دیمانە: ئارام کۆشکی – سلێمانی
نووسەر و وەرگێڕ “میران ئەبراهام” لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ “هەولێر” باس لە نوێترین پڕۆژەکانی خۆی وەکو نووسەر و وەرگێڕانی بەرهەمەکانی دەکات بۆ زمانانی بیانی، ئەو بە کوردی دەنووسێت و لە هۆڵەندا دەژی، بەڵام لە تاراوگەژیان ڕۆحی کوردانەیان لە بەرهەمەکانی دانەبڕاندووە و هەموو بەرهەمەکانی ڕیشەیان لەنێو مێژوو و کولتووری کوردیدایە. ئەمساڵ ڕۆمانی “بانگی ئازادی”ی بە کوردی بڵاوکردەوە، کە نوێترین بەرهەمییەتی و سەبارەت بە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی و دامەزراندنی یەکەم چاپخانەی کوردییە لە قاهیرە. رۆمانەکە پێشوازی گەرمی لێ کرا و ئێستاش سەرقاڵی کۆمەڵێک بەرهەمی نوێیە، لەم دیدارەدا بۆ یەکەمجار بۆ خوێنەری دەخاتەڕوو:
پرسیار: ئەمساڵ ساڵی پڕ بەرهەمی ئێوە بوو؛ جگە لە زمانی کوردی، بە زمانانی دیکەش بەرهەمتان بڵاوکرایەوە. ئەو بەرهەمانە چی بوون و چی نوێترت بەڕێوەیە؟
میران ئەبراهام: کاتێک باس لە “بەرهەم” دەکەین لە کایەی ئەدەبیدا، من وەک “کات” سەیری ناکەم، بەڵکو وەک “بوون” دەیبینم. ساڵی ڕابردوو بۆ من تەنیا تێپەڕینی ٣٦٥ ڕۆژ نەبوو، بەڵکو گەشتێکی ئەنتۆلۆژی بوو لە ناو جەرگەی زمانە جیاوازەکاندا. ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر ڕۆحی منی پڕ کرد لە ئارامی، بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی “نیشتمانی سارا” بوو بە شێوەزاری “کورمانجی”. ڕەنگە بپرسن بۆچی؟ چونکە لای من، خوێنەری کورد لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان، ئەو ئاوێنە ڕاستەقینەیەیە، کە من ڕووخساری دەقەکانمی تێدا دەبینمەوە. من لە ئەزەلەوە، لەو چرکەساتەی یەکەم پیتی “چیرۆک”ێکم نووسی، بۆ خوێنەری کوردم نووسی. من نووسەری ئەوانم، نەک هۆڵەندییەکان، یان هەر تاکێکی تری ئەورووپی. ڕاستە من لە جۆگرافیایەکی تردا دەژیم، بەڵام “ماڵی من” ئەو زمانەیە، کە باوکم و دایکم پێی دەدوان. بڵاوبوونەوەی “نیشتمانی سارا” بە کورمانجی، بۆ من وەک بەیەکگەیشتنەوەی دوو خوشکی دابڕاو بوو، کە مێژوو بە زۆر لە یەکتری جیا کردبوونەوە.
سەبارەت بە زمانە بێگانەکان، ئێستا ڕۆمانی “شەوگەڕەکان” و “نیشتمانی سارا” لە هۆڵەندا لە چاپخانەن. لەگەڵ دەزگای چاپەکەدا ململانێیەکی یاسایی لە ئارادایە؛ ئەوان دەیانەوێت “خاوەندارێتیی ڕەها”ی هەموو بەرهەمەکانم بکەن بۆ هەموو زمانەکانی جیهان جگە لە سۆرانی. ئەمە بۆ من وەک نووسەرێک کە خەون بە ئازادیی دەقەکەیەوە دەبینێت، کەمێک قورسە. دەزگای چاپی ئەورووپی وەک بازرگانێک سەیری وشە دەکات، بەڵام من وەک “خوێن” سەیری دەکەم. هەروەها “نیشتمانی سارا” و “خەمی مەستوورە” ئامادەن بە زمانی ئینگلیزی بڵاو ببنەوە، کە ئەویش هەر لە چاوەڕوانیی یەکلاکردنەوەی ئەو گرێبەستە دایە.
