ئارام كۆشكی – سلێمانی
هەر کاتێک پێشانگەیەکی کتێب دەکرێتەوە، هەست بە درەوشانەوەی زمانی کوردی و گەشانەوەی ڕۆشنبیریی کوردی دەکەم. ئەگەرچی زۆرجار پێشوازی خوێنەران و نووسەران لەم جۆرە چالاکییانە وەکو پێویست نەبێت، یان دڵگەرمیی زۆریان بۆی نەبێت، بەڵام هەمیشە کردنەوەی ئەم جۆرە پێشانگەیانە دەروازەیەکی نوێن بۆ جیهانێک کە بیرمان دەخەنەوە بەهای وشە و کتێب، وەکو سەرچاوەی ڕەسەنی مەعریفە هێشتا لە شوێنی خۆیاندایە و هیچ شتێک ناتوانێت جێگەیان پێ لێژ بکات و جێگرەوەیان نییە.
رۆژی 13 ئەم مانگە یەکەمین پێشانگەی کتێبی کوردی لەژێر دروشمی “کتێبی کوردی ماڵی زمان و شوناسمانە” لە سلێمانی لە فامیلی مۆڵ بە بەشداری 45 ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی کرایەوە. پێشانگەکە یەکەمجارە لە تەرخان بکرێ بۆ کتێبی کوردی و بەپێی وتەی بەڕێوەبەرانی پێشانگەکە 10 هەزار ناونیشان کتێبی کوردی لە ژانرە و بابەتە جیاوازەکانی تێدا نمایش کراوە. دەمەوێت سەرەتا تەنها سەرنج لەم 10 هەزار ناونیشانە کتێبە کوردییە بدەم. تا پێش ڕاپەڕینی بەهاری 1991 کتێبخانەی کوردی بەم شێوەزارەی ئێمە پێی دەنووسین و دەدوێین خاوەنی هەزار کتێبی چاپکراو نەبووە، بۆیە نەماندەتوانی پێشانگەیەکی کتێبی لۆکاڵیش بکەینەوە، کەواتە گەشەسەندنەکان هێندە فراوانن جێگەی دڵخۆشی و دەستخۆشین.
لێرەوە دەتوانین بڵێین ئەگەر زمانەکەمان خۆش دەوێت، دەبێت بەردەوام دەوڵەمەندی بکەین و دەوڵەمەندکردنیشی بە خوێندنەوە و دەستخستنی نوێترین سەرچاوە کوردییەکانە. خوێنەران ئەو بوونەوەرانەن کە دەیانەوێت زیاتر لە تەمەنی خۆیان بژین و ببینن و ئەزموون وەربگرن، چونکە خوێندنەوە یەکێکە لە ڕێگە گرنگ و کاریگەرەکانی ئەزموونوەرگرتن.
هاوڕێیەکی خوێنەرم چەند ساڵێک لەمەوبەر لە گفتوگۆیەکدا باسی لەوە کرد “کە تەمەنی ئەو کەسانەی خوێنەرن بە ژمارەی ساڵەکانی تەمەنیان ناپێورێت، بەڵکو بە ژمارەی ئەو کتێبانە دەپێورێت کە خوێندوویانەتەوە. ئەو باسی لەوەش کرد گوتی هاوڕێیم هەیە کە گفتوگۆی لەگەڵدا دەکەم هەست دەکەم تەمەنی 500 ساڵە! چونکە کاتێک باسی هەر بابەتێک دەکات لە ئەزموونێکی قووڵەوە و لە هەموو گۆشەنیگاکانەوە باسی ئەو بابەتە دەکات.” لێرەوە دەتوانین بڵێین خوێنەرە ڕاستەقینەکان مرۆڤە ئەزمووندارەکانی نێو کۆمەڵگەن، چونکە ئەوان لە تەمەنی خۆیان زیاتر ئەزموونیان لەڕێی کتێبەوە وەرگرتووە.
خاڵێکی دیکەی کە دەکرێت لە پەیوەست بە گرنگی کتێب و پێشانگەی کتێبەوە باسی بکەین ئەوەیە کە هەمیشە کاتێک خوێنەرەکان دەدوێن واتادارانە دەدوێن. نەک قسە بکەین و ڕستەی زۆر بڵێن و وشەی زۆر سەرف بکەن بەبێ ئەوەی هیچی واتادار بڵێن. زۆرجار (جگە لە حاڵەتی ئاواراتە) زۆربڵێی بەرهەمی خوێندنەوەی کتێب نییە، بەڵکو بەرهەمی نەخوێندنەوەی کتێبە، کتێبەکان هەمیشە جۆرێک لە سەنگینی و بێدەنگی دەبەخشن بە مرۆڤ، کە لە بەرپرسیارێتییەوە سەرچاوەی گرتووە، نەک لە نەزانییەوە. مرۆڤی خوێنەر بەرپرسیارێتی هەر وشەیەک هەڵدەگرێت کاتێک دەیدرکێنێت، بۆیە وشە مەسرەف ناکات، بەڵکو دەیکاتە قسەی واتادار و لە جێگەی خۆیدا بەکاری دەهێنێت.
خاڵێک کە گەلێک سەرنجڕاکێشە ئەوەیە، کە هەمیشە کۆمەڵێک کتێبی گرنگ و شاراوە کە پێشتر نەبینراون لە پێشانگاکاندا نمایش دەکرێن، کە نەبینراون، یان لە پەراوێزێکدا چاپ بوون کە زۆرێک لە خوێنەران پەییان پێ نەبردووە. لەم پێشانگەیەدا کۆمەڵێک لە سەرچاوەی گرنگم دەست کەوت کە لە هیچ کتێبخانەیەک و ناوەندێکی چاپدا بەرچاوم نەکەوتبوون. بۆیە گرنگی پێشانگە تەنها لە چەند خاڵێکدا کورت نابێتەوە، بەڵکو چەشنی کەرنەڤاڵێکی هەمەچەشنە، کە هەموان دەتوانن لێی سوودمەند بن. لێرەوەیە هەر پێشانگەیەکی کتێب لای من چەشنی بەردەوامیی درەوشانەوەی زمانی کوردییە و هەست بە درەوشانەوەی زیاتریی دەکەم.

