رۆژنامەی ھەولێر

“وێنـــــــــــــــە” لە ڕوانگەی میدیۆلۆژیا و سیمیۆتیکــــــــــــــــاوە

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: ئەوە كێیە لە بری “تۆ” دەژی؟ ئایا ئەو وێنە ڕازێنراوە، وێنەی ڕاستەقینەی خۆتە، یان پاڵەوانی خەونەكان و پێشبینی خەیاڵی كراوەی منداڵییە لە گۆشەیەكی هۆشتدا پایەدارە؟! هەڵبەتە ئەمڕۆ ئێمە ژیانی خۆمان ناژین، بەڵکو ڕۆڵێک لە شانۆگەرییەکی “کاتی ئەلکتڕۆنی” دەگێڕین، کە لە ڕێی شاشەكان و ڕۆشنبیریی بەکاربەرەوە نووسراوە؛ ئەمڕۆ چێژییان ئەندازەسازی کردووە، ترسەکانیان داڕشتۆتەوە و سنووری ئاواتەکانیان دیاری کردووە تا ئەوەی وەكـ بوونەوەرێک كە بە پەتە نەبینراوەکان بەستراوەتەوە و جوولە دەکات و كەچی خۆی پێ ئازادە، تەنها لەبەر ئەوەی بەندیخانەکە نابینێت!.
ئەگەر هەموو ئەو وێنە ڕازێنراوە و كۆپییكراوانە بسوتێنین… ئایا لە بنەڕەتدا هیچ بە ناوی “ئەسڵ” وجودی هەیە؟ یان بۆت دەردەکەوێت کە هەر بۆشاییەکی ڕه‌هایت؟ ئایا تۆ لە پێکهاتەی ئەم بوونەدا بیرۆکەیەکی ڕەسەنی، یان تەنها زێدە- بەرهەمێکی و ئەركی لۆگاریتمەكان بەجێ دەهێنی؟! واتە (بچووککردنەوە و ئاسانکردنی ژمارە و پەیوەندییە توانییە ئاڵۆزەکان بۆ کردارە بنەڕەتییەکان، داڕشتنەوەیان بە شێوەی پێوەری گونجاو، دەستنیشانکردنی تێکڕای گەشە و گۆڕانکارییە سروشتی و زانستییەکان.)
هەڵبەتە بڕوابوون بەوەی ژیان و گەردوون هیچ مانایەکی ڕەها، ئامانج یان بەهایەکی بنەڕەتی نییە، وەكـ لە تێڕوانینە ناسراوەكانی “ئارتور شۆپنهاوەر” دەردەكەوێت، كە پێیوایە بنەمای گەردوون “ئیرادە”یەکی کوێرانە و بێئامانج بەڕێوەی دەبات، هەمیشە جیهان بەرەو ئازارمان دەكاتەوە… یان وەكـ ” پیتەر وەسل زاپفە”ی فەیلەسوفی بوونگەرا، یاساناس و نووسەر و شاخەوانی نەرویجی و بێڕەحمترین بیرمەندی سەدەی بیستەم لە پێشەنگەکانی دژە-نەسلگەرایی ئەخلاقی، كە هەمیشە مرۆڤ وەک “هەڵەیەکی بایۆلۆجی” دەبینێ و پێیوایە باشترین و ئەخلاقیترین بڕیارێک کە مرۆڤایەتی بتوانێت بیدات، ڕاگرتنی ڕەگەزی خۆیەتی بە ویستی خۆی، تاوەکو کۆتایی بەو زنجیرە ئازار و بێماناییە بهێنرێت.
