ئارام كۆشكی – سلێمانی
ناتوانم ڕۆژەکانم بەبێ شیعر بەڕێ بکەم، ئەمە کردوومیەتییە خوێنەرێک، کە هەمیشە تامەزرۆی نوێترین کتێبە شیعرییەکان بم، یان دووبارە خوێندنەوەی ئەو ئەزموونە شیعریانە بم، کە لەنێو کتێبخانەکەمدا هەیە. شیعر لای من تەنها بۆ پشوویەکی کورت، یان چێژێکی کاتی نییە، بەڵکو وەکو خاوێنکردنەوەی ڕۆح و سەفەرێکی نوێ دەیبینم بۆ سەرزەمینگەلێک کە پێی ئاشنا نیم. لە دوای خوێندنەوەی گەلێک دەقی شیعریی هەستم بە سەفەری ڕۆحم کردووە، ئیدی لەو دونیا جەنجاڵ و لیخنەدا نەماوە، کە پێشتر تێیدا بووم. یان بە واتایەکی دیکە جۆرێک سەرمەستی پێ بەخشیوم، کە وشە هێزی گوزارشتکردنی بۆی نییە.
کاتێک سەرنج لەسەر شیعر دەدەم لە شیعردۆستییەوەیە، خۆم بە شیعرناس نازانم، بەڵام دەتوانم بانگەشەی ئەوە بکەم کە شیعردۆستم و چارەکە سەدەیەک زیاترە خوێنەری هەمیشەیی شیعرم، چونکە نزیکترین ژانرە لە ڕۆحمەوە. هەر ئەم نزیکییەشە وایکردووە ناوە ناوە سەرنجم لەسەر ئەزموونە شیعرییەکان بنووسمەوە.
مانگی ڕابردوو لە بەرنامەی خوێندنەوەمدا چەند کتێبێکی شیعریی تێدا بوو، یەکێکیان کتێبێکی نوێی “ڕێبین خدر” بوو بەناونیشانی “گۆشتی با” بە تامەزرۆییەوە هەوڵی بەدەستهێنانیمدا و تا بیخوێنمەوە، بەڵام هەر لە دوو سێ شیعری یەکەمەوە تووشی خەیاڵڕووخان بووم. پێشتر کتێبە تاقانە کتێبە شیعرییەکەی دیکەی ئەم شاعیرە خوێندوویەوە و وەکو ئەزموونێکی سەرکەوتوو لێم ڕوانیبوو و وتارێکی کورتیشم لەبارەیەوە نووسی، کە چاوەڕوانی دەوڵەمەندکردنی ئەزموونەکەی بووم و هۆکاری ئەو خەیاڵڕووخانەشم هەر ئەوە بوو، بەڵام پێدەچێت دابڕانی نووسەر لە شیعر و هەوڵدان بۆ نووسینی دوو سێ ڕۆمان (کە لێرەدا دەرفەت نییە لەسەر ئاستی ڕۆمانەکان بنووسم و شوێنی ئەم نووسینە نییە) ئیدی لە شیعری دوورخستەوە، بەڵام ئەمساڵ بە بڵاوکردنەوەی “گۆشتی با” دیسان دەیەوێت ئامادەیی خۆی وەکو شاعیر بسەلمێنێتەوە و بیری خوێنەری بخاتەوە، کە بەڵێ هێشتا شاعیرە، تەنها ڕۆماننووس نییە.
