رۆژنامەی ھەولێر

لەنێوان خودئەڤینی و خودفەرامۆشیدا

ئارام كۆشكی – سلێمانی

گۆڕانە خێراکان، مرۆڤی سەردەمی ئێستایان بۆ دوو بەشی تەواو جیاواز دابەش کردووە، بەشێکیان ئەو مرۆڤانەن، کە تووشی “خودئەڤینییەکی شێواو” بوون، بۆیە دەڵێم شێواو، چونکە تاڕادەیەک، یان ڕێژەیەک لە “خودئەڤینی” لە مرۆڤدا پێویستە، بەڵام زیادەڕەویکردن لەمەدا دەبێتە بەرهەمهێنەری دۆخێکی شێواو. بەشی دووەمیان ئەو کەسانەن، کە تووشی “خودفەرامۆشی” بوون، کە ئەمیش هیچی کەمتر نییە لە نەخۆشی خودئەڤینی شێواو.

خودئەڤینی “نارسیسیزم”، ڕیشەی ئەم چەمکە دەگەڕێتەوە بۆ نارسیس-ی پاڵەوانی یۆنانی، ئەویش کاتێک کە ڕێی دەکەوێتە نێو داستانێک و مێرگوڵانێک و بەسەر کارێزێکدا شۆڕ دەبێتەوە ئاو بخواتەوە، کەچی وێنەی خۆی لەنێو ئاوەکەدا دەبینێت و هێندە لێی ورد دەبێتەوە تا شەیدای دەبێت و دەکەوێتە ئەڤینەوە لەگەڵی. زاراوەی خودئەڤینی لەم ڕووداوەوە هاتووە. واتە خۆت دەبیتە ئۆبێکتی ئەڤینی خۆت. لە بەرامبەردا خودفەرامۆشی؛ بریتییە لە پێچەوانەی خودئەڤینی. لێرەدا خود بەتەواوی خۆی لەبیر دەکات و بۆ “شت” دەژی، یان خۆی دەکاتە قوربانی بۆ ئەوانی تر، لێرەدا قوربانی دیوێکی ڕەمزی هەیە، نەک خۆفیداکردن. دیوێکی دیکەی خودفەرامۆشی بریتییە لە گرنگیدانی تەواوەتی بەئەوانتر لەسەر حسابی خۆت. واتە ئەگەر خودئەڤینی، یان عاشقبوون بەخۆت جۆرێک بێت لە دابڕان لە جیهان، ئەوا لە خودفەرامۆشیدا لەبیرکردنی خۆتە لەپێناو جیهاندا.
مرۆڤ کاتێک گرنگی زیاتر لەوانی تر بەخۆی دەدات، تۆمەتی “خودئەڤینی” دەدەنە پاڵ، بەڵام کاتێک خودی فەرامۆش دەکات و بۆ ئەوانی تر دەژی دەبێتە پەسەندی کۆمەڵگە و دەوروبەر. بێگومان چۆن خودئەڤینی چەند ئاستێکی هەیە بەهەمان شێوەش خودشەیدایش چەند ئاستێکی هەیە. سەرەتا باس لە ئاستەکانی خودئەڤینی دەکەین:
ئاستی یەکەمی خودئەڤینی بریتییە لە شەیداییەکی لە ڕادەبەردە بۆ خۆت، بەبێ هیچ گرنگیدانێک بەوانی تر، یان دەتوانم بڵێم تاک لێرەدا پێیوایە خۆی سەنتەرە و هەموان لە پەراوێزدان، من ئەمەیان ناودەنێم “خودئەڤینی شێواو”، چونکە بووەتە نەخۆشی و ئاستی ئاسایی تێپەڕاندووە.
ئاستی دووەمی خودئەڤینی بریتییە لە ئاشقبوونی خود بەخۆی، بەڵام بەبێ فەرامۆشکردنی ئەوانی تر و پشتگوێخستنی ئەوانی تر. ئەم ئاستە بەپێچەوانەی ئاستی یەکەمەوە دوورە لە خۆپەرستی کوێرانە، بەڵکو جۆرێک لە گرنگیدانە بە خود لەپێناو ژیاندۆستی و ئەوانی تردا، لێرەوە دەرچەی ئەوینی ئەوانی دیکەش دەکرێتەوە.
ئاستی سێیەمی خودئەڤینی دەشێ جۆرێکی شاراوە بێت، تاک لێرەدا چەشنی جۆری یەکەم شەیدای خۆیەتی، بەڵام ئەم شەیدابوونەی دەشارێتەوە تا دەکەوێتە نێو کێشەیەک، یان نەخۆشییەک، ئەوکات ئەوانی تر هەست بە بەرزی و شێواوی ڕادەی خودئەڤینییەکەی دەکەن. ئاستی سێیەم لەگەڵ ئاستی یەکەمدا تەنها یەک جیاوازی هەیە ئەویش ئەوەیە ئەم ئاستەیان شاراوەیە.