جگە لەمانە، ساڵی ٢٠٢٥ سێ کتێبی لێکۆڵینەوەم دەربارەی کارەساتی “ئەنفال” بە زمانی ئینگلیزی بڵاو کردەوە. ئەنفال لای من تەنیا ڕووداوێکی مێژوویی نییە، بەڵکو برینێکی وجودییە، کە دەبێت بە زمانی جیهانی قسەی لەسەر بکرێت، نەک بۆ ئەوەی بمانناسن، بەڵکو بۆ ئەوەی ویژدانی مرۆڤایەتی لە بەردەم ئەو هەموو بێدەنگییەدا ڕابچڵەکێنین. من دەربارەی ”ئەنفال” دەنووسم بۆ ئەوەی “نەبوون” نەیەڵێت “بوون”مان لەبیر بچێتەوە.
پرسیار: سەبارەت بە وەرگێڕانی بەرهەمەکانت بۆ زمانانی دیکە، چ هەوڵێکی نوێ هەیە؟
میران ئەبراهام: وەرگێڕان بۆ من، وەک پەڕینەوە لە پردێک وایە کە لە ژێرپێتا خەریکە دەڕوخێت. هەوڵێکی نوێم هەیە کە نووسینی نۆڤێلەیەکە، کە ئەمجارەیان خۆم هەر لە بنەڕەتدا بە زمانی “هۆڵەندی” نووسیومە. ئەمە ئەزموونێکی غەریب بوو؛ وەک ئەوەی پۆشاکێکی نوێ لەبەر بکەیت کە هی خۆت نییە، بەڵام دەبێت تێیدا هەست بە ئاسودەیی بکەیت. نووسین بە زمانی بێگانە جۆرێکە لە “خۆ-بێگانەکردن” بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا بگەیتەوە بە خۆت.
هەروەها پڕۆژەی وەرگێڕانی “خەمی مەستوورە” و “بانگی ئازادی” بۆ زمانی هۆڵەندی بەرەو کۆتایی دەچن. وەرگێڕانی ئەمانە تەنیا گۆڕینی وشە نییە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر، بەڵکو گواستنەوەی “ڕۆحی مەستوورە” و “هاواری ئازادی”یە بۆ ناو جیهانێک کە ڕەنگە تێگەیشتنی بۆ ئازارەکانی ئێمە تەنیا تێگەیشتنێکی تیۆری بێت. من هەمیشە دەپرسم: ئایا وەرگێڕ دەتوانێت ئەو سۆز و گریانەی کە لە نێوان دێڕە کوردییەکاندا شاردراوەتەوە، بگوازێتەوە؟ ئەمە ئەو گومانە فەلسەفییەیە کە هەمیشە هاوسەفەری منە.
خەمی مەستوورە، کاتێک دەبێتە هۆڵەندی، چیتر تەنیا مەستوورەیەک نییە لە مێژووی کورددا، بەڵکو دەبێتە نوێنەری هەموو ئەو ژنانەی کە لە ژێر باری قورسی چەوسانەوەدا، جوانییان بەرهەم هێناوە. من لەم وەرگێڕانانەدا بەدوای “مرۆڤی گەردوونی”دا دەگەڕێم. وەرگێڕان ئەگەر نەتوانێت ئەو پەیوەندییە مرۆییە قووڵە دروست بکات، دەبێتە کردەیەکی میکانیکیی بێ ڕۆح. بۆیە من زۆر بە وردی چاودێریی ئەم پرۆسەیە دەکەم، چونکە نامەوێت دەقەکانم لە وەرگێڕاندا ببنە “پەنابەری زمانەوانی”، بەڵکو دەمەوێت وەک “هاوڵاتییەکی سەربەرز” بچنە ناو کولتووری ئەوی ترەوە.
