حەسەن حەمەد ئاندێکی
١٨ی نیسان ڕۆژێکی گرنگە لە ڕۆژمێری جیهانیدا،لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆوە وەک ڕۆژی جیهانی شوێنەوار و بنکە مێژووییەکان (International Day for Monuments and Sites) دیاری کراوە. ئەم ڕۆژە هەموو ساڵێک بە مەبەستی هۆشیاریکردنەوەی خەڵکی جیهان لەسەر گرنگی پاراستنی شوێنەوارە مێژوویی و کولتوورییەکان بەرز دەکرێتەوە. شوێنەوارەکان بەشێکن لە میراتی مرۆڤایەتی و بەڵگەن لەسەر مێژوو، شارستانیەت و کولتووری نەتەوە جیاوازەکان.مێژووی دیاریکردنی ئەم ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٢، کاتێک ئەنجومەنی نێودەوڵەتی شوێنەوار و شوێنە مێژووییەکان (ICOMOS) پێشنیاری کرد کە ١٨ی نیسان وەک ڕۆژێکی جیهانی بۆ پاراستنی شوێنەوارەکان دیاری بکرێت. دواتر لە کۆنگرەی گشتی یونسکۆدا پەسەند کرا و لەو کاتەوە هەموو ساڵێک وڵاتانی جیهان بە جۆرێک لە جۆرەکان یاد دەکەنەوە. هەر ساڵێک بابەتێکی تایبەت هەڵدەبژێردرێت بۆ ئەم ڕۆژە، وەک پاراستنی شوێنەوارەکان لە بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا، یان پاراستنی میراتی کولتووری لەو ناوچەی گیرۆدەی شەڕو جەنگ بووەنە.گرنگی پاراستنی شوێنەوارەکان تەنها لەوەدا نییە کە بینایەکی کۆنن، بەڵکو ئەوانە بەڵگەی زیندووی مێژوون کە چیرۆکی ژیانی باوباپیرانمان، هونەر، تەلارسازی و ژیانی کۆمەڵایەتیان بۆ دەگێڕنەوە. شوێنەوارەکان پێوەندی نێوان ڕابردوو و ئێستا و داهاتو دروست دەکەن. کاتێک شوێنەوارێک دەپارێزرێت، ئەوا ناسنامەیەکی کولتووری و نەتەوەیی دەپارێزرێت. بۆ نەتەوەی کورد، شوێنەوارەکانی وەک قەڵای هەولێر، شوێنەوارەکانی سلێمانی، پارێزگای دهۆک، شارۆچکەی ئاکرێ، و شوێنەوارە دێرینەکانی تر، بەشێکن لە مێژوو و ناسنامەی کوردی.لە هەرێمی کوردستان، چەندین شوێنەواری گرنگ هەن کە دەتوانرێت بکرێنە بەشێک لە چالاکییەکانی ئەم ڕۆژە. قەڵای هەولێر کە یەکێکە لە کۆنترین شوێنە نیشتەجێبوونەکانی جیهان و لەلایەن یونسکۆوە وەک میراتی جیهانی تۆمار کراوە. هەروەها شوێنەوارەکانی سلێمانی وەک گۆیژە، شوێنەوارە ئیسلامییەکانی پارێزگای دهۆک، و شوێنەوارە مێژووییەکانی زاخۆ . ئەم شوێنەوارانە نە تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ تەواوی مرۆڤایەتی گرنگن.
یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکانی سەر شوێنەوارەکان لە جیهاندا، جەنگ و تێکدانی مرۆڤایەتی، گۆڕانی کەشوهەوا، گەشەپێدانی شارەکان بە شێوەیەکی بێ پلانەبۆکراو، و دزینی شوێنەوارەکانە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەندین شوێنەواری گرنگ لە ماوەی جەنگەکاندا زیانیان لێکەوتووە. بۆیە ڕۆژی جیهانی شوێنەوارەکان دەرفەتێکە بۆ ئەوەی حکومەتەکان، ڕێکخراوەکان و خەڵکی ئاسایی هۆشیار بکرێنەوە لەسەر پاراستنی ئەم میراتە بۆ نەوەکانی داهاتوو.لەم ڕۆژەدا، زۆربەی وڵاتان چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن، وەک: ڕێکخستنی گەشتی فێرکاری بۆ شوێنەوارەکان، بەڕێوەبردنی سیمینار و کۆنگرە لەسەر گرنگی پاراستنی شوێنەوارەکان، بڵاوکردنەوەی بابەتی زانستی لە ڕاگەیاندنەکان، و ڕێکخستنی پێشانگای وێنە و شوێنەوار. هەروەها قوتابخانە و زانکۆکان وانە و چالاکی تایبەت ڕێکدەخەن بۆ قوتابیان بۆ ئەوەی لە قۆناغی زووەوە فێری گرنگی پاراستنی شوێنەوارەکان بن.
لە هەرێمی کوردستان، پێویستە ئەم ڕۆژە بە گرنگییەوە ببینرێت و چالاکی زیاتر بکرێت بۆ ناساندنی شوێنەوارە کوردییەکان. دەتوانرێت وەزارەتی گەشت و گوزار، وەزارەتی ڕۆشنبیری، زانکۆکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵایەتی هاوکاری یەکتر بکەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری خەڵک. هەروەها پێویستە یاسای توندتر دابنرێت بۆ پاراستنی شوێنەوارەکان لە تێکدان و داگیرکردن. ١٨ی نیسان تەنها ڕۆژێک نییە بۆ یادکردنەوە، بەڵکو دەبێتە هاندەرێک بۆ ئەوەی هەموو ڕۆژێک خەمی پاراستنی شوێنەوارەکانمان هەبێت. شوێنەوارەکان میراتی باوباپیرانمانن و ئەمانەتێکن لە لای ئێمە بۆ نەوەکانی داهاتوو. پاراستنیان ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆیە.
سەرچاوە بیانیەکان
1.www.icomos.org
2.www.unesco.org