سەبارەت بە ئاستەکانی خودفەرامۆشیش دەشێ ئەم چەند ئاستە دیاری بکەین:
ئاستی یەکەمی خودفەرامۆشی، تاک لەم ئاستەدا خود فەرامۆش دەکات لەپێناو بەدەستهێنانی دەستکەوتی ماددیدا و زۆرجار ئەمە دەبێتە هۆی زیانی تەندروستی. لەم ئاستەدا تاک شەیدایی تەنها بۆ “سەرمایە” هەیە و ئامادەیی قوربانیدانی زۆرە لەپێناو بەدەستهێنانیدا.
ئاستی دووەمی خودفەرامۆشی؛ شەیدابوونی تاکە بە ئامێرێکی تەکنەلۆژییەوە، یان بە یەکێک لە ئامێرە مۆدێرنەکانی چەشنی “ئۆتۆمبێل، تەلەفزیۆن، مۆبایل”، یان هەر ئامێرێکی دیکە. لەم ئاستەدا تاک هەموو وزەی خۆی بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامێرانە سەرف دەکات و بەتەواوی دەکەوێتە دۆخی خودفەرامۆشییەوە.
ئاستی سێیەمی خودفەرامۆشی، خۆقوربانیکردنەی خودە بۆ ئەوانی تر، بە چەشنێک تا ڕادەی گیانفیدایی دەڕوات و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی تاک بوونی خوی بە بوونی ئەوانی تردا هەڵبواسێت و خۆی بەتەواوی فەرامۆش بکات، یان پێگەیەک بۆ خودی خۆی دانەنێت.
خاڵێک کە لێرەدا بە نەرێنی دەشکێتەوە ئەوەیە کە ئەو کەسەی تووشی ڕێژە بەرزەکەی خود ئەڤینی دەبێت لەوێوە ئیتر پێیوایە خۆی هەموو شتێکە و حساب بۆ ڕاوبۆچوونی ئەوانی تر ناکات و تووشی ئیگۆیەکی فووتێکراو دەبێت و ئەمەش تا ئەو کاتە بەردەوام کە ڕووبەڕووی کێشەیەک دەبێت و لەئاستی ئەو کێشەیەدا شکست دەهێنێت. لەم حاڵەتەدا کەسەکە یان بەتەواوی دەڕووخێت و تا لێواری خۆکوشتن دەڕوات، یان ئیگۆی فووتێکراوی دەتەقێت و ناچارانە پەنا بۆ ئەوانی دیکە دەبات تا یارمەتی بدەن.
هەندێک ئاستی خودئەڤینی هەیە ڕێژەکەی هێندە بەرزە ئیدی ئەو کەسە هەموو کەسەکانی چواردەوری لەدەست دەدات، چونکە پێیوایە پویستی بە هیچ کەسێکی دیکە نییە، خۆ ئەگەر تووشی کێشەیەکیش بێت و پێویستی بە کەسانی تر بێت، ئەوا نەخۆی داوای یارمەتی دەکات و نە کەسیش یارمەتی دەدات.
ئەگەر ئێستا سەرنجەکانمان لەسەر هەردوو چەمکەکە چڕ بکەینەوە دەبینین لەنێوان خودئەڤینی و خودفەرامۆشیدا، ڕێگای سێیەم هەیە کە مرۆڤ نە ببێتە خودئەڤینێکی شێواو نەک خودفەرامۆشێکی هەمیشەیش بێت، بەڵکو لەو نێوانەدا گرنگە مرۆڤ نە هێندە خودفەرامۆشکەر بێت، کە ئیتر بوونی نەمێنێت، نە هێندەش خودئەڤین بێت، کە بوونی ئەوانی تر بسڕێتەوە. مرۆڤ پێویستی بە ئەوانی تر هەیە، بەڵام گرنگیدان بە ئەوانی تر نابێت لەسەر حسابی خۆفەرامۆشکردن بێت.
بێگومان ئەوەی لێرەدا خرایە ڕوو سەرنجێکی کورت و رۆژنامەوانیانەیە و دەنا هەر یەکێک لەم چەمکانە پێویستی بە شرۆڤە و توێژینەوەی تایبەت هەیە بەهێنانەوەی نموونە، بەڵام ئەرکی ئێمە لەم وتارەدا تەنها وروژاندنی کێشەکانە نەک گەڕان بەدوای وردەکاریی و چارەسەرەکاندا.