پرسیار: تا چەند گرنگە ئەدەبیاتی کوردی بە زمانی بیانی، بەتایبەت بە زمانە ئەوروپییەکان بڵاو بکرێتەوە؟
میران ئەبراهام: بێگومان گرنگییەکی زۆری هەیە، بەڵام لێرەدا دەبێت وەک ڕۆشنفکرێک بوەستین و بپرسین: ئەم گرنگییە لە چیدایە؟ ئایا بۆ ئەوەیە بە ئیگۆیەکی بهرز و ڕۆحێکی پۆپۆلیستیانهوە بڵێین “منیش هەم”؟ یان بۆ ئەوەیە بچینە ناو دیالۆگێکی ڕاستەقینە لەگەڵ مرۆڤایەتیدا؟
من زۆر نیگەرانم لەو پەتایەی کە ناوم ناوە “خەونی وەرگێڕان”. ئەم خەونە خەریکە نووسەرانی کورد لە خشتە دەبات. ئێستا جۆرە “ترێند”ێک دروست بووە؛ نووسەر کاتێک قەڵەمەکەی دەگرێتە دەست، پێش ئەوەی بیر لە خوێنەرە کوردەکەی بکاتەوە، بیر لەوە دەکاتەوە چۆن بنووسێت کە سەرنجی وەرگێڕێکی ئەڵمانی یان فەرەنسی ڕابکێشێت. ئەمە “خیانەتە لە دەق”. کاتێک تۆ بۆ وەرگێڕان دەنووسیت، تۆ زمانەکەت دادەماڵیت لەو سحر و جوانییە تایبەتەی کە تەنیا زمانی کوردی هەیەتی. تۆ خەریکیت “ئەدەبێکی پلاستیکی” بەرهەم دەهێنیت کە تەنیا بۆ وەرگێڕان دەست دەدات، بەڵام ناچێتە ناو قووڵایی ڕۆحی خوێنەرەوە.
من جیاواز لەم پرسە دەڕوانم. هاوڕێ نزیکەکانم، منداڵەکانم، بەردەوام گلەییم لێ دەکەن کە بۆچی ئەوەندە کەمتەرخەمم لە وەرگێڕانی بەرهەمەکانم. وەڵامی من هەمیشە سادەیە: ”من بۆ خوێنەری کورد دەنووسم”. ئەو کوڕ و کچە خوێنگەرمەی لە شارەکان و گوندەکانی کوردستاندا بە دوای ناسنامەی خۆیاندا دەگەڕێن، ئەوان بۆ من ئەولەویەتن. من نووسەری ئەوانم. قسەیەکی کۆنی هۆڵەندی هەیە دەڵێت: “پێویستە هەموو میلەتێک شاعیر و نووسەری خۆی هەبێت.” ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە. نووسەر کاتێک دەبێتە جیهانی، کە بتوانێت بە قووڵترین شێوە “خۆماڵی” بێت. ئەگەر تۆ نەتوانیت دەست لە برینەکانی خوێنەری خۆت بدەیت، چۆن دەتوانیت کاریگەری لەسەر خوێنەرێکی بێگانە دابنێیت؟
من لە ڕابردوودا کۆمەڵە چیرۆکم بە هۆڵەندی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام ئەگەر ڕاستگۆ بم، ئەو خۆشییەی کە لە بڵاوبوونەوەی وتارێکی کوردی، یان بەرهەمێکی کوردی وەریدەگرم، لە هیچ کام لەوانەدا نییە. چونکە نووسین لای من پرۆسەیەکە بۆ گەیشتن بە بەختەوەریی ڕۆحی، ئەو بەختەوەرییە تەنیا لە باوەشی زمانی دایکدا بەدەست دێت. من بەختم لە نووسەرانی تر زیاترە کە دەتوانم بە دوو سێ زمان بنووسم، بەڵام هێشتا وەرگێڕان بە ئەرکی خۆم نازانم. ئەوە خەمی من نییە، خەمی من پاراستنی ڕەسەنایەتیی دەقەکەیە. وەرگێڕان با ئەرکی ناوەندە کولتوورییەکان بێت، یان لە داهاتوودا بۆ منداڵەکانم بێت.
