عومەر چنگیانی
لەوەتی لە ساڵی ٢٠١٥وە ئەم گۆشەیەمان هەیە، بەدەگمەن نەبێت بەزۆری هەر لە ڕۆژانی سێشەمماندا دابەزیوە، وەلێ گەر پشوو، یان بۆنەیەكی تایبەتی هاتبێتە پێشەوە، جێگۆڕكێ دەكرێت بە ڕۆژ و جێگای لە لاپەڕەكە، چونكە سبەی سێشەممە ٢٥ـی ئابی ٢٠٢٦ کە دەکاتە ١٢ـی رەبیعی یەكەمی ١٤٤٨ـی كۆچیی و، بە بۆنەی یادی لەدایكبوونی پیغەمبەری ئیسلام محەمەدی پێشەوامانەوە دروود و سەلامی خوای لەسەر بێت، پشووی فەرمییە، لە باتی سبەینێ بابەتی بڵاوكردنەوەی گوتاری هەفتەی ڕابردوومان پێش دەخەین بۆ ئیمڕۆ، كە هەر خودی بابەتەكە بەشێكە لە زنجیرە باسەكانی بۆ سەرتانسەری مانگی ڕەبیع لە بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی پێشنیازمان كردووە و هەر هەفتەی تیشك دەخەینە سەر لایەنێك لە ژیانی پیرۆزی پێغەمبەر _ دروود و سەلامی خوای لەسەر بێت _ بەو هیوای ئەم بیرهێنانەوانە ببنە سەرمەشق بۆمان تا مامۆستایەتی و پیشەنگێتی لێ وەربگرین و وەك لە بڕگەی دووەمی سەر دێڕەكەدا (پێویستیمان بە بەرنامە و ڕێنمایی پێغەمبەرایەتی/ (سەرمەشقێکی زۆر چاک) بەدیار دەكەوێت.
خوای گەورە لە میانەی نازكردن بەسەر بەندەكانیدا، لە ١٦٤ـەمین ئایەتی سوورەتی (ئالی عیمران)دا دەفەرمێت:
(بە ڕاستی خوای گەورە نازی هەیە و، منەتی كردووە و دەكات بەسەر بڕواداراندا كە هەر لە خۆیانیان _ وەك ئەوان مرۆڤ، نەك لە بوونەوەرێكی دیكەی وەك فریشتە، یان جنۆكە _ كە ئەمەیان دەكرێ گوتارەكە ڕووی لە كۆی شوێنكەوتە ڕاستەقینەكانی سەرجەم پەیامبەران بێت، یان بڵێین گوتارەكە ڕووی لە بڕوادارانی دەوروبەریەتی، واتە عەرەبەكان كە محەمەد لە خۆیانە، وەك نەتەوە و زمان و شوێن، كە هەموو شتی لەبارەوە دەزانن و لە ورد و درشتی ژیاننامەی شارەزان _ ئایەت و بەڵگەكانی یەكخواناسی و یەكخوایی و بێهاوەڵییان، بۆ ڕوون دەكاتەوە و، دەبێتە هۆكاری بەرزكردنەوەی ئاستی كەسایەتی و دڵ و دەروونیان و پەیامی تایبەتی خوا (قورئان) و حیكمەت (سونەتەكانی خۆی) یان فێر دەكات، گەرچی بەر لە هاتنی وی لە گمڕایی و چەواشەكاریدا بوون.
خەڵکی پێش هاتنی پێغەمبەر، دروود و سەلامی خوای لەسەر، لە گومڕاییدا غەرق بووبوون، لە تاریکی و سەرگەردانی و نەزانیدا وێڵ بوون؛ نە زانستێک، نە ڕووناکی و ڕۆشناییەکیان بەدی دەکرد، تا ئەوەی خوای گەورە خۆشەویستی خۆی محەمەدی کوڕی عەبدوڵا دروود و سەلامی خوای لەسەر بێتی وەک مژدەدەر و بانگەوازکەر بۆ لای خوا ڕەوانە کرد.
