ئارام كۆشكی – سلێمانی
10 ساڵی ڕابردوو، 10 ساڵی دەستپێکێکی نوێی ئەدەبیاتی کوردی بوو بەرەو بەجیهانیبوون. لەو 10 ساڵەدا گەلێک تێکستی گرنگی کوردی بە زمانەکانی دیکە چاپ و بڵاوکرانەوە. چ ئەوانەی لە زمانی کوردییەوە وەرگێڕدران، یان ئەو تێکستانەی بە زمانە بیانییەکان نووسراون.
گەشەی ئەدەبیاتی کوردی لە 35 ساڵی ڕابردوودا ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرا، کە هەنگاوی گەورەتر بنێت و لە لۆکاڵبوون دەربچێت و بەرەو بەجیهانیبوونی دۆزی کورد دەرچەیەکی نوێ بکاتەوە، چونکە ئەدەبیات وەکو هێزێکی نەرم ڕیشە لەنێو ئەو زمان و کولتوورانەدا دادەکوتێت، کە تێیاندا بڵاو دەبێتەوە. وەرگێڕانی بەشێک لە بەرهەمەکانی بەختیار عەلی بۆ ئەڵمانی، ئینگلیزی، فارسی، عەرەبی و فەرەنسی، هاوکات بڵاوبوونەوەی چەند بەرهەمێکی دیکەی نووسەرانی کورد بە زمانی نەرویجی، ئینگلیزی، ئەڵمانی و سویدی، دەشێ سەرەتایەکی نوێ بێت بۆ کردنەوەی دەروازەیەک بۆ ناساندنی ئەدەبی کوردی لە ئاستێکی فراوانی نێودەوڵەتیدا، بەڵام ئەم قۆناغە پێویستی بە بەرنامە و ستراتیژی دوورمەودا هەیە تا لێکەوتی گرنگتری هەبێت و ئەدەبیاتی کوردی بەرەو ناوەندە سینەماییەکانی جیهان پەل بهاوێت و لەوێشەوە دەروازەیەکی دیکە بۆ ناساندنی دۆزی گەلەکەمان بکرێتەوە، چونکە سینەما لە ڕووبەرێکی بەرفراوانتردا بەر مرۆڤەکان دەکەوێت.
یەکێک لەو ڕۆمانانەی کە بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە “کچانی دووکەڵ و ئاگر”ی “ئاڤا هوما”یە کە یەکەمجار بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە و چیرۆکی ئێمەی کوردی بە گوێی دونیادا چپاند و بووە جۆرێک لە دەنگی مرۆڤی کورد لە سەرزەمینگەلێک و ڕۆژگارێکدا، کە بە چەندین شێوەی جۆراوجۆر هەوڵی کپکردنی دەنگمان دەدرێت. نووسەر لەم ڕۆمانەدا کە 10 ساڵ کاری لەسەر کردووە، دەیەوێت چیرۆکی ئێمەی کورد لە ماوەی نیوسەدەدا بگێڕێتەوە و لە ڕێی حیکایەتی کوڕان و کچانی کوردەوە چیرۆکی بەرخۆدان و قارەمانێتی و نەبەزین بگێڕێتەوە، چیرۆکی ئەو کوشتن و سڕینەوانەش بنووسێتەوە، کە ماوەی نیو سەدەدا نەتەوەیەکی مەزنی بێ دەوڵەت لەلایەن داگیرکەرانییەوە تووشی بووە.
کچانی دووکەڵ و ئاگر؛ تەنها ڕۆمانێک نییە، بەڵکو مانیفێستی مرۆڤی کوردە، سەرەتا بۆ کورد خۆی و دواتریش بە نەتەوەکانی دیکە. نووسەر دەیەوێت مرۆڤی کورد لەنێو دووکەڵ و تاریکیدا ئاگرێک بکاتە مەشخەڵ و ڕێگە تاریکەکانی پێ ڕووناک بکاتەوە. هاوکات ئەم مانیفێستە هێزی ئەوەی تێدایە ببێتە جۆرێک لە لۆبیکەری بۆ دۆزی کورد و ناساندنی ئەو ژان و ئازارانەی بەسەریدا هاتووە.
