بژار حەکیم
وێنە لە چوارچێوەی گوتاردا
گوتاری وێنەیی یەکێکە لە ئامرازەکانی پەیوەندیکردن، کە تێیدا وێنە تەنها وەک نمایش یان جوانکاریی دەق کار ناکات، بەڵکوو خۆی وەک دەقێکی سەربەخۆ و پڕ لە ماناو پەیام ڕادەگەیێنێت. لە سەردەمێکدا کە تەکنۆلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ژیانمان ئاراستە دەکەن، ئیتر گوتاری وێنەیی بووەتە زمانێکی جیهانی کە سنوورەکانی تێکستی تێپەڕاندووە و ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر وەرگر دادەنێت. وێنەکان هەڵگری کۆد و هێمای ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتین، کە بەخێرایی دەگەنە بینەر و دەتوانن بەبێ بەکارهێنانی هیچ وشەیەک، پەیامی ئاڵۆزی سیاسی، ئایدۆلۆژی، یان بازرگانی بگەیێنن. توانای گوتاری وێنەیی لەوەدا دەردەکەوێت کە ڕاستەوخۆ کار لەسەر هەستی بینەر دەکات، پێش ئەوەی مێشک دەرفەتی شیکردنەوەی لۆژیکی پێ بدات. ڕەنگەکان، گۆشەی وێنەگرتن، ڕۆشنایی و پێکهاتەی گشتیی وێنەکە، هەموویان بەشێک لەو زمانە شاراوەیە پێکدەهێنن، کە پەیامێکی دیاریکراو ئاڕاستەی وەرگر دەکەن. بۆ نموونە، وێنەیەکی فۆتۆگرافی لە ناوچەیەکی جەنگدا تەنها ڕووداوێک تۆمار ناکات، بەڵکوو گوتارێک دروست دەکات لەبارەی ئازار و نادادپەروەری، کە دەکرێت ڕای گشتی جیهانی پێ بورووژێنێت. ئەم هێزەی وێنە وایکردووە کە میدیا و کۆمپانیا گەورەکان وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ ئاڕاستەکردنی هزری خەڵک بەکاری بهێنن. لەلایەکی دیکەوە، تێگەیشتن لە گوتاری وێنەیی پێویستی بە جۆرێک لە کولتوری تێگەیشتن لە وێنە هەیە، چونکە وێنەکان هەمیشە بێلایەن نین و ڕەنگدانەوەی ئایدۆلۆژیا و دیدگەی ئەو کەس یان لایەنەن، کە وێنەکەیان بەرهەم هێناوە. چەمکی شاراوە لەپشت هەر وێنەیەکەوە هەیە، کە دەبێت دەرهێنرێت و شیکردنەوەی بۆ بکرێت تاوەکو ڕاستییە شاراوەکانی پشت چوارچێوەی فۆتۆگرافەکە دەربکەون. ئەوەی لە چوارچێوەی وێنەکەدا دەبینرێت بە هەمان ئەندازەی ئەوەی کە شاردراوەتەوە یان دەرکراوە گرنگە، چونکە هەڵبژاردنی گۆشەیەک و پشتگوێخستنی گۆشەیەکی دیکە، خۆی لە خۆیدا گوتارێکی ئایدۆلۆژییە. لە کۆتاییدا گوتاری وێنەیی تەنها بەرهەمهێنانی وێنەی جوان و سەرنجڕاکێش نییە، بەڵکوو پڕۆسەیەکی ئاڵۆزی مانا بەخشین و دروستکردنی واقیعە. لە سەردەمی پاش ڕاستیدا، کە سنووری نێوان ڕاستی و ناڕاستی تێکچووە، گوتاری وێنەیی ڕۆڵێکی دەسەڵاتدارانە دەگێڕێت لە داڕشتنەوەی هۆشیاریی گشتیدا، چونکە تێگەیشتنی ورد لە گوتاری وێنەیی دەبێتە تاکە ڕێگە بۆ ئاشکراکردنی ئەو مانا شاراوانەی کە لەپشتی وێنەکانەوە شاردراونەتەوە. گوتاری وێنەیی لە سەدەی ڕابردووەوە بووە یەکێک لە بابەتە جەوهەرییەکانی بواری فەلسەفە، سیمیۆتیک (نیشانەشناسی)، و تیۆری میدیا. بیرمەند و نووسەرە دیارەکان بە بۆچوونی جیاوازەوە لێکۆڵینەوەیان لە سەرچاوەی هێز و مانا لە وێنەدا کردووە.
