مەزڵووم عەبدی: داوای فیدراڵیمان نەکردووە و دەمانەوێت بەشێک بین لە سووریا

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕەتی دەکاتەوە، داوای فیدراڵییەت بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بکەن، تەنیا دەیانەوێت لە چوارچێوەی سووریادا نوێنەرایەتیی پارێزگا و ناوچەکانیان بکەن.

مەزڵووم عەبدی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فرانس24 دەڵێت: “هیچ داواکارییەکمان بۆ فیدراڵیی نییە، بەڵکو دەمانەوێت سووریایەکی لامەرکەزی لە ناوچە کوردییەکانیش ئیدارەیەکی خۆسەر هەبێت.”

گوتیشی: “دەمانەوێت بەشێک بین لە سووریا و لەو بەشەی سووریاشدا کە هەین، نوێنەرایەتیی ئەو پارێزگایانە بکەین و بە هێزەوە بەشداری لە پرۆسەی سیاسیی و بنیاتنانەوەی سووریای نوێدا بکەین.”

لە بارەی یەکپارچەیی سووریا و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتداری نوێی دیمەشق، مەزڵووم عەبدی دەڵێت: “تاوەکوو ئێستا هەڵوێستەکانی ئیدارەی نوێی دیمەشق ئەرێنین و ئێمەش بە ئەرێنییەوە لە هەڵوێستەکانیان دەڕوانین، بەڵام ئێستا ئێمە لە دۆخی شەڕداین، هەرچەندە هیچ پێکدادانێکمان لەگەڵ بەرەی تەحریر شام نییە،  بەڵام پێویستە لە پێناو داهاتوودا دانوستان بکەین، بۆ ئەمەش ئامادەین تاوەکوو بەم نزیکانە دانوستانەکان دەست پێ بکەین.”

هەروەها ئاشکراشی کرد “لە پێناو ڕازیکردنی تورکیا، هەسەدە، چەکدارەکانی لە سنووری کۆبانێ کشاندووەتەوە، بەڵام داوای چەکهەڵگرتنی لە دانیشتووانی شارکە کردووە.” گوتیشی: “ئێستا کۆبانێ لە مەترسیدایە و هەر بۆیە هیوادارین خەڵکی بەدەم بانگەوازەکەوە بێن و بۆ ئەوەی بەرەنگاری هەر هێرشێک ببنەوە، ئەگەر بکرێتە سەر شارکەیان.”

ئاماژەشی دا “تورکیا لە هێرشەکانی بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بەردەوامە و لە کۆبانێ نزیک بوونەتەوە، بە تایبەت لە قەراغی چەمی فورات و سنووری شارۆچکەی مەنبج شەڕ و پێکدادان بەردەوامە.”

گوتیشی: “بۆ دڵنیاییدان بە تورکیا کە هەسەدە نابێتە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا، هێزەکانمان لە کۆبانێ کشاندووەتەوە و ئێستا هێزەکانی ناوخۆ ئاسایشی کۆبانێ و ناوچەکە دەپارێزن، ئەمەش تەنیا بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانی تورکیایە و بڕیاریشە ئەمەریکا کە نێوەندگیریمان دەکات، لەگەڵ حکوومەتی تورکیا گفتوگۆ بکەن.”

هەروەها ئاماژەی داوە “وەک سووریای دیموکرات لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و حکوومەتی نوێی دیمەشق گفتوگۆ دەکەن و داوایان لێ دەکەن تاوەکوو ڕێگریی لە هێرشەکانی تورکیا بکەن، بە تایبەتیش حکوومەتی نوێی سووریا پێویست بە ئەرک و ڕۆڵی خۆی هەڵسێت، چونکە ئەم ناوچانە بەشێکن لە خاکی سووریا.”