ئاری ئاغۆک
کاتێ شاعیر مەرگی ئازیزانی دەبینێ، تەنیا ژیانئاواییەکی سادە نیە، بەڵکو پارچەیەک لە یادگە و ڕابردووی خۆی و کەسی ئازیزی لەدەست دەدات، بۆیە مەرگی کەسە نزیکەکانی شاعیر، وێنەیەکی گەورەی نوستالیژی تەمەنی جێ دێڵی، لە هەموو کەسە ئازیزەکاندا ئەگەر کەسی کۆچکردوو (هاوسەر) بێ، بێگومان کاریگەرییەکی قوڵی خەمباری لێ بەدی دەکرێ.
بەداخەوە لە چەند ڕۆژی ڕابڕدوو هاوسەری شاعیری گەورەی گەلەکەمان مامۆستا (لەتیف هەڵمەت) بە هۆی نەخۆشییەوە ژیانئاوایی کرد، ئەوەی بینیمان خەمێکی ئێجگار قوڵ بوو بۆ مامۆستا لەتیف هەڵمەت، لەگەڵ ئەوەی لەکاتی ناشتن و بەخاکسپاردنی هاوسەری ئەوا پارچەیەک لە وەفاداری مامۆستا هەڵمەت مان بینی، ئەویش فرمێسک و گریان و کاردانەوەکانی لە روخساری بەدی کرا.
چونکە ئەوەی بینیمان و بیستمان ئەو چیرۆکە وەفادارانە بوو کە بە درێژایی ١٦ ساڵەی نەخۆشکەوتنی (سورەیا)خانی هاوسەرەکەی، جارێک بێزاری دەرنەبڕی و تادوایین هەناسە هەرخۆی خزمەتی دەکرد. هەروەک مامۆستا لەتیف هەڵمەت گوتی هەرخۆم خواردنم بۆ ئامادە دەکرد و شەکرە کەشم بۆی لە چایە دەکرد. بەر لە کفن کردن و پێش ئەوەی تەرمەکەی لەماڵ بەرەو مزگەوت بەڕێ بکەن، مامۆستا لەتیف هەڵمەت، داچەمیەوەو بۆ دوایین جار قاچەکانی هاوسەری ماچ کردو گوتی:
سورەیا چاوت هەڵبێنە
ئەگەر چاو هەڵنەبڕیت
دەتبەن بۆ گۆڕستان
نیشتیمانم ڕۆ،،،،،،
دواجاریش کە تەرمەکەیان ناشت و و سپاردەی خاک کرا، مامۆستا لەتیف هەڵمەت، لە گۆڕستان بەدەنگێکی بەرز و بە ریتمێکی شوکرا گوتی:
تۆ کوڕێکت نیە بۆت بگریت،
کچێکت نیە قژت بۆ بڕنێت،
خۆم بۆت ئەگریم،
خۆم شیوەنت بۆ ئەکەم.
ئەو چەند دێرە خۆی لە خۆی بریتییە لە قەسیدەیەکی وەفاداری، ڕۆمانێکی پڕ لە ژان و کەسەر. بۆیە بە گوتنی ئەم چەند دێرە و بە لەدایکبوونێکی خۆرسکانە و هاوارێکی شاعیرانە، گەورەیی و وەفاداری و هەڵوێستی مرۆیی و ئاینی و ئەدەبی لەو پیاوە سپی و پاکەی نیشتیمان بەدی کرا، بەکردار سەلماندی شاعیرێکی بە ئەمەک و پیاوێکی دڵسۆزە بۆ خێزانەکەی، ئەوەمان بۆ دووپات بۆوە کە شاعیری گەورە لەنێو هارمۆنیای مەرگ و ماتەمیش دا هەر دەخولقێنن.
ئەو دیمەن و هاوارە هەموومانی خەمبارکرد، بۆیە هەموومان شیوەن بۆ ئەو مەرگە دەکەین و پێت دەڵێین گەورە شاعیر، پیاوە نوورانی و بەوەفاکە، بەسە مەگری و چیتر چاوەکانت ماندوو مەکە، ئێمە لە تۆ زیاتر گریاین، زێتر خەمباربووین، ڕاستە منداڵ و نەوەت نیە، بەڵام ئەدی ئەو کتێب و شاکارە نەمرانەت پارچەیەک لە رۆح و جگەرت نین؟! نەک نەوەیەک تا ژیان ماوە ناو و مێژوو و وەفاداری و بەرهەمەکانت تایتلی (لەتیف هەڵمەت)ن و هەر بەزیندووی دەمێننەوە.