پوختەی بیرکردنەوەکانی زاپفە كە بشێ لەگەڵ ئەو وتارەدا بگونجێ، ئەوەیە كە پێیوایە هۆشیاریی مرۆڤ گەشەیەکی بێسنوری بەخۆیەوە بینیوە، کە لەگەڵ سروشت و تواناکانی گەردووندا ناگونجێت!. بەمجۆرە بەراوردی مرۆڤ بە جۆرە ئاسکێكی ئیرلەندی دەکات، کە قۆچەكانی هێندە گەورە دەبن، لە بری ئەوەی ببنە هۆی پاراستنی، بوونەتە ڕێگر بۆ جوولەی ژیان و جوولەی ناو دارستان و دابینکردنی وزەی پێویست… پیتەر زاپفە بارگرانی بوونی ئەو قۆچانە وەكـ (زێدە-هۆشیاریی) لە بەرامبەر تێفکرینی قووڵ، درککردن و ڕامان و گەڕان بەدوای مانا و سروشتدا… دەبینێ، کە ئەمڕۆ لە جیهانی بێباک و بێمانادا بووەتە بارێکی دەروونیی هێندە قورس کە مرۆڤ پێی هەڵناگیرێت، یان كاتی بۆ هەڵگرتنی نییە؛ نەكـ هەر هێندەش بەڵكو هۆی مەرگەسات و ئازاری بەردەوامی مرۆڤایەتییە.
پیتەر زاپفە پێیوایە زێدە-هۆشیاریی: (ئایین، ئایدیۆلۆژیا، نەتەوە، خێزان…) بۆ ئەوەیە لە جیهانێکدا كە هیچی لەم شتانە بۆ هەستكردن بە ئاسایش و مانا تێدا نییە، جیهانێكـ دروست دەكات. بەڵام لەبری ئەوەی ئەو جیهانە بێتە هۆی پاراستنی ئاساییش و حەز و خولیا و خەونەكانی مرۆڤ، وەكـ قۆچەكانی ئاسكە ئیرلەندییەكە تەواوی جوولەی ژیان و ئازادی ئابڵوقە دەدات… بە هەمان شێوەش زێدە-هۆشیاریی “تەكنەلۆژیای دیجیتاڵی” گەڕانەوە بۆ فكر و واقیع، بە گەڕانەوە بۆ دواوە و كۆنەپەرستیی- دەبینێ!. بۆیە بە هەمان میكانیزم زێدە-هۆشیاری (شاشە) دووبارە زیندانێكی ڕازاوەی ڕووتی هونەری لە خێرایی و فرە-زانیاری و فرە-چێژ بۆ مانا قووڵ و خەون و خەیاڵە مرۆییەكان لە (وێنەیەكی كۆپیكراودا) دروست دەكاتەوە، زیندانێكـی كۆپییكراوی دیجیتاڵی، زیندانێكـی میتا- واقیعی، زیندانی زێدە- هۆشیاری شاشە!. ئەمڕۆ دنیای تەكنەلۆژیا، بە دنیای زێدە- دیجیتاڵییەكانەوە دەنازێت، وەكـ نوسخەی دیكەی زیندانەكانی پێشوو.
(1)
کاتی ئەلکتڕۆنی، لە زیندانی زێدە- هۆشیاری شاشەدا چییە؟ هەڵبەتە ئەو کاتەیە کە خێراییی زانیاری و زێدە-زانیاری و ڕووداوەکان لە کاتێکی یەکساندا بە هەمووان دەگەیەنێت. مەبەست لەوەیە كە (ڕابردوو/ئێستا/داهاتوو) تێکەڵ بەیەكـ دەبن… ئەو بیرۆکەیەش نزیکە لە جیهانی سیمولاکرا (simulation) کە تێیدا ڕاستی و وێنە تێکەڵ دەبن. كەواتە ئەگەر پۆست‌مۆدێرنە شکاندنی مانای یەکگرتوو بێت، ئەوە کاتی ئەلکتڕۆنی لە شکاندنی (کات و ناوەند)دا خۆی دەبینێتەوە، واتە هەڵوەشاندنەوەی بونیادی هێڵیی کاتی. هەڵبەتە لە سەردەمی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا، شکاندنی کات و ناوەند لە چەمکێکی تیۆریی شانۆیی و فەلسەفییەوە بەرەو واقیعی ڕۆژانەی دیجیتاڵی گوازراوەتەوە. چونكە تەكنەلۆژیای دیجیتاڵی سەرلەبەری ئەو سنوورانەی سڕییەوە کە پێشتر ڕەهەندەکانی ڕووبەر و کاتیان ڕێکدەخستەوە. تەكنەلۆژیای دیجیتاڵی واقیعی ژیانی کردۆتە جۆرێک لە “شانۆگەریی وێنەیی بەردەوام” کە تێیدا چەمکە کلاسیکییەکانی وەک سەرەتای ڕووداو، ئامادەییی جەستەیی و سنوری ناوچەیی هیچ ڕۆلێكی تێیدا وازی ناكەن.
