وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر
خاتوو شیلا هێتی ـ (Sheila Heti)، ئەو نووسەرەی کە لەم گفتوگۆیەیدا باسی چۆنیەتی چاپکردنی کتێبەکانی دەکات و ئامۆژگارییەکانی خۆی بۆ تازە لاوە نووسەرەکان دەخاتە ڕوو و دەشڵێت ئەو کتێبانەی حەزم لە خوێندنەوەیان نییە، دایاندەنێم بۆ کەروێشکەکەم بۆ ئەوەی بیاندڕێنێت و بیانخوات.
ـ تۆ لە تۆرۆنتۆ دەژییت، کە بیستوومە شارێکی ئەدەبیی زۆر باشە. چی ئەو شارەت بەلاوە پەسەندە؟
شیلا هێتی: شوێنێکی باشە، من هەموو ژیانم لێرە ژیاوم. ئێستا زۆر تێکەڵی ناوەندە ئەدەبییەکەی نیم، زیاتر لە ناوەندە هونەرییە گشتییەکەی نێزیکم. تۆرۆنتۆ شوێنێکی باشە بۆ هونەرمەندان، چونکە خەڵک زۆر تێکەڵ دەبن: نووسەران، هونەرمەندان، مۆسیقاڕەکان. شوێنێکی بێدەنگە و دەتوانیت بەو خێراییەی کە خۆت دەتەوێت کار بکەیت. وا هەست دەکەیت لە ناو جیهاندایت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا وا هەست دەکەیت لە چەقی هیچ شوێنێک نیت، تەنانەت لە ناو جەرگەی شارەکەشدا.
ـ باسی بەرنامەی بەیانیانت بکە لەو ڕۆژانەی کە سەرقاڵی نووسینیت.
شیلا هێتی: لە خەو هەڵدەستم، قاوە ئامادە دەکەم، یان هاوڕێ کوڕەکەم قاوە و نانی بەیانیم بۆ ئامادە دەکات. دادەنیشم و دەست بە کار دەکەم. عادەتەن سەرەتا ئیمەیلەکانم دەپشکنم، دەشزانم کارێکی باش نییە، بەڵام ناتوانم خۆم ڕابگرم. پاشان هەموو ڕۆژەکە کار دەکەم.
ـ ئایا شوێنێکی دیاریکراوت بۆ کارکردن هەیە؟
شیلا هێتی: ژوورێکی خوێندنەوەم لە ناوەڕاستی شوقەکەماندا هەیە کە مێزێکی نانخواردنی گەورەی تێدایە و هەموو کتێبەکانیشم لەوێن. ئێمە کەروێشکێکمان هەیە، کە هەموو ئەو کتێبانەی لە ڕەفەکەی خوارەوەن دەدڕێنێت و دەیانخوات. سەرەتا هەوڵم دەدا هیچ کتێب نەخەمە ڕەفەکەی خوارەوە، بەڵام ئێستا ئەو کتێبانەی حەزم لێیان نییە دەخەمە ڕەفەی خوارەوە (بۆ کەروێشکەکە).
ـ باسی پڕۆسەی داڕشتنی کتێب و پلانی پێشوەختە بکە، واتە بەر لەوەی دەست بە نووسین بکەیت. ئایا نەخشەی بۆ دەکێشیت؟
شیلا هێتی: بۆ هەر کتێبێک جیاوازە. عادەتەن تا دوای چەند ساڵێک درک بەوە ناکەم کە خەریکی کارکردنم لەسەر کتێبێک. زۆربەی کات تەنها بە تێبینی نووسین و زانیاریی خستنە سەر کاغەز دەست پێ دەکات. بۆ نموونە ئێستا لەگەڵ (هایدی جۆلاڤیتس – Heidi Julavits) و (لیان شاپتۆن – Leanne Shapton) خەریکی کارێکی هاوبەشین بە ناوی (ژنان و پۆشاک – Women in Clothes) کە دەربارەی پەیوەندیی ژنانە لەگەڵ ستایلی جلوبەرگ.