ڕۆلان بارت و مانا شاراوەکانی وێنە (فەلسەفەی فۆتۆگرافی)
نووسەر و بیرمەندی فەرەنسایی (ڕۆلان بارت ١٩١٥-١٩٨٠)، ساڵی 1964 گوتارێكی بڵاوكردهوه و ئهوهی خسته ڕوو، کە” وێنە به شێوهیهكی میكانیكی دهگیرێت، نهك به شێوهیهكی مرۆیی”. بارت پێی وابوو وێنە هەرگیز سادە یان سەربەخۆ نییە. بەڵکوو لە دوو ئاستی ماناییدا کار دەکات، ئەوانیش بریتین لە مانای ئاشکرا ئەوەی ڕاستەوخۆ لە وێنەکەدا دەبینرێت و لەگەڵ مانای شاراوە، بەو مانایەی کە ئایدۆلۆژیا لە پشت وێنەدا هەیە، هەروەها ڕۆلان بارت دهربارهی فۆتۆگرافی و دەڵێ فۆتۆگرافی پهیامێكه بهبێ كۆد.
ژان بۆدریار و وێنە ( واقیع و ناواقیع)
کۆمەڵناس و فەیلەسووفی فەرەنسایی( ژان بۆدریار ١٩٢٩-٢٠٠٧)،
لە کتێبی (Simulacres et Simulation/ المصطنع والاصطناع/ نواندن و وانواندن)ـدا ئاماژە بەوە دەکات، کە وێنە ڕەنگدانەوەی واقیع نییە، بەڵکوو شوێنی واقیعی گرتووەتەوە. واتە وێنەیەک کە هیچ پەیوەندییەکی بە ڕاستییەوە نەماوە و تەنها شوێنکەوتەی وێنەیەکی دیکەیە. ژان بۆدریار ئاماژەی بەوە کردووە کە، وێنە لە ناوەرۆکدا مانای خۆی وەردەگرێت، چونکە وێنە نوێنەرایەتیی واقیع ناکات، بەڵکوو دەبێتە جێگرەوەی واقیع. وێنە لەلای بۆدریار بێبەری یان بێلایەن نییە، بەڵکوو هەڵگری پەیامی ئایدۆلۆژیی شاراوەیە، لەبەر ئەوەی وێنە لە چوارچێوەی ڕاگەیاندن و سیاسەتدا بەکار دەهێنرێت و لە شوێنی تێکست قسە دەکات. ژان بۆدریار دژی ئەوە بوو کە گوتاری وێنەیی ئامرازێک بێت بۆ گواستنەوەی واقیع، بە پێچەوانەوە ئەو وێنەی وەک ئامێری بەرهەمهێنانی مانا بۆ واقیعێکی وەهمی دەبینی، کە لەناو بازنەی دەسەڵاتی ڕاگەیاندندا دەجووڵێتەوە و دووبارە هۆشیاریی مرۆڤ ئاراستەدەکات. بە بۆچوونی بۆدریار واقیعی ڕاستەقینە و دروستکراو لەیەک جیا ناکرێنەوە، تەنانەت زۆرجاریش وێنە دروستکراوەکە لە واقیعی وێنە ڕاستەقینەکە سەرنجڕاکێشتر و جێگەی بڕواترە.
جۆن بێرگەر و کەرستەی بینینی وێنە
نووسەر و ڕەخنەگری ئینگلیزی و خاوەنی خەڵاتی بووکەری ساڵی ١٩٧٢ (جۆن پیتەر بێرگەر ١٩٢٦ـ٢٠١٧)، لە کتێبی ڕێگەکانی بینین (Ways of Seeing)، کە بە یەکێک لە کتێبە گرنگەکان دادەنرێت بۆ شیکردنەوەی گوتاری وێنەیی. بێرگەر پێیوایە شێوازی بینینی ئێمە سروشتی نییە، بەڵکوو بەهۆی کولتوور و ئایدۆلۆژیاوە داڕێژراوە. جۆن بێرگەر ئاماژە بەوەش دەکات، کە فۆرمی بینینی وێنە بە پێی چینە کۆمەڵایەتییەکان و پێگەکان دەستکاری دەکرێت، جۆن بێرگەر ڕوونیدەکاتەوە، کە چۆن لە مێژووی هونەردا هەمیشە ئافرەتان وەک کەرستەی بینین سەیرکراون و پیاوانی نیگارکێش وەک بینەر سەیریان کردوون، ئەمەش پەیامی گوتاری بەهێزی لە پشتەوە بووە.
وێنە لە بازنەی ڕیکلامدا (وێنەی بانگەشەیی)
ڕیکلام بینەر و وەرگر ڕازی ناکات بەوەی کە هەیەتی، بەڵکوو هەستی قایل بوونی بۆ دروست دەکات، تاوەکو کاڵایەکی نوێ بکڕێت، چونکە ڕیکلام وێنەی هەقیقی دەشێوێنێت و لە شوێنی ئەودا وێنەیەکی جوانی ساختە دروست دەکات بەڵام ئەو وێنەیە دەستکاری گوتار و ئامانجەکەی کراوە بۆ ئەوەی وەرگر وکڕیار هەڵبخەڵەتێنێت، لێرەدا دەستکاریکردنی وێنە دەبێتە کاڵایەکی بازرگانی نەک هەقیقەت.
