وەزیری دەرەوەی سووریا هۆشداریی بە ئێران دەدات دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی نەکات.
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری نوێی دەرەوەی سووریا لــە حکوومەتی ڕاگوەزەر، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ڕایگەیاند: “هۆشداریی بە ئێران دەدەین دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی سووریا نەکات و ڕێز لە ئیرادەی گەل و سەروەری وڵاتەکە بگرێت، هەروەها نەبێتە هۆیەک بۆ دروستبوونی ئاژاوە لە سووریا.”
قسەکانی وەزیری دەرەوەی سووریا لە وەڵامی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێراندایە، کاتێک چەند ڕۆژێک پێش ئێستە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، پێیانوایە لە داهاتوودا گۆڕانکاریی زۆر لە سووریا ڕوو دەدەن.
هەر لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، ڕۆژی دووشەممە، 23-12-2024، ئەحمەد شەرع (ئەبو محەممەد جۆلانی) فەرماندەی گشتیی ئیدارەی نوێی سووریا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی باڵای لوبنانی لە دیمەشق، ڕایگەیاندبوو: “ئازادکردنی سووریا ناوچەکەی لە جەنگی جیهانی سێیەم ڕزگار کرد و بوونی میلیشیاکانیش لە سووریا ببووە هۆی نیگەرانی هەموو وڵاتانی ناوچەکە.”