رۆژنامەی ھەولێر

مژدەی چاپبوونی کتێبێکی نوێم لەلایەن «ئەکادیمیای کوردی»یەوە

دیاکۆ هاشمی

زۆر بەخۆشحاڵییەوە، ڕای دەگەیەنم کە بەرگی یەکەمی کتێبی «بابەتە زمانەوانییەکانم» لە بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردی، کەوتە بەر دیدی خوێنەران.
چاپکردنی ئەم بەرهەمە لەلایەن بەرزترین مەرجەعی زانستیی زمانی کوردییەوە، جێگەی شانازییەکی گەورەیە و بەرپرسیارێتیمان بۆ خزمەتکردنی زمانەکەمان قورستر دەکات.

ئەم کتێبە چییە و بۆ کێیە؟
ئەم پەرتووکە، کورتەیەکە لە هەوڵە بەردەوامەکانم بۆ ساغکردنەوە، ڕاستکردنەوە و دەوڵەمەندکردنی لقە جیاوازەکانی زمانی کوردی. هەوڵم داوە قورسترین و ئاڵۆزترین بابەتە زمانەوانییەکان، بە زمانێکی سادە و پاراو دابڕێژمەوە، تا نەک تەنیا بۆ پسپۆڕان، بەڵکوو بۆ مامۆستایان، قوتابییان و هەر تاکێکی کورد کە خەمی زمانی هەیە، ببێتە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو.
ئەم کتێبە کۆمەڵێک وتاری زمانەوانیی سەربەخۆن، کە هەر بەشێکی لەسەر بابەتێکی جیاواز نووسراوە.
لەناو لاپەڕەکانی ئەم کتێبەدا چەندان پرسی هەستیار و چارەنووسساز تاوتوێ کراون، لەوانە:
ڕێنووس و مۆرفۆلۆژی: چارەسەری کێشەی بزوێنەکان (و، وو، ی، یی) و یاساکانی پێکەوەنووسین و جیانووسین (لێکدان و داڕشتن).
تەکنۆلۆژیا و ژیریی دەستکرد: ستراتیژیی یەکخستنی زمانی کوردی بۆ ئەوەی لە سیستەمە دیجیتاڵییەکان و ژیریی دەستکرددا جێگەی خۆی بکاتەوە.
زاراوەسازی: بنەماکانی دروستکردنی زاراوەی زانستی (ناسی vs زانی) و ستانداردکردنی ناوی شوێنە بازرگانییەکان.
کۆمەڵناسیی زمان: بۆچی کورد خاوەنی یەک «زمانی هاوبەش» نییە؟ و کاریگەریی هەژموونی زمانەکانی دراوسێ (وەک فارسی و عەرەبی) لەسەر زمانی کوردی.
زمان تەنیا ئامرازێک نییە بۆ ئاخاوتن؛ زمان نیشتمانێکە کە تێیدا دەژیین، بیر دەکەینەوە و کێیەتی = (هویت identity)ی خۆمانی تێدا دەبینینەوە. هیوادارم ئەم بەرهەمە ببێتە هەوێنی یەکخستنی ڕێنووسی کوردی و هاندەرێک بێت بۆ نەوەی نوێ تا بە شانازییەوە بە زمانێکی ستاندارد و زانستی بنووسن و بخوێننەوە.
لە کۆتاییدا، سوپاسی بێپایانم بۆ ئەکادیمیای کوردی کە خەمخۆرانە باوەشیان بۆ ئەم پڕۆژەیە کردەوە.
ڕێنوێنی زمان، سوید – ٢٠٢٦

تێبینی: ئەم کتێبە لەلای ئەکادیمیای کوردی، هەولێر دەست دەکەوێت.