ـ کاتێک کار یا پڕۆژەیەکی هاوبەش دەکەیت، پڕۆسەکە بۆ تۆ چۆنە؟
شیلا هێتی: حەزم لێیە ڕۆڵەکان ڕوون بن. لە کتێبی (کورسییەکان ئەو شوێنەن کە خەڵکەکەی بۆ دەچن – The Chairs Are Where the People Go)، (میشا گڵۆبێرمان – Misha Glouberman) قسەی دەکرد و منیش تایپم دەکرد. حەز دەکەم لەگەڵ ئەو کەسانە کار بکەم کە متمانەم پێیانە و سەرنجم ڕادەکێشن، تا پەیوەندییەکەمان تەنها چێژبەخش بێت نەک هەوڵدان بۆ ئاڕاستەکردنی کاری یەکتری.
ـ لە کتێبی (مرۆڤ دەبێت چۆن بێت؟ – How Should a Person Be?) ناوی کارەکتەری سەرەکیت ناو ناوە (شیلا) کە ناوی خۆشتە. بیرۆکەی پشت ئەم بڕیارە چ بوو؟
شیلا هێتی: هندەی بڕیارێک بوو بۆ ئەوەی ناوێکی تری لێ نەنێم، بڕیار نەبوو ناوی بنێم شیلا. من خەریکی نووسینەوەی دیالۆگەکانی نێوان خۆم و هاوڕێکانم بووم پێش ئەوەی وەک کتێب بیبینم. ئەودەم چاوپێکەوتنم بۆ (The Believer) ئەنجام دەدا، بۆیە ڕاهاتبووم بە نووسینەوەی دەقەکان بە شێوازی چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانی. کاتێک دەستم کرد بە تێکەڵکردنی دەقی قسەی هاوڕێکانم لەگەڵ ئەو ماددە و بابەتانەی تر کە کۆم دەکردنەوە و خەریک بوو دەبوو بە کتێب، پرسیارم لە خۆم کرد: ئایا دەبێت ناوەکان بگۆڕم؟ هەوڵم دا، بەڵام بە لای منەوە دەستکرد و ساختە دەکەوتە بەرچاو، نەمدەتوانی پاساوی بۆ بهێنمەوە. کێ دەزانێت (مارلا – Marla) و (شێڵی – Shelley) کێن؟ هیچ هۆکارێکی باشم نەبوو بۆ گۆڕینی ناوەکان. من کێشەم نییە ئەگەر خوێنەر وا هەست بکات ئەوە ژیاننامەی خۆمە، هەرچەندە وا نییە؛ من ئیلهامم لە “ڕیالیتی تیڤی” وەرگرتووە و ئەم کتێبە وەک کارێکی نواندن دەبینم، ئیتر کێشە نییە کە خوێنەر نووسەر و کەسایەتییەکە پێکەوە تێکەڵ بکات.
ـ من هەواداری گۆڤاری (The Believer)م. کارکردن لەوێ چۆنە؟
شیلا هێتی: وەک من، زۆرێک لەو کەسانەی لەوێ کار دەکەن لە نووسینگەی (سان فڕانسیسکۆ – San Francisco) نین. من یەکێکم لە دوو سەرنووسەری بەشی چاوپێکەوتنەکان. لەو کارەدا زۆر ئازادم، تا ئێستا کەس پێی نەوتووم نابێت ئەم کارە بکەیت یا ئەوە مەکە. لە سەرەتادا قورس بوو، چونکە کەس چوارچێوەی بۆ دانەنابووم، بۆیە تەنها بەپێی غەریزەی خۆم بڕیارم دەدا کێ شایەنی ئەوەیە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا بکرێت.
ـ سێ کتێب پێشنیار بکە کە ئیلهامبەخشی نووسینەکانت بوون.