پرسیار: لەم سەردەمی ژیریی دەستکردەدا باس لە بەدیلی وەرگێڕان دەکرێت، بەڕێزت چ وەک نووسەر چ وەک وەرگێڕ، پێتوانییە ژیریی دەستکرد دەبێتە بەدیلی وەرگێڕان؟
میران ئەبراهام: ئەمە یەکێکە لە ترسناکترین و سەرنجڕاکێشترین پرسیارەکانی سەردەم. بەڵێ، ژیریی دەستکرد (AI) خەریکە جیهان داگیر دەکات، لە زۆر بواردا دەبێتە بەدیلێکی خێرا، بەڵام لێرەدا دەبێت سنوورێک بکێشین لە نێوان “وەرگێڕانی زانیاری” و “وەرگێڕانی هەست”.
ژیریی دەستکرد دەتوانێت بە چرکەیەک دەقێکی مێژوویی یان زانستی وەربگێڕێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێت “سیمای دەق” و “ڕۆحی وشە” بگوازێتەوە. ئەدەب، وەک “والتەر بنیامین” دەڵێت، خاوەنی “ئاورا” (Aura) یان هەورەبانێکی تایبەتە. ئەو هەورەبانە لە ئەنجامی ژیانی نووسەر، ئازارەکانی و ئەو کولتوورەی تێیدا گەورە بووە دروست دەبێت. ئایا ئامێرێک کە خاوەنی هیچ “بوونیادێکی وجوودی” نییە، دەتوانێت مانا فەلسەفییەکانی پشت وشەیەک وەک “ئەنفال” تێبگات؟ ئایا دەتوانێت ئەو غەریبییەی کە لە ناو ڕۆمانی “نیشتمانی سارا”دا هەیە، تەنیا بە کۆمەڵێک کۆد و الگۆریتم بگوازێتەوە؟ نەخێر، ئەمە ئەستەمە.
وەرگێڕانی ئەدەبی، پڕۆسەیەکە لە نێوان دوو ڕۆحدا ئەنجام دەدرێت. وەرگێڕ دەبێت خۆی بخاتە ناو جەستەی نووسەرەوە، دەبێت وەک ئەو بژیت و هەناسە بدات. ژیریی دەستکرد تەنیا “تەرمی وشەکان” دەگوازێتەوە، بەڵام ژیانیان پێ نابەخشێت. بۆ نموونە، وشەی “خەم” لە کوردیدا تەنیا بە مانای (Sadness) نایەت، بەڵکو مێژوویەکی درێژی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە. ئامێرەکە تەنیا هاوواتاکەی دەدۆزێتەوە، بەڵام ناتوانێت ئەو “پانتاییە فەلسەفییە” دروست بکات کە نووسەر مەبەستیەتی.
هەروەها، زمان تەنیا سیستەمێکی لۆژیکی نییە، بەڵکو “لۆژیکی دڵ”یشی تێدایە. ژیریی دەستکرد لەسەر بنەمای ئەگەرەکان کار دەکات، بەڵام ئەدەب لەسەر بنەمای “سەرسوڕمان” کار دەکات. ئەگەر ئەدەب ببێتە شتێکی پێشبینیکراو کە ئامێرێک بتوانێت دایبڕێژێتەوە، ئەوا چیتر ئەدەب نییە. بۆیە من پێم وایە ژیریی دەستکرد دەبێتە یارمەتیدەرێکی باش بۆ وەرگێڕانی تەکنیكی، بەڵام هەرگیز نابێتە بەدیلی ئەو “دێوانەیی”یە ئەدەبییەی کە وەرگێڕێکی ڕاستەقینە هەیەتی. وەرگێڕان کردەیەکی “ئینسانی”یە و تەنیا مرۆڤ دەتوانێت لە مرۆڤ تێبگات. ئامێرەکان دەتوانن ڕێزمان ڕێکبخەن، بەڵام ناتوانن مانا “ئەنتۆلۆژییەکان” بونیاد بنێنەوە. لێرەدایە کە گرنگییەکەی دەردەکەوێت؛ ئەدەب ئەو شوێنەیە کە تێیدا “لۆگۆس” دەبێتە “میتۆس”، ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی هەستی مرۆییەوە دەکرێت.
