حەمەسەعید حەسەن
کەس پەی بە ویستی خوا نابات
سۆفی بەوە زۆر سەرسامە کە خوا فەرموویەتی: (لە ئاسمانەکان و زەمیندا جێم نابێتەوە، بەڵام لە دڵی بەندەیەکی باوەڕداردا جێم دەبێتەوە.) لای سۆفی، دڵ زێدی زاتی خوایە، یان ئاوێنەیەکە خوا خۆی تێدا دەبینێت، بەڵام سۆفی پێویستە هەمیشە بە زوهد و ملکەچی بۆ خوا، ئەو ئاوێنەیە ڕوون و پاکژ ڕابگرێت و بوار نەدات گەردی لێ بنیشێت، تا نووری خوا تێیدا شەوق بداتەوە. خوا لە فەرموودەیەکی قودسیدا دەڵێت: (لەگەڵ ئەوانەدام کە لە پێناوی مندا دڵیان شکاوە.) مەبەست لە دڵشکان زوهدە کە سۆفی لە پێناوی ئەڤینی خوادا، خۆی لە چی خۆشیی دونیایی هەیە بێبەش دەکات. سۆفی نەک هەر دڵی خۆی دەشکێنێت، بەڵکوو لەڕێی تەرکی دونیاوە، بەهۆی پشتکردنە خواردنەوە، جەستەی خۆیشی تێکدەشکێنێت. ئەوەی خوا دڵێکی شکاو لە جەستەیەکی ڕووخاودا دەکات بە هەواری خۆی، (لویس ماسینۆن)ی (١٨٨٣ – ١٩٦٢) بەو ئەنجامە گەیاندووە کە (لە ئیسلامدا، زاتی خوا زیاتر لەڕێی ڕووخانەوە بوونی خۆی دەسەلمێنێت، وەک لە ڕۆنانەوە.) ئەوەیش جێی سەرنجە کە لە شیعری سۆفییانەدا زوو زوو وشەی شکست پاتە دەبێتەوە، شکستێک کە دەبێتە سەرەتایەکی نوێ کە وەک دۆزینەوەی گەنجینە وایە لە کەلاوە و شوێنەواری تەلارێکی ڕووخاودا. لای سۆفی، عەقڵ ڕەدووی ئارەزووی (دەروون)ی بەد ناکەوێت و (دڵ) دەشکێنێت.
بەشێک لە سۆفییە مەزنەکان، بە چاوی ڕێزەوە سەرنجی ئیبلیسیان داوە، شاعیرێکی بەنگالی کە ناوی سەیید سوڵتانە، لە سەرەتای سەدەی حەڤدەدا، داستانێکی هۆنیوەتەوە، ناوی ناوە: ئیبلیسنامە. ئەوە حەللاج بوو کە یەکەم جار ئەو دەرگایەی کردەوە و شەیتانی وەک ستەملێکراو ناساند. لە ڕوانگەی حەللاجەوە، تەنیا پەیامهێن و شەیتان (ئەهلی تەوحیدن،) چی ڕەحمەتی خوایە، لای موحەممەدەوە دێت، چی غەزەبیشی هەیە لای ئیبلیسەوە دێت. شێعیری ئەفغانی حەکیم غەزنە گوتوویەتی: (ئەوی تەوحید لە شەیتانەوە فێر نەبێت، کافرە.) عەتتار پێی وابوو: (شەیتان عاشقێکی ڕاستگۆی خوابوو، نکووڵیی لە تاکوتەنیاییی خوا نەکرد. شەیتان ئەوەی پێ شانازی بوو خوا نەفرەتی لێ کرد، ئاخر پێی وابوو، نەفرەتی خوا لەوە باشترە، لە غەیری خوا، کوڕنووش بۆ کەسی دیکە ببات.)
بڕۆ لە شەیتانەوە فێری خواپەرستی ببە
لە غەیری خوا، کڕنووشی بۆ کەسی دیکە نەبرد!
