ڕائیب جادر – هەولێر
ساڵی ٢٠٢٤، ساڵی گۆڕانکاری ئیدارەی سۆران بوو، ھەموو ئەو شوێنانەی کە پێویست بوو خزمەتگوزاری پێ بگات، یان پڕۆژەی لێ جێبەجێ کراوە، یان کارکردن تێدا بەردەوامە، لەو ساڵەدا ٧٣٢ پڕۆژە لە شارەکان و ٢٥٩ پڕۆژەش لە گوندەکان جێبەجێ کراون.
زیاتر پڕۆژەکان لە بواری ڕێگەوبان، لەگەڵ گەیاندنی خزمەتگوزاری بە زۆربەی گەڕەک و کۆڵانەکانی شار لە بواری ئاو، ئاوەڕۆ و قیڕتاوکردن بوونە، لە ھەمان کاتدا لە گوند و ناحیەکانیش کارێکی زۆر باش کراوە و ئەوەی پێویست بووە لەو شوێنانە کراوە. ھاووڵاتییانیش لەبەرامبەر جێبەجێ کردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەن و داوا دەکەن ھەر شوێنێک مابێت، ئەمساڵ پڕۆژەی لێ جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ناوچەکە زیاتر ئاوەدانی بەخۆیەوە ببینێت.
ھەژار حەکیم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: کۆی گشتی ئەو پڕۆژانەی کە لە سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران خراونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بریتین لە ٧٣٢ پڕۆژە، ئەمە تەنیا بۆ ناو شار، ھەروەھا ٢٥٩ پڕۆژەش لە گوندەکان جێبەجێ کراون، خۆ لە دانانی پلانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پشکی شێر بەر شار کەوتووە، لەناو سۆران ھیچ شوێنێک نەماوە پڕۆژەی پێ نەگەیشت بێت، بۆ ئەمساڵیش ھەر شوێنێک پێویستی بە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بێت، پڕۆژەی لێ جێبەجێ دەکرێت.