ئیتر لە كۆمەڵگای دیجیتاڵیدا خێرایی، زێدە-پەستێنراو، تێکەڵ بە بوونی ڕاستی و میدیایی دەبێت؛ بەمجۆرە ڕۆژانە دەكەوینە لادانی بێسنووری شوێن و کات… چونكە نە هیچ مانایەكی جێگیر هەیە، نە مانا دەگوازرێتەوە، نە ڕاستییەكـ لە ئارادایە، جگە لە دروست كردنی «مانای فلاش»، دروست كردنی مانایەکی بەپەلە، دەستبەجێ و چرکەیی بۆ مێشکی وەرگر- بەكاربەر… بەو مانایە دەتوانین بڵێین کاتی ئەلکتڕۆنی گواستنەوەی مانایە لە جێگیربوونەوە بۆ ئاستی سفر-مانا، یان بۆشایی!. چیتر مانا وەک هۆشیاری سەیر ناکرێت، بەڵکو دەبێتە پرۆسەیەکی بەردەوامی كۆپیكراو، دەبێتە گواستنەوەی بێکۆتایی لەنێوان (نمایش/دیمەن) و (وەرگری بەكاربەر)دا.
(2)
چەمکی میدیۆلۆژیا (Médiologie) یان (ناوەندناسی) قسەكردنە لە بوارێکی فکری و ڕەخنەییی کە لەلایەن فەیلەسوف و بیرمەندی فەرەنسی (ڕێجیس دۆبرێ) لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا داڕێژراوە و لە كتێبی (حياة الصورة وموتها، تأليف ريجيس دوبري، ترجمة فريد الزاهي- ط ١٩٩٢، عن مؤسسة هنداوي) خراوەتەڕوو؛ لەوێدا دۆبرێ جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ بیرۆکەیەک—چ ئایینی بێت یان سیاسی… بەبێ هەبوونی دامەزراوەكان- تەکنەلۆژیا و ئامرازی ماددییەوە کە پێی دەڵێن (میدیۆم) ناتوانێت لە مێژوودا بە تەواوی قسەی لێبكرێ و بێتە دی.
ئاماژەكردن بە چەمكی “وێنە” لەو كتێبەدا تەنها ڕستەسازی نییە، بەڵکو چەمکێكی سەرەکی و بابەتی لێکۆڵینەوەیە کە دەکەوێتە بەر نەشتەرگەریی فکرییەوە؛ کتێبی “حیاة الصورة وموتها” یەکێکە لە بەرهەمە گرنگەکانی بواری دیراساتی وێنە و ڕاگەیاندن، کە تێیدا مێژووی بینین و گەشەسەندنی وێنە لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا شی دەکاتەوە. لەو كتێبەدا سێ سەردەمە سەرەکییەکەی وێنە دەناسێنێت. یەكەم، سەردەمی دەست و نەخشکاری كە تێیدا وێنە وەک “هێمای پیرۆزی”ی ئایینی سەیر دەکرێت، چونكە خۆی خاوەنی ڕۆح یان هێزێکی ڕۆحییە و بۆ پەرستش یان ڕێوڕەسمە ئایینییەکان… وەک پەیکەری خوداوەندەکان یان ئایکۆنە ئایینییەکان. دووەم، سەردەمی هونەری- چاپخانە، وێنەكێشان- گواستنەوەی هێمای پیرۆزییە بۆ “هونەری” یان شێوازێک کە هەوڵ دەدات واقیع یان ڕۆحی ڕەسەنی شتەکان وەک خۆیان بە تەواوکراو دروست بکاتەوە/ بژێنێتەوە، و دواتر فۆتۆگراف؛ بەمجۆرە وێنەی لە ڕەهەندە ئایینییەکەی دەكرێتەوە و وەكـ شێوازێكی هونەری تەماشا دەكرێت؛ بەو مانایەش ڕازاندنەوە و جوانی، داهێنانی هونەرمەند و نوێنەرایەتیکردنی واقیع، دەبێتە پێوەر و وێنە دەبێتە شتێک بۆ سەیرکردن و هەڵسەنگاندنی جوانکاری. سێیەم، سەردەمی بینراو- تەلەڤزیۆن، شاشە و میدیا دیجیتاڵییەکان- كە لێرەدا بە (زێدە- هۆشیاری شاشە) ناومان بردووە.
