ئەمڕۆ یەكشەممە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی کرد لە تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەوە كرایەوە كە لە ئایندەیەكی نزیكدا كە خانەنشین و كەسوكاری شەهیدان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانیش مووچەكانیان دەبێتە ئەلیكترۆنی.
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لە سەر دواین بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆژەکە لەسەر ئاستی پارێزگاکان کرا و بەپێی دواین ئامارەکان تا ئێستا نزیکەی 700 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە ڕێگای هەشت بانکەوە خۆیان تۆمار کردووە.
زیاتر لە 318 هەزار کارتی بانکی دابەشراوە و 306 ئامێری ڕاکێشانی پارە بەردەستە و بۆ مانگی تشرینی دووەم نزیکەی 221 هەزار مووچەخۆر بەشێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن.
بۆ مانگی کانونی دووەمی ساڵی داهاتوو، سەرجەم فەرمانبەرانی شارستانی لە پارێزگای هەولێر بەشێوەی دیجیتاڵی مووچەکانیان وەردەگرن.
لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ سەرجەم خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، لەمڕوەوە چەندین کارئاسانیان بۆ دەکرێت و بڕیاریشە لە ساڵی داهاتوودا هەنگاو بە هەنگاو پڕۆژەکە ڕادەستی وەزارەتی دارایی و ئابووری بکرێت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا پێشوازی لە گشتاندنی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کرا، کە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و پارێزگاکانی کردووە و نوسخەشی بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ناردووە و حکوومەتی هەرێمی پابەند کردووە بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکەی و تیایدا هاتووە “سەبارەت بەبەرەوپێشبردنی ژینگەی کارەکان و پتەوکردنی توانای بانکەکانی عێراق لەسەر بنەمای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دارایی و بانکی زیاتر، سەرۆک وەزیرانی عێراق وەزارەت و کۆمپانیاکانی ڕاسپاردووە بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بانکە ئەهلییەکان، بەتایبەت لەبواری کردنەوەی هەژماری بانکی و پێدانی سلفە و قەرزی بەڵگەنامەیی و وەهەروەها هاوکاریکردن بۆ بەرەوپێشبردنی پارەدانی ئەلکترۆنی و تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەران”.
بەوەش هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە