كارزان گلی – هەولێر
شەڕی ئەمریكا و ئیسرائیل دژی ئێران و هەروەها داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، پرسی گەرووەكانی جیهانی هێنایە بەر باس. پێشتر خەڵك زانیاری لەسەر گەرووەكاندا نەبوو و نەشیاندەزانی گەرووەكان چەند گرنگن بۆ ئابووریی جیهان و پێگە و هێزی وڵاتان، بەڵام بە داخستنی گەرووی هورمز و ئەو قەیرانەی لە ڕووی وزە و خۆراكەوە دروست بووە، باسكردن و زانیاری لەبارەی گەرووەكان زیادی كرد و میدیاكانیش گرنگیی پێ دەدەن.
گەرووی هورمز
گەرووی هورمز، بەیەكێك لە گەرووە گرنگەكان دادەنرێت لە جیهاندا، دوای ئەوەی لەلایەن ئێرانەوە ئەو گەرووە داخرا و ڕێگە نادات هیچ كەشتییەكی بازرگانی پێیدا تێپەڕێت، زۆرترین قسەی لەبارەوە كراوە و زۆرترین گفتوگۆشی لەبارەوە كراوە. ئێستا ئەو گەرووە لە ڕێككەوتنی نێوان ئێران و ئەمریكا، بووە كارتی فشاری بەهێز.
گەرووی هورمز، سەدا ٢٠ـی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، جگە لەوەی كەشتییەكی زۆری بازرگانیشی پێدا تێپەڕ دەبێت، بۆیە بە داخستنی قەیرانی وزە و خۆراك دروست بووە.
كەناڵی سوێس
كەناڵی سوێس، لەژێر دەسەڵاتی میسردایە و ئاسیا و ئەورووپا بەیەكەوە دەبەستێتەوە، گرنگی ئەو كەناڵە لەوەدایە، كەشتییەكان بەبێ ئەوەی بە دەوری ئەفریقیادا بسووڕێنەوە، دەتوانن لە ڕێگەی كەناڵی سوێسەوە بگەنە وڵاتانی ئەووروپا، بۆیە لە ڕووی ئابوورییەوە زۆر گرنگە و ٢٠٪ی كەشتییە بازرگانییەكان بەوێدا تێپەڕ دەبێت.
تا ساڵی ١٩٥٦، ئەو كەناڵە لەژێر كۆنترۆڵی بەریتانیادا بوو، بەڵام میسر بڕیاری دا ئەو گەرووە بەمیللی بكات، ئەوكات بەریتانیا و فەرەنسا، شەڕیان لە دژی میسر دەستپێكرد، بەڵام ئەمریكا و یەکیەتیی سۆڤیەت هاتنە سەر هێڵ و پشتگیرییان لە میسر كرد و، سوێس بووە کەناڵێکی نیشتمانی. بەگوێرەی بۆچوونی ئابووریناسان، ئەوكاتەی بەریتانیا سوێسی لەدەست دا، پارەكەشی دابەزی و پێگەكەشی وەكوو سۆپەرهێزی دنیا لەکیس چوو.
گەرووی بابولمەندەب
گەرووی بابولمەندەب، لە باشووری دەریای سوورەوە كەشتییە بازرگانییەكانی پێدا تێپەڕ دەبێت، خاڵێكی گرنگیشە بۆ كەناڵی سوێس، چونكە هەر كەشتییەك بیەوێت سوێس تێپەڕێنێت دەبێت بە بابولمەندەبیشدا تێپەڕیبێت هەتا بگاتە ئەورووپا. ئەو گەرووە دەكەوێتە نێوان ئاسیا و ئەفریقیا و ئەگەربێتو ئەو گەرووە دابخرێت، كەشتییەكان دەبێت ڕێگەی خۆیان بگۆڕن و بە ١٠ ڕۆژ زیاتر بە شانی ڕۆژئاوای ئەفریقیا بڕۆن و لەوێشەوە بۆ ئەورووپا، بۆیە ئەو گەرووە پارەیەكی زۆر و ماوەیەكی زۆر بۆ كەشتییە بازرگانییەكان دەگێڕێتەوە.
كۆنترۆڵی ئەو گەرووە بەشێكی حوسییەكانی یەمەنن، بەشێكیشی سوماڵیلانەدە، كە چەند مانگێك بەر لە ئێستا ئیسرائیل سۆمالی لاندی وەكوو وڵات ناساند، واتە حوسییەكان دەتوانن بەمووشەك سەرئێشە بۆ كەشتییە بازرگانییەكان دروست بكەن، بەڵام ناتوانن ١٠٠٪ دایبخەن.
جەبەلتاریق
گەرووی جەبەلتاریق، دەریای سپی و ئۆقیانووسی ئەتڵەس پێک دەبەستێتەوە، بۆیە لەڕووی ئابوورییەوە گرنگە.
كەناڵی پاناما
كەناڵی پاناما گرنگییەكی بێوێنەی هەیە، ٤٠٪ی كەشتییە ئابوورییەكانی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت و دەریای هێمن و ئۆقیانووسی ئەتڵەس پێک دەبەستێتەوە، واتە كەشتییەكان بەبێ ئەوەی بە دەوری ئەمریكای لاتیندا بسووڕێنەوە و بەوێدا تێپەڕن، لە ڕێگەی ئەو كەناڵەوە دەگەنە شوێنی مەبەست.
گەرووی مالاكا
ئەم گەرووە زۆر گرنگە، كەشتییەكی یەكجار زۆری پێدا تێپەڕ دەبێت، هەروەها مالیزیا و ئەندەنوسیا و سەنگاپۆرا پێك دەبەستێتەوە. ئەم گەرووە هێڵی وزەی ئاسیایە، واتە وزەی ئاسیای پێدا تێپەر دەبێت، هەروەها قەرەباڵغترین گەرووی دەریاییە لە ڕووی تێپەڕینی كەشتی و گەمیەی بازرگانییەوە بەو گەرووەدا.
گەرووی ئیستانبۆڵ و چاناكالا
ئەم گەرووە دەرگا بە ڕووی ئەو وڵاتانەدا دەكاتەوە كە وشكانین و لە دەریاوە نزیك نین، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی لە دەریای ڕەشەوە نزیكن، پێویستیان بەو گەرووەیە بۆ ناردنی كاڵاكانیان بۆ بازاڕەكانی ئەورووپا.
ئەم گەرووانەی باس كران، تەنیا كاریگەرییەكەیان لە ڕووی دەریاییەوە نییە، بەڵكوو لە ڕووی پێگە و هێز و دروستكردنی قەیراندا ڕۆڵی گەورە دەبینن، وەكوو ئەوەی ئێستا هورمز داخراوە و كاریگەریی لەسەر وزە و خۆراك دروست كردووە و بووەتە قەیران.