لە سەردەمی بینراو یان لە زێدە- هۆشیاری شاشەدا وێنە لە هونەرەوە بۆ «پەیام» دەگۆڕێت یان بۆ زانیاریی زێدە-خێرا. بەو مانایەش وێنە لە ڕێگای پەیام و زانیارییەكانەوە واقیعێكی دیكە دروست دەکاتەوە نەک تەنها کۆپی بکات. سەردەمی بینراو (زێدە- هۆشیاری شاشە) هەمیشە جەخت لەسەر کاتییبوون، لەخۆوەبوون و چێژ و سەرنجڕاکێشانی بینەری بەكاربەر دەکاتەوە.
ڕێجیس دۆبرێ لە كتێبەكەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە وێنە لە سەردەمی شاشەدا بەهای ئایینی و هونەریی خۆی لەدەست دەدات؛ چونكە وێنە زیاد لە پێویست دەبێتە کاڵایەک بۆ مەسرەفکردن، بەمەش جۆرێک لە «مردنی وێنە» ڕادەگەیەنێت، واتە سەردەمی شاشە بە قۆناغی «مەرگی وێنە» دادەنێت، چونکە کاتێک هەموو شتێک دەبێتە وێنە، وێنە مانای قووڵی خۆی لەدەست دەدات. بەڵام بیرکردنەوەی ژان بۆدریار بۆ وێنە، بەو مانایە دێت كە وێنە نەكـ هەر دەبێتە کاڵایەک بۆ مەسرەفکردن، بەڵكو چیتر نوێنەرایەتی ڕاستی ناکات، بەڵکو دەبێتە جێگرەوەیەكی ساختەی ڕاستی.
(3)
ژان بۆدریار ڕەخنەی توند لە کۆمەڵگای پۆستمۆدێرنە و ڕاگەیاندن و كۆمەڵگای بەکاربەر دەگرێت… لە کتێبی (ژان بۆدریار- وەرگێڕانی، هاوارمحەمەد، ڕەزوان حەسەن- لە بڵاوكراوەكانی دەزگای ئایدیا بۆ فكرو لیكۆڵینەوە- 2019.) و نووسینەکانی دیكەیدا زیاتر دەربارەی کۆمەڵگای بەکاربەر، سیاسەتی فریودان، لەبەرگرتنەوە، زێدە-واقیعی دەنووسێت. ئەو پێیوایە لە تێگەیشتنی کلاسیکدا، وێنە «نوێنەرایەتی» شتێکی ڕاستەقینەی دەكرد، تابلۆیەک، وێنەیەکی فۆتۆگرافی، فیلمێک…بەڵام ئەمڕۆ وێنە چیتر ڕەنگدانەوەی ڕاستی نییە!. بەڵکو «واقیعێکی جێگرەوە» دروست دەکات، ئەو واقیعە جێگرەوەیە وادەردەکەوێت کە «لە واقیعی ڕاستەقینە، واقیعیترە».