پرسیار: دوای ڕۆمانی “بانگی ئازادی” چی نوێترتان بەڕێوەیە و ئایا لەم ساڵدا خوێنەران چاوەڕوانی بەرهەمی نوێتان بن؟
میران ئەبراهام: من لە ساڵانی نەودەکانەوە، ئەو ساڵانەی کە کوردستان لە ناو زریانێکی خوێناوی و پڕ لە ململانێدا بوو، سەرقاڵی پڕۆژەیەکی گەورەم. ئەم پڕۆژەیە بەرهەمی گەڕانێکی مەیدانیی قووڵە کە بە تەواوی کوردستاندا ئەنجامم داوە. من تەنیا وەک نووسەرێک نەگەڕاوم، بەڵکو وەک “شوێنەوارناسێکی ڕۆح” گەڕاوم بۆ کۆکردنەوەی ئەو چیرۆکانەی کە لە ژێر غوباری فەرامۆشیدا مابوونەوە.
ئەم پڕۆژەیە نووسینی زیاتر لە ١٢ نۆڤێلەیە. نۆڤێلە گەلێک وەک “سێوسێنان”، “چاکرۆڤا”، “زنانە” و چەندانی تر. ئەمانە تەنیا چیرۆک نین، بەڵکو پارچە پارچەی ئەو جەستە بریندارەی نیشتمانن کە من ویستوومە لە ناو قاڵبی گێڕانەوەدا کۆیان بکەمەوە. بڕیارمان وایە لەگەڵ “ناوەندی ڕەهەند” لە سێ بەرگی گەورەدا بڵاویان بکەینەوە.
ئەگەر بتوانم بۆ ئەمساڵ ئامادەیان بکەم، ئەوا خوێنەری کورد دەستبەکار دەبێت لەگەڵ سێ کتێبی قەبارە گەورە کە مێژوویەکی پەراوێزخراومان بۆ دەگێڕنەوە. ئەم نۆڤێلانە گەشتێکن لە ناو “شوێن” و “یادەوەری”دا. بۆ من، گەڕانەوە بۆ ساڵانی سەدەی ڕابردوو، گەڕانەوەیە بۆ ئەو خاڵەی کە تێیدا مرۆڤی کورد لە نێوان ئومێد و نائومێدییەکی کوشندەدا ڕاوەستابوو. من ویستوومە ئەو چرکەساتانە بکەمە چیرۆک!
خوێنەری من دەبێت چاوەڕوانی شتێک بێت کە تەنیا خوێندنەوە نییە، بەڵکو “بەرکەوتنە” لەگەڵ ڕاستی و خەیاڵ بە شێوەیەک کە جیاکردنەوەیان ئەستەم بێت. ئەم سێ بەرگە، ئەگەر تەواو بن، دەبنە مانیفێستی من بۆ ئەو سەردەمەی کە تێیدا ژیاوین و هێشتا شوێنەوارەکانی لە ناو ڕۆحماندا ماونەتەوە. نووسین بۆ من، جۆرێکە لە “بەرگری” لە بەردەم فەنابووندا، ئەم بەرهەمانە دواین سەنگەری منن بۆ پاراستنی ناسنامە و ئەو یادەوەرییانە.