عاشقی ڕاستەقینە کە مەحبووبەکەی پێی گوت: بڕۆ، دەڕوات، ملکەچی فەرمانی دەبێت، هەرچەندە شەیدای ویساڵیشە. مەحوی دەڵێت:
کە ڕۆحم تێگەیی تۆ حەز بە دەرچوونی دەکەی، دەرچوو
دەبێ عاشق کە دی بێزارە یاری، بێ بڕۆ، بڕوا
وتم: با لەم دەر و لەم کۆیەدا ئانێ سکوونەت کەم
وتی: عاشق دەبێ ھەر دەربەدەر بێ، کۆ بە کۆ بڕوا
مەولانا دەڵێت: (ئەگەر شەیتان ئەوەی لە بیر بووایە کە خوا لە ڕۆحی خۆی فووی بە ئادەمدا کرد و لە جوانترین شێوەدا خوڵقاندی، قەت نەیدەگوت: من لە ئادەم چاکترم و کوڕنووشی بۆ نابەم.) لەکن موحەممەد ئیقبال (١٨٧٧ – ١٩٣٨) بە پشتبەستن بە گوتەیەکی پەیامهێن کە دەڵێت: (شەیتانی من خۆی داوە بە دەستەوە،) شەیتان لە ململانێی لەگەل ئینساندا تووشی تێکشکان دێت و کوڕنووشی بۆ دەبات. مەسەلەی شەیتان وەک چۆن پێوەندیی بە دووانەی خێر و شەڕەوە هەیە، پێوەندییەکی قووڵیشی بە دووانەی ویست و قەدەرەوە هەیە. کە ئەوە زاتی خوایە بڕیار لەسەر هەموو شتێک دەدات، ئیدی هەق نییە، ئۆباڵی هیچ شەڕێک بخەینە ئەستۆی شەیتان یان ئینسان. ئایا ئەوە کۆیلایەتی نییە، ئەگەر ئینسان هەمیشە ملکەچی فەرمان بێت و قەت گوێڕایەڵی ویستی خۆی نەبێت؟ ئیبلیس بۆیە بەر نەفرەت کەوت، چونکە یەک جار ویستی خۆی خستە گەڕ.
تەوحید ئەوەیە بە حوسن و ڕەزای خۆت، تاقە خوایەک بپەرستیت، بۆ هەموو شتێک پشتی پێ ببەستیت، خۆتی بە تەواوی بدەیتە دەست و دڵت هەمیشە لای بێت. تەوحید ئەوەیە بڕوات وابێت، هەموو شتێک لای خواوە دێت، هەر ئەوت خۆش بوێت و هەمیشە تامەزرۆی بیت، ئامانجت ئەو بێت و قەت لەبەر خۆشییەکانی دونیا، لێی غافڵ نەبیت. تەوحید ئەوەیە خۆبەخشانە خۆت بە کۆیلەی خوا بزانیت، لە فەرمانی یاخی نەبیت و بێجگە لەو، مافی هەڵبژاردن، نە بە خۆت و نە بە کەسی دیکە ڕەوا نەبینیت. تەوحید ئەوەیە لە هەموو بووندا لە غەیری خوا، نووری حەق لە کەسی دیکەدا نەبینیت و لە دڵەوە ئەو یەقینەت لەکن دروست بووبێت کە هەموو شتێک بە دەستپێشخەریی خوا دەقەومێت و خوا کە هەمیشە لێتەوە نزیکە، بڕیار لەسەر ئەوە دەدات، چیت پێ ببەخشێت و لە چی بێبەشت بکات.
قەدەر نهێنییەکە نە هیچ فریشتەیەکی نزیک لە خوا پەی پێ دەبات، نە هیچ پەیامهێنێک. قەدەر نهێنییەکی خوایییە، بەر لە خولقاندنی ئینسان دیاری کراوە و هەرگیز ئینسان گرێکوێرەی ئەو نهێنییەیەی بۆ ناکرێتەوە. سۆفییەکان لەگەڵ ئەوەدا نەبوون، ئینسان لە هەموو شتێکدا خۆی بە دەست قەدەرەوە بدات، بەڵام هەر زەندەقیان لە قەدەر چووبوو، ئاخر هەرچەندە شەو و ڕۆژ خەریکی خواپەرستی بوون، هێشتا هەر لە ئاگری دۆزەخ دەترسان، چونکە غەزالی گوتەنی: کەس پەی بە ویستی خوا نابات.
*