دەنگدانەوەی ڕۆمانەکە پاش بڵاوکردنەوەی زۆرێک لە سنوورەکانی بڕی پڕۆفیسۆر (عەباس وەلی)، لەبارەی ئەم ڕۆمانەوە دەڵێت “کچانی دووکەڵ و ئاگر گێڕانەوەیەکی سەرنجڕاکێشانەی ئاگاهی و توانستە، زیرەکانە باری کەسایەتی و سیاسەت ئاوێزان دەکا، چیرۆکی ژان و ناسۆر و تراوما لەگەڵ یەکێ لە چیرۆکەکانی خۆشەویستی و تاسەمەندی، ڕاستەڕێ دەخا. ڕۆمانەکە بۆ ڕەتکردنەوەی ژیانێکی ڕۆمانسیانە لەبن باری چەوساندنەوە، ڕەسەن و هەژێنەرە.” هاوکات نووسەر و پڕۆفیسۆر (شەهرەزاد موجاب) لەبارەی ئەم ڕۆمانەوە دەڵێت “چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی ماڵباتێکە، خەیاڵ و ئەندێشەی ئێمە لەسەر ئەو ململانێیە دەکاتەوە، کە وەک کورد بژیت. داستانێکی دنەدەر بە ڕوانینێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بۆ نێو ناخی ناسنامەی کوردی و سیاسەت و ژیانی ژنان. بۆ خەبات لە پێناو مانەوە و ئازادی؛ لەیلای شاکەسە بوێرەکە، هی لەبیرچوونەوە و فەرامۆشکردن نییە. ئاڤا هوما لە داستانەکەیدا سەدای ڕاستەقینەی خەون و ئارەزووی ژنانی کوردە بۆ ئازادی.”
باڵوێز پیتەر گالبرێت، دانەری کتێبی کۆتایی عێراق لەبارەی ئەم ڕۆمانەوە دەڵێت “لە کاتێکدا خەبەر و باسی کورد لە عێراق و سوریا زۆر لە دەنگوباسدا هەبوو، حکوومەتی ئێرانی دیوارێکی بێدەنگی لە دەوری ئەو ژمارە زۆرە کوردەی لای خۆی وەرێنابوو. ئەم ڕۆمانە ناوازەیە بە چیرۆکی نایابی خۆی لە هەراشبوون و باسکردنی چەوساندنەوە و مەرگ، ئەم دیوارەی سمیوە. کتێبەکە زۆر بە جوانی نووسراوە، خۆی باشترین کاری داستانی ئەندێشەیە، کە لە ڕۆژهەڵاتی نزیکەوە سەریهەڵدابێ.”
جگە لەم نموونانە چەندین نموونەی دیکەی دەنگدانەوەی ڕۆمانەکە هەیە، بەڵام جگە لەمانە ئەم ڕۆمانە خاوەنی خەڵاتی “ناتلیس”ـە، کە ئەم خەڵاتە لە ساڵی 1988 ەوە بەردەوامە و دەدرێتە ئەو کتێبانەی بۆ پرسی دادپەروەریی ژینگە و کۆمەڵایەتی تەرخانن. دوای ئەم خەڵاتە و ئەو بۆچوونانەی لەسەرەوە و ئەو دەنگدانەوە زۆرانەی دیکە دەتوانین ئەم ڕۆمانە لەپاڵ هەوڵەکانی تری نووسەرانی دیکەی کورددا وەکو جۆرێک لە لۆبی کوردی لەڕێی ئەدەبیاتەوە ببینین، چونکە لۆبی ئەدەبیات وەکو هێزێکی نەرم هێدی هێدی ڕەگی خۆی لەنێو ئەو کولتوور و زمانانەدا دادەکوتێت کە تێیدا بڵاو دەبێتەوە.
بێگومان ئێمە لەم نووسینەدا نامانەوێت لەبارەی چیرۆکەکە و هێڵە فیکرییەکانییەوە بدوێین و ئەوە بۆ دەرفەتی دیکە هەڵدەگرین، بەڵام گرنگە بەلامانەوە ئەم تێکستە کە نووسەرێکی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تاراوگە بە زمانی ئینگلیزی نووسیوەیەتی نرخاندنێک بکەین، دەنا دەتوانرێت لەسەر چەندین ئاستی جیاوازە ڕۆمانەکە شرۆڤە بکرێت.
چاپی یەکەمی ئەم ڕۆمانە بە زمانی کوردی پێنج ساڵ لەمەوبەر بە وەرگێڕانی “شەفیقی حاجی خدر” بڵاوکرایەوە و پێشوازییەکی گەرمی لێ کراو و ئەمساڵ ناوەندی ڕەهەند بە چاپێکی ناوازە و بەپێشەکی نوێی نووسەرەوە چاپی دووەمی بڵاوکردەوە.