هێز و مانای وێنە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا:
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت ئینستاگرام و سناپچات، گوتاری وێنەیییان لە بنەڕەتەوە گۆڕیوە، ئەم پلاتفۆرمانە تیۆرییەکانی جۆن بێرگەریان پشتڕاست کردووەتەوە لەبارەی ڕێگەکانی بینین، چونکە دەستکاریکردنی وێنە ئەگەر لە ڕاگەیاندندا پەیامی ئایدۆلۆژیی و لە ڕێکلامدا ئامانجی ئابووریی هەبێت، ئەوا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا دەستکاریکردنی وێنە و بەکارهێنانی فلتەر، ئامانجی شێواندنی ژیانی کەسی هەیە، لەبەر ئەوەی گۆڕینی وێنە لەڕێگەی فلتەرەوە لەلای ئافرەتان، جگە لە گۆڕینی وێنە گۆڕینی کەسایەتی و ژیانیانە، واتە لێرەدا هێز و مانای وێنە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا واتە گۆڕینی هێزی مرۆڤ لە واقیعەوە بۆ ناسنامەیەکی ساختەی دیجیتاڵی.
گوتاری وێنەیی لە هونەرەوە بۆ ئایدۆلۆژیا:
بەشێک لە ڕەخنەگران باوەڕیان وابوو کە تیۆرییەکەی جۆن بێرگەر لەبارەی وێنەوە جێی خۆی گرتووە، ئەگەرچی زێدەڕۆیی تێدایە و لە ڕۆڵی هونەری وێنە و وێنەکێشانی کەمکردووەتەوە، چونکە ئەوانەی ڕەخنەیان لە بێرگەر گرتووە ئاماژە بەوەدەکەن، کە بێرگەر لە بەهای هونەری کەمکردووەتەوە و دایبەزاندووە بۆ ڕەهەندەکانی ئایدۆلۆژیا کە بە ئامانج لە پشت هونەر و وێنەوە کاری کردووە.
هەقیقەتی هێزی وێنە:
گوتاری وێنەیی لە دنیای هاوچەرخدا یەکێکە لە کاریگەرترین ئامرازەکانی ئاڕاستەکردنی ڕای گشتی، لەبەر ئەوەی بایەخی سەرەکیی وێنە تێپەڕاندنی سنووری زمانە و کاریگەریی هەیە لەسەر وەرگر و بینەر. وێنە بەخێراییەکی زۆر لەلایەن مێشکەوە وەردەگیرێت، ڕاستەوخۆ کار لەسەر هەست و سۆز و هەڵوێستی وەرگر دەکات، هەروەها وێنە تەنها تۆماری ڕووداوەکان نییە، بەڵکوو لەڕێگەی گۆشەی بینین، ڕەنگ، و فلتەرەوە، واقیعێکی دیاریکراو دادەڕێژنەوە و خزمەتی ئایدۆلۆژیا، میدیا، یان سیستەمە ئابوورییەکان کات. لە سەردەمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گوتاری وێنەیی بووەتە ئامرازی سەرەکی بۆ دروستکردنی کولتوری خۆنمایشکردن و ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک.
دەستکاریکردنی وێنە و بەکاڵابوونی جەستە:
لە کۆتایی ئەم باسەدا ئاماژە بەوەدەکەم و بۆچوونی خۆم بەڕوونی دەردەبڕم، کە گواستنەوەی وێنە لە ڕاگەیاندندا گواستنەوەی هەقیقەتی ڕووداوەکانە و دەستکاریکردن و بە ئامانج نمایشکردنی وێنە کارێکە خوێنەر و بینەر هەڵدەخەڵەتێنێت، شێواندنی وێنەی هەقیقیش لە رێکلامدا بە ئامانجگرتنی ناخ و دەروونی خەڵکە بۆ بەرژەوەندی بەدەستهێنانی قازانجی ماددی و دەستکاریکردنی وێنە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا لەلایەن بەکارهێنەرانەوە، ساختەکردنی ڕوخسار و ناخی بەکارهێنەرە بێئەوەی بزانێت چۆن لە مرۆڤێکی هەقیقیەوە گۆڕاوە بۆ مرۆڤێکی دیجیتاڵی، چونکە بەکارهێنانی فلتەر بۆ گۆڕینی ڕوخسار بەشێک نییە لە پڕۆسەی جوانکاری، بەڵکوو پرۆسەی گۆڕینی مرۆڤە لە قۆناغی بیرکەرەوە بۆ قۆناغی بوونبەکاڵا.

