نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 630 بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی چوونەتە غەززە

تۆم فلیچەر، یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی ڕایگەیاند، زیاتر لە 630 بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی چوونەتە ناو کەرتی غەززە، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس دێت.

تۆم فلیچەر لە پلاتفۆرمی  “ئێکس” ڕایگەیاندووە، ” ڕۆژی یەکشەممە، زیاتر لە 630 بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی چوونەتە ناو غەززە، کە لانیکەم 300 لەو بارهەڵگرانە گەیشتوونەتە باکووری کەرتەکە.”

فلیچەر گوتیشی: “هیچ کاتێک نییە بەفیڕۆی بدەین، دوای 15 مانگ لە شەڕی بەردەوام، پێداویستییە مرۆییەکان زۆر گرنگن.”

ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە کە دوێنێ یەکشەممە، دەستی پێ کرد و قۆناغی سەرەتایی شەش هەفتەیە، کە دەبێت ڕۆژانە 600 بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی بگەیەندرێتە غەززە، هەروەها لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکەدا، 33 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکرێن، لە بەرامبەردا دەبێت ئیسرائیلیش سەدان زیندانی فەڵەستینی ئازاد بکات.

یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: ئەو سێ بارمتە لە کەرتی غەزە ئازاد کران، بە پشتیوانی هێزەکان گەیشتنەوە خاکی ئیسرائیل.

دووشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2025، دەستەی زیندانیەکان ڕایگەیاند، “90 زیندانی فەڵەستینی ئازاد کراون.”