لە کتێبی یەکەمەوە ڕێبین خدر ناسنامەی شاعیریی وەرگرت، لاموابوو هەنگاوی گەورەتری هەیە بۆ ئەوەی ماڵی شیعر ئاوەدانتر بکاتەوە، بەڵام ڕێبین و بەشێک لە هاونەوەکەی کە وەختی خۆی من بە ڕوانینێکی ئەرێنی لەبارەی ئەزموونەکانیانەوە نووسیم، ئێستا هەم ڕێبین و نەیانتوانی درێژە بەو ئەزموونە سەرەتاییانە و گەشەپێدانی ئەو دەسپێکە بدەن کە دەستیان پێ کرد. هەر بۆیە ڕێبین و هاونەوەکانی تووشی خەیاڵڕووخانیان کردم، چونکە هیچیان نەیانتوانی لە درێژەی ئەو ئەزموونانەدا شتی نوێ پێشکەش بکەن، یان دەسپێکەکەیان دەوڵەمەند بکەن کە لەسەرەتاوە کاریان بۆ کرد و بە کتێبێک یان دوو کتێب نەخشەکەیان پێشکەشی خوێنەرانی شیعر کرد. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەم شاعیرانە شیعر لەلایان پڕۆژە نییە، بەڵکو جۆرێک هەڵڕشتنی وشە و سۆز و هەستە و ئەوانیش هەر لەم بازنەیەدا دەخولێنەوە، کە بازنەیەکی ناتەواوە و شیعر بەتەنها بە ڕیزکردنی وشە و ڕێکخستنی هەست و سۆز نانووسرێت، کاتێک شیعر تەنها ئەمە بوو دەبێتە دەردەدڵ. شیعر هونەرێکە بەرزترە لەوە تەنها سۆز و هەست و وشەی ڕووت بێت، بەڵکو لەگەڵ ئەوانەدا ئاوێتەکردنی فیکر یەکێکە لە ئەرکە گرنگەکانی شاعیر بە هەست و سۆز، ئەمە بێجگە لەوەی زمان و تەکنیکی شیعریش ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە نووسینی شیعردا. شیعر هونەرێکی ڕاگوزەری کاتبەفیڕۆکەر نییە، بەڵکو پڕۆژەیە. هەر شاعیرێک شیعر وەکو پڕۆژەیەکی فیکریی و ژانرێکی تایبەتمەند وەرنەگرێت بۆ ئەوەی کاری تێدا بکات، ناتوانێت هیچی نوێ بەرهەم بهێنێت. گۆشتی با-ی ڕێبین لەو کتێبە شیعریانەیە تەنها ڕستەی شیعری کورتی تێدا دەدۆزینەوە و شیعرێکی تەواو نابینینەوە، کە شیعر بێت، بەڵکو بەشی زۆری وشەی ڕیزکراوە، کە بەناوی سوریالییەت و جیاوازنووسییەوە جگە لە ڕیزێک وشەی ڕیزکراو هیچی دیکەی بەرهەم نەهێناوە. کێشەی ئەم کتێبە تەنها ئەوە نییە، کە وشەی ڕیز کردووە، کێشەی ئەوەیە لە پشت ئەم کارکردنەوە فیکری شیعریی ئامادەیی نییە. دەڵێی شاعیرەکە ئەم شیعرانەی لەپێناو مانەوەی وەکو شاعیر و ناسنامەی شیعرییدا نووسیوە نەک لەپێناو خودی شیعردا.
ئەگەر لای شاعیرێک هونەری شیعر، جگە لە خۆی مەبەستی تری هەبێت نابێتە شیعر. شیعر تەنها لە پێناو خۆیدا دەنووسرێت و دەبێتە شیعر، بەدەر لەمە لە شیعر دەکەوێت. شیعر ژانرێکە تەنها لەپێناو خۆیدا شیعرە و لە دەرەوەی خۆی چیدی شیعر نامێنێت.
کاتێک باس لە وشەڕیزکردن دەکەم، مەبەستم لە نووسینی ئۆتۆماتیکی شیعر و هەڵڕشتنی سۆز و هەستی ڕووتە و بینینی سادەیە لەنێو شیعردا. دەتوانم پێداگرانەتر بڵێم شیعر ژانرێکە گەورەترە لە بینینی سادە و هەڵڕشتنی هەست و سۆزی ڕووت، بەڵکو شیعر خستنەڕووی دیدگایەکی تر و بینینێکی ترە بۆ هەر شتێک شاعیر هەستی پێ بکات. شیعرەکان ئەوکاتە لەدایک دەبن کە شاعیر بینینێکی تری بۆ هەموو شتێک هەبێت و توانای پێشکەشکردنی ڕوانینێکی جیاوازی هەبێت. بەبێ ئەمە شیعر لە ئارانییە، بەڵکو تێکست، یان وشەی ڕیزکراومان لەبەرچاودایە.

