لە گوندێکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، لە ئەنجامی تەقینی سیستەمی غازەوە، کەسێک گیانی سپارد و چەند کەسی دیکەش بریندار بوون.
عەلی جەمال قەدووری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ڕاگەیاند: “بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-12-2024، لە گوندی مەحموود قەجەری سەر بە ناحییەی قۆرەتوەوە ژمارەیەک بریندار هێنرانە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار کە بەهۆی تەقینی سیستەمی غازەوە بەشێکی جەستەیان سووتا بوو.”
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد “یەکێک لە بریندارەکان بە ناوی (ئارش ئەحمەد حەسەن) لە دایک بووی ساڵی 2014 بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتانەکەیەوە گیانی سپارد و باوک و چوار خوشک و برای بریندار بوونە.”
قەدووری ئەوەشی خستە ڕوو “ئێستە چارەی پزیشکیی پێویست بۆ بریندارەکان دەکرێت و بە مەبەستی توێکاری تەرمی ئەو کەسەی گیانی سپاردووە ڕەوانەی پزیشکی دادی قەزای کەلار کراوە.”
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان باسی لەوەش کرد، پۆلیس چووەتە شوێنی ڕووداوەکە و بۆ دۆزینەوەی هۆی ڕووداوەکە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.