لە پەروەردەی سیاسی و حزبییەوە

فازڵ میرانی
سیاسەت لە یەکێک لە بەکارهێنانەکانیدا هونەری حزبایەتییە، نەک بە پێچەوانەوە. زۆرێک لە تاک و کۆمەڵ بەبێ هەبوونی هیچ قەوارەیەکی حزبی سیاسەت پیادە دەکەن، جاروباریش بە حزبایەتییەکی شاراوە، یان بێلایەن، یان ڕانەگەیەنراو، یان لەژێر چاودێرییەکی دوور لە وابەستەکردنی خاوەن ماف بەقەوارەی حزبەوە، بەدی دەکرێت.
هەموو ئەو شکڵ و شێوانە، هەمان ئەو یاسا و ڕێسایانەیان بەسەردا دەچەسپێت، کە بەسەر فێرکردن و پەروەردەدا دەسەپێت، بە واتا و چەمکە زانستییەکەی، چ بە باری باشییەوە بێت، یان بە دیوە خراپەکەیەوە بێت.
من وەک خۆم یەکێک بووم لەوانەی، کە خوێندنم بە زمانی عەرەبی بووە. لە بیرمە مامۆستا و وانەبێژەکانمان هەوڵێکی زۆریان دەدا بۆ ساز و تەیارکردنمان لەبواری فێربوونی: پیت و وشە و ڕستە و بەند و باب و فەسڵدا، هەروەها لە خوێندنەوە و شیکردنەوە و تێگەیشتن و تێڕوانیندا، لە نووسینی بێهەڵەی ڕێنووس و دەربڕینی ڕوون و ئاشکرادا.
قەڵس دەبم کاتێک دەبینم نەوەکانی ئێستا وشەکان بە ڕێسای هەڵە دەردەبڕن و بە نووسینی ناشیرین و واتای ناڕوون دەخوێننەوە.
لە حزبایەتی و سیاسەتدا شتێک هەیە دەکرێت لە ڕووی میکانیزمەوە پێوەندیی بە پەروەردەوە هەبێت.
ئێمە پەروەردە و قەزیەی کوردی لەسەر دەستی مستەفا بارزانی فێربووین، هەڵبەت دوور لە سیاسەت وەک پسپۆڕی، حزبایەتی وەک هەڵبژاردن.
قەزیەی ئێمە بە ئامرازگەلێک چارەسەر دەبێت و کارلێک دەکات، کە حزبایەتی و سیاسەت بەشێکن لێی، بەڵام قەزیەکەمان لەم دوو ئامرازە گەورەتر و بەردەوامترە. ئاڵۆزییەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوانەی دەستیان بەسەر سەرەداوی مافەکاندا گرتووە و لە چارەسەری دروست ڕێگری دەکەن.
لە قوتابخانەی بارزانیدا سەرکەوتن بەبێ ئامادەسازیی زاتی بەدەست نایەت، تێگەیشتنیش نابێتە لەبەرکردنی بێواتا، بڕوانامەیەکی ڕووتیش قبووڵ ناکرێت، ئاخر ئەم تەرزە کەسانە هەر زوو بۆ دامەزراندنی قوتابخانەی خۆیان دەکشێنەوە، یان دەچنە پاڵ قوتابخانەیەکی تر. بەڵام بێگومان ناتوانن کوالێتی فێرکارییە نیشتمانی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییە بێهاوتاکەی بارزانی لەگەڵ خۆیاندا ببەن.
بوونە مامۆستا ئەرکێکی گرانە و بوونە خوێندکار هەڵبژاردەیە و پێویستە لە ئاستی ئەو هەڵبژاردنەدا بیت. نابێت پیت و وشە و ڕستەی حزبی بەفیڕۆ بدرێن و گوتنی وشەی بێمانا و هەڵە جێگەیان بگرنەوە، چونکە تاقیکردنەوە دێت و ئەوەی دەنووسرێت تەنها وەڵام نییە، بەڵکوو هەڵسەنگاندنی گەلە بۆ خوێندکار و مامۆستاکەی.

و. هۆنیار عەبدوڵڵا