شیلا هێتی: کتێبی (دوو خانمی کارپێچ – Two Serious Ladies) لە نووسینی (جەین بۆڵز – Jane Bowles). یەکێکە لە دڵخوازترین ڕۆمانەکانم؛ زۆر سەیر و ئۆرجیناڵە. هەروەها کتێبی (هاوڕێکانم – Mes Amis) لە نووسینی (ئیمانوێل بۆڤ – Emmanuel Bove). دەربارەی پیاوێکە باس لە هاوڕێکانی دەکات، بەڵام ڕوونە کە ئەوان هاوڕێی نین. بە جدی کتێبێکی دڵتەزێنە. کتێبی سێیەمیش (لاساییکەرەوەی دەنگ – The Voice Imitator)ی (تۆماس بێرنھارد – Thomas Bernhard)ە کە زۆر کورتە، وەک هەواڵە بچووکەکانی ناو ڕۆژنامە وایە. ئەم کتێبانە جۆرە هەستێکی سەیرت پێ دەبەخشن کە دەیانخوێنیتەوە.
ـ ئایا هیچ باوەڕێکی خورافیت هەیە؟
شیلا هێتی: هەمیشە هەست بە خراپی دەکەم ئەگەر شتێکی خراپ دەربارەی کەسێکی تر بڵێم. نەک ئەوەی کە بڵێم نایکەم، بەڵێ دەیکەم، بەڵام وەک خورافیاتێک وایە لام، هەست دەکەم بەوە شتێکی خراپم هێناوەتە ناو ئەم جیهانەوە.
ـ چیرۆکی بڵاوبوونەوەی یەکەم کتێبت چۆن بوو؟
شیلا هێتی: بەبێ ئاگاداریی پێشوەختە لە ڕێگەی پۆستەوە پێنج چیرۆکم نارد بۆ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە و گۆڤاری ئەدەبیی (مەکسوینیز – McSweeney’s) و (دەیڤ ئێگرس – Dave Eggers) بڵاوی کردنەوە. پاشان (مارسا شارپ – Martha Sharpe) کە سەرنووسەری (ئانانسی- Anansi) بوو – کە چاپخانەیەکی کەنەدیی جێی ڕێزە – پەیوەندی پێوە کردم و پێی گوتم دەمەوێت کتێبێک کۆ بکەیتەوە، بەڵام دواتر بۆ بڵاوکردنەوەی کتێبی (چیرۆکە ناوەندەییەکان – The Middle Stories) لە ئەمریکا تووشی ناڕەحەتییەکی زۆر بووم؛ کەس نەیدەویست بڵاوی بکاتەوە. لە کۆتاییدا هەر لە ئێگرسم پرسی ئایا ئەو کتێبەکە بڵاو دەکاتەوە؟ ئەویش گوتی بەڵێ، کە ئەمە کارێکی زۆر نایابی ئەو بوو. زۆر پەرۆش و بەجۆش بووم. ئەوکاتە سەردەمی گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە و پڕ لە پشێوی بوو لە ناو کۆمپانیاکەدا؛ هەموومان هاوڕاین کە چاپی یەکەمی کتێبەکە، ڕەنگدانەوەی ئەو پشێوییە بوو کە ئەو کاتە لە مەکسوینیز هەبوو.
ـ چ ئامۆژگارییەکت بۆ نووسەرانی تازەلاو هەیە؟
شیلا هێتی: پێموایە لە سەرەتای کارەکان نابێت گوێ لە ڕەخنەی خەڵک بگرن. لە کاتێکی دیکە ڕەخنە بەسوودە، بەڵام نەک لە سەرەتاوە. بۆ چەند ساڵێک تەنها بە ستایلی خۆیان بنووسن. ئەگەر لە سەرەتاوە زۆر گوێ لە ئامۆژگاری بگرن، ئامانجی سەرەکی خۆیان بیر دەچێتەوە کە بۆچی بۆ خۆیان دەنووسن!
تێبینی:
ئەم چاوپێکەوتنە کورت کراوەتەوە و دەستکاری کراوە.

