ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
لە قۆناغی پێشكۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی كەنداو ناسراو بە چامپیۆنزلیگی كەنداو زاخۆی كوردان وەكو نوێنەری عێراق رووبەڕووی شەبابی سعوودیە دەبێتەوە.
شاندی یانەی زاخۆ بۆ خولی یانە پاڵەوانەكانی كەنداو لە رێگەی توركیاوە بۆ رووبەڕبوونەوەی شەبابی سعوودیە ئێوارەی چوارشەممەی رابردوو گەیشتە وڵاتی قەتەر و بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە لە كاتژمێر 05:00ـی ئێوارە لە یاریگەی خەلیفە لە دەوحە لە یارییەكی یەكلاكەرەوە زاخۆ و شەبابی سعوودیە بەیەك بگەن، براوەی ئەم یارییە راستەوخۆ دەگاتە یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگی كەنداو.
یانەی زاخۆ بە راهێنەرایەتی ئەیوب ئۆدیشۆ بە تەواوەتی پێكهاتەكە بۆ یارییەكەی ئەمڕۆ ئامادەیە تەنیا شێركۆ كەریم بەهۆی پێكانەوە لەگەڵ زاخۆ بۆ ئەم یارییە گەشتی قەتەری نەكردووە.
یانەی شەبابی سعوودیە لە لایەن نورەدین زكری، راهێنەری جەزائیری سەرپەرشتی دەكرێت لە دوایین یارییش لە خولی رۆشنی سعوودیە پێش ئەوەی رووبەڕووی زاخۆ بێتەوە بەرامبەر قادسیە بە 2 گۆڵ بۆ هەرلایەكیان بەرامبەربوون.
یانەی شەباب ئەم وەرزە لە خولی نێوخۆیی وڵاتەكەی دۆخی باش نییە و لە كۆی 28 یاری، تەنیا 7 سەركەوتنی بەدەستهێناوە، 10 بەرامبەربوون و 11 شكستی هەیە و بە كۆكردنەوەی 31 خاڵ لە خانەی دوازدەیەمی ریزبەندی خولی رۆشنی سعوودیە دێت.
یانیك كاراسكۆ، هێرشبەری پێشووی ئاتڵێتیكۆ مەدرید دیارترین یاریزانە كە لە ریزەكانی شەبابی سعوودیە یاری دەكات، جگە لەوەش عەلی بلەیهی بەرگریكاری سعوودی و عەبدولرەزاق حەمدڵڵای جەزائیریش یاریزانی شەبابی سعوودین.
لە لایەكی دیكەیشەوە یانەی زاخۆ لە خولی ئەستێرەكانی عێراق لە كۆی 28 یاری، 13 بردنەوە و 8 یەكسان و 7 شكستی هەیە و بە كۆكردنەوەی 47 خاڵ لە خانەی نۆیەم دێت و یارییەكی دواخراویشی بەرامبەر مینا هەیە.
یانەی زاخۆ وەكو نوێنەری عێراق كەوتە كۆمەڵەی یەكەمی خولی یانە پاڵەوانەكانی كەنداو، لە كۆمەڵەكەی هاوشانی یانەكانی قادسیەی كوێتی، عەینی ئیماراتی و سترەی بەحرێنی یاری كرد و بە یەكەمی كۆمەڵەكەی و بە كۆكردنەوەی 13 خاڵ گەیشتە قۆناغی پێشكۆتایی خولەكە. لە كۆمەڵەی دووەمیش یانەكانی رەیانی قەتەری و شەبابی سعوودیە بلیتی قۆناغی پێشكۆتاییان بڕی.
بڕیاربوو یاریی زاخۆ و شەبابی سعوودیە بەشێوازی چوون و گەڕانەوە بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریكا لە دژی ئێران، شێوازی بەڕێوەچوونی یارییەكە گۆڕانكاری بەسەرهات و بڕیاردرا هەردوو یارییەكەی قۆناغی پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگی كەنداو لە وڵاتی قەتەر بەڕێوە بچن.
جامی یانەكانی كەنداوی عەرەبی لەوەتەی ساڵی 1982ـەوە بەڕێوە دەچێت، یانەی عەرەبی كوێتی بووە پاڵەوانی یەكەمین وەشانی چامپیۆنزلیگی كەنداو، پاڵەوانێتییەكەی ئەمجارە 32ـەمین وەشانی چامپیۆنزلیگی كەنداوە، یانەی دهۆك تاكە یانەیە لەسەر ئاستی عێراق جامەكەی بردووەتەوە، یانەكانی سعوودیە خاوەنی ریكۆردن لە بردنەوەی جامەكە كە تێیدا 13 جار بوونە پاڵەوان، یانەكانی ئیتیفاق و ئەهلی سعوودی هاوشانی شەبابی ئیمارات خاوەنی زۆرترین بردنەوەی جامەكەن و هەریەكەیان سێجار ئەو جامەیان بەدەستهێناوە.
بڕیاریشە دوای یارییەكەی زاخۆ و شەباب، هەر ئەمڕۆ یەكشەممە لە كاتژمێر 8:00ـی شەو لە قۆناغی پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگی كەنداو هەردوو یانەی قادسیەی كوێتی و ڕەیانی قەتەری رووبەڕووی یەكتر ببنەوە، یاری كۆتاییش رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە كاتژمێر 06:45 خولەكی ئێوارە دەكرێت.