كەواتە لەمڕۆی تەكنەلۆژیای دیجیتاڵیدا وێنە بە زمانێک «دەدوێت» کە دیزاین کراوە بۆ چێژ و کاریگەری دروستکردن، نەک تەنها بۆ گەیاندنی زانیاری، بەو مانایەش وێنە ئامێرێکی بەرهەمهێنانی واتایە بۆ واقیعێکی وەهمی، کە لەنێو میدیا و بەکاربەرێتییدا، لەنێو (زێدە- هۆشیاری شاشە)دا کاردەکات و جارێكی دیكە هۆشیاری مرۆڤ بەبێ ئەوەی هەستی پێبکات، دایدەڕێژێتەوە… واتە وێنە تەنها ئامرازێکی سیاسیی درۆزن نییە، بەڵکو ئامرازێکی فەلسەفییە کە واقیعی بەتەواوی سڕیوەتەوە، بەتەواوی خۆی لە « واقیع» دابڕیوە و بووەتە جێگرەوەی واقیع، نەك هەر هێندەش بەڵكو بووەتە جێگرەوەی واقیعێکی دەستکرد، کە لە خودی واقیع سەرنجڕاکێشتر و «واقیعیتر» دەبینرێت، وەک ڕووداوە میدیایییەکان و جیهانی دیجیتاڵ. كەواتە لە سەردەمی تەكنەلۆژیای دیجیتاڵی و كۆمەڵگای بەكاربەردا واقیع کوژراوە و نەماوە؛ تەنها میتا-واقیع بوونی هەیە.
(4)
پەیامی مێژوویی و فەلسەفیی کتێبی “حیاة الصورة وموتها”ی ڕێجیس دۆبرێ، ڕەخنەکردنی ئەو وەهمەیە کە پێیوایە «وێنە» دیاردەیەکی جێگیر و بێ ‌تەمەنە. بەڵام لای دۆبرێ ئامرازی بەرهەمهێنانی وێنە (تەکنەلۆژیا) تەمەنی هەیە و دەگۆڕێت، وەكـ چۆن خودی تێگەیشتنمان بۆ “وێنە”ش تەمەنی هەیە و کۆن دەبێت. ڕێجیس دۆبرێ دەیەوێت بسەلمێنێت کە وێنە خاوەنی مێژوو، جەستە، و سووڕی ژیانە (لەدایکبوون، گەشەکردن و مردن)، كەواتە شێوازی سەیرکردنی ئێمە بۆ وێنە ڕاستەوخۆ بە ئامرازە تەکنەلۆژییەکان و ڕێژەی گواستنەوەیان لە کۆمەڵگاوە بەندە.
بەڵام ئەگەر بەراوردی تێزی ڕێجیس دۆبرێ لەسەر «مەرگی وێنە» لەگەڵ تێزی ژان بۆدریار لەسەر «مەرگی واقیع» بكەین، وەكـ بەراوردکردنی دوو ڕوانگەی ڕەخنەیی بەرامبەر پەیامی زێدە-ڕۆشنبیریی شاشەی هاوچەرخ دەردەكەون؛ واتە سەرەڕای ئەوەی هەردووکیان درکیان بە قەیرانێک لە جیهانی وێنەدا كردووە، بەڵام ئاراستەی تێڕوانینان لە میتۆدۆلۆژیا و ئەنجامگیریدا جیاواز دەكەوێتەوە.
ئەگەر لای ڕێجیس دۆبرێ پەیامی وێنە، سەنگ و مانای فکری و ئایینیی خۆی لەدەست دابێت! لای بۆدریار ئەوە واقیعە لەژێر هەڕەشەی پەیامی وێنەی سیمیولکراودا ون دەبێت و ڕەش دەچێتەوە. بەو مانایەش میتۆدی شیکردنەوە دۆبرێ میدیۆلۆژیایە، واتە مێژووی تەکنەلۆژیا و ئامرازەکانی گواستنەوەیە. بەڵام لای بۆدریار سیمیۆتیکی و پۆستمۆدێرنەیە، واتە میتۆدی نیشانەناسی و کۆمەڵناسییە.
دواجار لای ڕێجیس دۆبرێ وێنە بووەتە زانیارییەکی خێرا و کاڵایەک بۆ بەکاربردن. بەڵام لای ژان بۆدریار وێنە چووەتە سەرووی-واقیع و ڕێگا نادات دەستمان بە واقیعی ڕاستەقینە بگات. دۆبرێ دەڵێت، وێنە هێندە زۆر بووە هەیبەتی خۆی دۆڕاندووە. بەڵام بۆدریار دەڵێت، وێنە هێندە بەهێز بووە واقیعی کوشتووە. كەواتە ئەوە كێیە دەژی: مێژووی بینین و گەشەسەندنی خەونەكان، یان وێنەی پڕ لە زانیاری و ڕەشبردنەوەی ڕاستی؟!

هەولێر 22/8/2026