەی خوێندوویانەتەوە و ئەو باسمانەی لەوێ وروژێنراون. هەتا باسی هەفتەیەک دەکەن، کە کتێبێکی سیاسی تێدا خوێندراوەتەوە، بەڵام دۆستۆیڤسکی ڕەتی دەکاتەوە، کە ئەو هەفتەیە لەوێ بووبێت و بەشداری ئەو دانیشتەی کردبێت.
لێپرسینەوە لە دۆستۆیڤسکی، جۆرێک لە لێپرسینەوەی سیاسی بوو، کە ترسی لە پشتەوە بوو، بەڵام ئایا کاتێک نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد دەکەونە لێپرسینەوە لە نووسەرێک/ ڕۆشنبیرێک لەسەر پڕبەرهەمی ئایا ئەمەیان چ ترسێکی لەپشتەوەیە؟
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە پەیجی سایتێکی کولتووریی بابەتێکی لێپرسینەوەئاسای سەبارەت بە نووسەرێکی کورد خستەڕوو، کە لێپرسینەوەی لەسەر ئەوە لێ کراوە، کە زۆری نووسیوە و ساڵانە چەند کتێبێکی بەچاپ گەیاندووە (بۆ نموونە چوار کتێب). نووسەر و ڕۆشنبیرانی ئەو سایتە کولتوورییە لەبری ئەوەی بێن و خەڵاتی ئەو نووسەرە بکەن، یان خەڵاتی هەر نووسەر و هونەرمەندێکی چالاک بکەن، کە پڕ بەرهەمە، هاتوون و لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکەن و لێی دەپرسن ئەمانەت چۆن نووسیوە؟ چۆن فریای نووسین و هەڵەچنی و بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمانە کەوتوویت؟
ئەگەر بە سەرنجی وردەوە لە کۆمەڵگەی ناچالاکەوە بگوێزینەوە بۆ سەر کولتووری ناچالاک دەبینین کولتووری ناچالاک بەرهەمی کۆمەڵگەی ناچالاکە. ئەگەر پێناسەشی بکەین ئەو کولتوورەیە، کە کاری ناوێت، بەڵکو قسەی دەوێت، دژی پڕبەرهەمی و چالاکییە. هەمیشە لە هەوڵی لێپرسینەوە و ئیرەیبردنە بە هەموو جوڵەیەکی داهێنەرانە و چالاکییەک، کە لە توانای ئەواندا نەبێت، یان درز بخاتە کاری ئەوانەوە. کولتووری ناچالاک بۆیە پڕ مەترسییە، چونکە دژی پێشکەوتنە، نایەوێت کەس لەپێش ئەوەوە بێت، بەڵکو دەیەوێت (ئەگەر پێشڕەوییەک هەبێت) خۆی بیکات و ئەوەشبە ئاراستەیەک و مەرامێکی تایبەتی دەیکات.
لە ساڵانی ڕابردوودا گەواهیدەری چەندین لێپرسینەوە بووم چ لە نووسەران و هونەرمەندان، یان لە ڕۆشنبیران و چالاکوانان و دەزگاکانی چاپ، کە چۆن فریای ئەو هەموو کار و بەرهەمە و چالاکییە دەکەون. من ئەو لێپرسینەوانەم، وەکو حاڵەتی ئاوارتە دەبینی، بەڵام ئێستا چالاکبوون لەم سەردەمی پاسیڤبوونەدا، بووتە جۆرێک لە ناباوی، بۆیە دژایەتی دەکرێت و پۆستی لەسەر دەکرێت و چالاکەکان لەبری ئەوەی خەڵات بکرێت و دەستگیرۆیی زیاتر بکرێن بۆ چالاکی زیاتر و بەرهەمی باشتر، کەچی دژایەتی دەکرێن.
ئەگەر سەرنجێکی گشتی بدەین، کۆی کۆمەڵگە کەسی چالاک وەکو کەسێکی نامۆ سەیر دەکات و لە هەوڵی ئەوەدایە ئەویش بهێنێتە ڕیزی خۆیەوە، بۆ ئەوەی ناچالاکی خۆی درزی تێنەکەوێت، چونکە هەر چالاکییەک درزێکە بۆ ڕۆحی ناچالاکی ئەو.

