رۆژنامەی ھەولێر

ئەو شیعرانەی بۆ هەمیشەیی لە دڵمدان

ئارام كۆشكی – سلێمانی

ناتوانم بڵێم چۆن شیعر هاتە دڵمەوە. بەڵام ساڵانێکی زۆرە دڵخوازترین ژانری نێو دڵمە. ئەمەش وایکردووە بە زوویی شیعر و قسەی ڕیزکراو لە یەکتریی جودا بکەمەوە. لەنێو ئەو هەزاران شیعری خوێندوومنەتەوە، گەلێک شیعر هەن بۆ هەمیشەیی لە دڵمدان، وەک بڵێی دڵنشینن و نایانەوێت هەرگیز بەجێی بهێڵن. لەنێو شیعردا هەم بۆ خۆم دەگەڕێم، هەم دەمەوێت تا دواسنووری ژیان و بوون بفڕم، شیعر هەمیشە باڵی نوێم پێ دەدات، هەمیشە ئاسۆی نوێم بۆ دەکاتەوە و ئەو ڕۆژانەی کە ڕۆژەکەم بە شیعر ئاوەدانە. ئارامترم و ئاسوودەیی هاونشینمە.

لەگەڵ خوێندنەوەی شیعریی کوردی، کە خۆشبەختانە میراسێکی دەوڵەمەندمان هەیە. عاشقی شیعری شاعیرانی جیهانیم و بەشی زۆریان لە ڕێی وەرگێڕانەوە دەخوێنمەوە، کە بەشێکیان وەک پێویست گرنگییان پێ نەدراوە و وەرگێڕانێ وشەیی و ئۆتۆماتیکیان بۆ کراوە، کە ئەمە خیانەتە لە شیعر و بەم چەشنە وەرنەگێڕدرێت باشترە، بەڵام هەندێکیان هێندە جوان کراون بە کوردی، خوێنەر عاشقی خۆیان دەکەن. زۆر کۆمەڵە شیعری وەرگێڕدراو هەیە، کە منیان عاشقی خۆیان کردووە، ئەوەی بەهۆی بەتوانایی وەرگێڕ و سەلیقەی وەرگێڕانەکەیەوەیە، چونکە ئەگەر وەرگێڕان هونەرێکی سەخت و تاقەتپڕووکێن بێت، ئەوا وەرگێڕانی شیعر دە هێندە سەخت و تاقەتپڕووکێنە، بەڵام نەک حەماڵ نییە، بەڵکو هیچ بەدیلێک نییە تا شیعر وەرنەگێڕدرێت.
ئێوارستان؛ ئەو کتێبە شیعرییەی “پێر لاگەرگیڤیست” کە خەبات عارف کردوویەتی بە کوردی، دروستر بڵێم کە شاعیرەکەی لەڕێی وەرگێڕەوە بە کوردی نووسیویەتی، چونکە وەرگێڕانەکەی هێندە خاوێن و جێگە متمانەیە، کە هەست بە هەموو تۆن و سەرزەمینە شیعرییەکە دەکەم. بۆیە لەبری ئەوەی تەنها جارێک بیخوێنمەوە، لەوەتەی دەرچووە ساڵانە دەیخوێنمەوە و بووەتە هاونشینی هەمیشەییم.
شیعرەکانی ئەم شاعیرە بەتەنها گەشت نین بۆ نێو شیعر و زمان و وێنە، بەڵکو گەشتن بۆ نێو خودی ژیان و بوون و ڕامان لەو شتانەی پێشتر بۆمان گرنگ نەبوون، یان ڕامان لەو پەیوەندیانەی کە نەدەبوو بگەنە جێگەیەک کە ببێتە خۆڵەمێش.

“تۆ دەستت لێ دام و
من بووم بە خۆڵەمێش،
منی خۆم، من خۆم بووم بە خۆڵەمێش، تۆ لەنێوت بردم.”

“پێر لاگەرگیڤیست”، لەو شاعیرانەیە هەرچەندە بیخوێنیتەوە هەمیشە هەست بە تازەیی شیعرەکانی دەکەیت، ئەمەش بەهۆی بەهێزی بونیادی فیکریی شیعرەکانەوەیە، کە چەشنی ڕامبۆ و بۆدلێر و پۆڵ ڤالێریی و ئیلیۆت و زۆر شاعیری تر، کە شیعرەکانیان بونیادێکی پتەویان هەیە، هەرئەمەشە دەبێتە شیعرگەلێک کە بۆ هەموو سەردەمێک نوێ بێت و لە نێو هەموو زمانێکیشدا توانای ژیانی هەبێت.

“چەند جوانە بژیت،
چەند جوانە باوەڕ بکەیت و
چەند جوانە گەردوونی بێپاسان.
قورسە پیر بیت و
لەنێو دەربەندەکاندا بژییت
ڕۆحی خۆیشت وەک بارێک هەڵبگریت.”

ئێوارستان؛ جگە لە هەڵبژاردەیەک لە شیعری ئەم شاعیرە سویدییە، هاوکات چەند وتار و شرۆڤەیەکیشی لەخۆگرتووە، کە ئاسۆی نوێ بۆ خوێنەر دەکەنەوە تا باشتر لە دونیای شیعرەکانی ئەم شاعیرە تێبگەین. شیعرەکانی “پێر لاگەرگیڤیست” لەو چەشنی ئەو شیعرانەن بۆ هەمیشەیی لە دڵمدان، چەشنی شیعری شاعیرە کلاسیکییەکانی وەکو نالی و مەحوی و سالم، چەشنی شیعری شاعیرە جیهانییەکانی وەکو ڕامبۆی و بۆدلێر و ڤالێری و ئیلیۆت و پاوەند و زۆری تر. هەر بۆیە هەر کاتێک حەز بۆ شیعری جیهانی بمجوڵێنێت ئەم شاعیرە لەڕیزی یەکەمینی ئەو شاعیرانە جارێکی تر بە ئێوارستانەکەیدا سەفەرێکی نوێ بکەم و بۆ جیهانێک لەنێوان وشە و فیکر و ئیستاتیکادا گەشە بکەم.
دەستخۆشی بۆ وەرگێڕی بەسەلیقە “خەبات عارف”، کە وەکو هەموو بەرهەمەکانی تر هەست بە سووتانی ڕۆحی دەکەم لەگەڵ وەرگێڕانی دێڕ بەدێڕی ئەم شیعرانەدا.