تەوەری یەکەم: پێویستیی ئۆمەت بە سەرمەشق و پێشەواکان:
بوونی سەرمەشق و پێشەوا لە ژیانی مرۆڤدا کارێکی حەتمییە و پێویستییەکی لێنەبڕاوە، چونکە پێشەوای دڵسۆز کلیلی ئەنجامدانی هەموو کارێکی چاکە و، ڕێگەی بەرزبوونەوەی هیمەت و بەدەستهێنانی سەرکەوتنەکانە. لە گەورەترین مەبەستەکانی بوونی پێشەواکان لە نێو خەڵکیدا، ئەو کاریگەرییە گەورەیەیە کە شۆێنکەوتووان لێی وەریدەگرن؛ چونکە کاریگەریی کردەوەکان زۆر کاریگەرترە لە کاریگەریی گوفتار و قسەکان.
تەوەری دووەم: پێغەمبەرمان محەمەد دروود و سەلامی خوای لەسەر، باشترین سەرمەشق و پێشەوایە.
هەموو پێغەمبەرانی خوا پێشەوا و سەرمەشق بوون بۆ ئۆمەتەکەیان و بۆ ئەوانەی دوای خۆیشیان.
پێغەمبەری ئێمەش محەمەد دروود و سەلامی خوای لەسەر، وەک کۆتا پەیامبەر بە تەواوی خەسڵەتەکانی و کردەوە چاکەکانی، باشترین سەرمەشق و پێشەوایە بۆ بڕواداران.
خوای گەورە، پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لەسەر بێتی تەنها نەکردۆتە سەرۆکێک یان چاکسازێک، بەڵکو کردوویەتیە سەرمەشق و پێشەوا بۆ بڕواداران لە تەواوی لایەنەکانی ژیاندا؛ لە پەرستش، ڕەوشت، مامەڵە، ئارامگری، میهرەبانی، دادپەروەری و بێفیزی وگشت لایەنەکانی ژیان:
یەکەم: (پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لەسەر، پێشەوایە لە پەرستشدا): لە هەموو خەڵکی زیاتر پەرستشی خوای دەکرد، شەو نوێژی دەکرد تا پێیەکانی هەڵدەئاوسان و، زۆر زیکر، نزا و داوای لێخۆشبوونی دەکرد.
کاتێک پرسیاری لێ کرا لەسەر زۆریی پەرستشەکانی لە کاتێکدا خوای گەورە لە گوناهەکانی پێشوو و دواتری خۆش بووە، فەرمووی: (مەگەر نابێ شوكرانەبژێری خوا بم؟!)
دووەم: (پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لەسەر، پێشەوایە لە ڕەوشتدا): ڕاستگۆ، دەستپاک، میهرەبان و بێفیز بوو، پەیوەندیی دەبەستەوە لەگەڵ ئەوانەی دەیانپچڕاند و، چاکەی دەکرد بەرامبەر ئەوانەی خراپەیان بەرامبەر دەکرد.
سێیەم: (پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لەسەر، پێشەوایە لە ئارامگریدا): دووچاری ئازار، بەدڕۆخستنەوە، گەمارۆدران و لەدەستدانی خۆشەویستانی بوو، بەڵام بەمەش نائومێد نەکەوت و لە بانگەوازەکەی پەشیمان نەبوویەوە، بەڵکو بە دامەزراوی، ئارامگری و پڕئومێدی مایەوە. ئەمەش دەرسێکی گەورەیە بۆ ئێمە؛ کە بڕوادار لەکاتی نەهامەتیەکاندا دەستەوستان و وێران نابێت و، ئەگەر دەرچە و فەرەجیش دوا کەوت، نائومێد نابێت، بەڵکو متمانەی بە خوا دەبێت، هۆکارەکان دەگرێتە بەر و ئارام دەگرێت.
چوارەم: پێشەوایە لە مامەڵەی خەڵک و خێزاندا: هەروەک دەفەرمێ: (باشترین مرۆڤ ئەوەیە بۆ مەردم باش بێت).
ئەمەیە پێشەوا و سەرمەشقی ئێمە، دروود و سەلامی خوای لەسەر؛ با شوێنی بکەوین، دەست بە ڕێنماییەکانیەوە بگرین و، سوننەتەکەی پەیڕەو بکەین بۆ ئەوەی لە سەرکەوتووان بین.

