رۆژنامەی ھەولێر

هونەرمەند “وشیار رواندزی” كۆچی دوایی كرد

كامەران حاجی ئەلیاس

 

هونەرمەندی مۆسیقار وشیار حاجی عوسمان ناسراو بە (وشیار رواندزی)، ساڵانێك بوو وەكو هونەرمەندێكی موزسیان لەگەڵ تیپی موزیكی پاشای گەورە كاری دەكرد، هەر لەگەڵ ئەم تیپە بەشداری چەندین فیستیڤاڵی هونەری لەسەر ئاستی كوردسان و عێراقدا كردبوو ئەو لە ژەنینی چەندین ئامێری موزیك دەستێكی باڵای هەبوو وەكو ئامێرەكانی ئۆرگ، ریتم، پیانۆ، دەڤ. بەداخەوە ئەم هونەرمەندە بە هۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەست دا.

سەرەتای كاری هونەری هونەرمەند وشیار رواندزی دەگەڕێتەوە بۆ شاری رواندز كاتێ لە ساڵی ١٩٧٧ دەبێتە ئەندامی تیپی موزیكی پاشای گەروە لە هەمان ساڵدا لەسەر دەستی هونەرمەندی گەورە مامۆستا “زرار محەمەد مستەفا ” بەشداری لە خولێكی فێربوونی موزیك دەكات، لەو ساتەوە تا رۆژی كۆچكردنی بەردەوام بوو لە كاری هونەری لەگەڵ چەندین تیپ و گروپی موزیكی كاری كردووە لەوانە تیپی مۆسیقای پاشای گەورە، تیپی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی رواندز، تیپی مۆسیقای لاجان، تیپی مۆسیقای ئاوات. هەر لە شاری سۆران چەندین خوولی موزیكی كردۆتەوە زۆرێك لە ژەنیارەكانی دەڤەری سۆران لە ژێر دەستی ئەو پێگەیشتوون.
هونەرمەند وشیار رواندزی بەشداری زۆرێك لەفیستیڤاڵە هونەرییەكان كردوە، لەسەر ئاستی كوردستان وعێراق بۆنموونە فیستیڤاڵی چالاكی قوتابخانەكان لە لە ساڵی 1979 لە شاری سەماوە لە خواری عێراق، فیستڤاڵی دەزگای رۆشنبیری و بڵاوكردنەوەی كوردی ساڵی 1982 لە شاری هەولێر و، فیستڤاڵی هونەری شاری دهۆك لە ساڵی 1985 لە دوای راپەڕینش لەساڵی 1991 بەشداری چەندین ئاهەنگی گەورەی كردووە بەتایبەتی لەگەڵ هونەرمەندان ( شڤان پەروەر و ناسری رەزازی لە شارەكانی رواندز، رانیە، سۆران، هەولێر؛ هەروەها لە شاری سۆراندا ستۆدیۆییەكی تۆماركردنی دەنگی هەبوو؛ چەندین ئاوازی بۆ گۆرانیبێژە لاوەكان داناوە؛ هەر لە ستۆدیەكەی خۆی چەند سرودێكی بۆ پێشمەرگە تۆمار كرد و بە دەنگی هونەرمەندە لاوەكانی دەڤەرەكە بڵاوی كردووەتەوە.
مخابن ئەم هونەرمەندە لە تەمەنی ٦٠ ساڵاندا بە هۆی نەخۆشی گیانی لە دەست دا؛ لەو كاتەی زۆر لە پرۆژەی هونەری لە هەگبەدا بوو رۆحی شاد بێت.