سلێمان تاشان – ههولێر
لە هەشتی مانگی کانوونی یەکەمەوە کە دیمەشق ڕووخاوە، دۆخێکی نوێ لەو وڵاتە هاتووەتە کایەوە و گەلی کورد کە پێکهاتەیەکی سەرەکیی سووریایە و بە درێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو هەوڵی لەناوچوون و جینۆسایدی دراوە، لەبەردەم داهاتوویەکی لێڵدایە و لە دووبارەکردنەوەی تاوانەکانی ڕابردوو و جینۆسایدکردنی هۆشداری دەدرێت.
دوای ڕووخانی ئەسەد کە تەواوی پێکهاتەکانی سووریا لەوانەش کورد و ئاشوری و عەرەب و تورکمان و عەلەوی و دەروزی و کەمایەتییە مەزهەبی و نەتەوەییەکان پێ دڵخۆش بوون، ئەو چاوەڕوانییە هەیە لە چوارچێوەی سووریایەکی ئازاد و دیموکراتیکدا مافەکانیان بەدی بهێنرێت و هەمووان بەیەکەوە لە خێروبێری وڵاتەکە سوودمەند ببن و کۆتایی بە ڕەشەکوژی و تاوان و جینۆساید و گرتن و کوشتنی خەڵک بهێنرێت.
لە سووریا لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆکایەتی تەحریر شام حکوومەتی کاتییان دامەزراندووە، ئەو چاوەڕوانییە هەیە کە لە داهاتوودا بە هاوکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سیستمێکی نوێی سیاسی بێتە کایەوە کە هەمووان لەو سیستەمەدا خۆیان ببیننەوە.
ئەوەی لە پێوەندی لەگەڵ گەلی کورددا جێی تێڕامانە ئەوەیە گەلی کورد لەو پارچەیەی کوردستان بتوانێت بە مافە مێژووییەکانی بگات بەڵام لە هەمان کاتدا نەیاری بەدیهاتنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد زۆرن و هەوڵەکان بۆ سڕینەوەی جارێکی تری کورد و ڕازیکردنی بە مافی زۆر سەرەتایی و هاووڵاتیی پلە دوو دەستی پێ کردووە.
لە هەموو سووریا کۆتایی بە جەنگ هاتووە جگە لە کوردستانەکەی و بەپێی ئەو ڤیدیۆ و بەڵگەنامانەی بڵاو دەکرێنەوە هێزێکی زۆری پڕچەک لە باکوری ڕۆژئاواوە خەریکە گەمارۆ دەخاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و هەوڵ دەدرێت ئەو ناوچەیە داگیر بکرێت و لە سایەی داگیرکاریدا باس لە مافەکانی کورد بکرێت.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەیان جار هێرش کراوەتە سەر کۆبانێی خۆڕاگر کە شوێنێک بوو خەڵکەکەی نەیانهێشت داعش داگیری بکات. شەڕڤانان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەم شارە داستانی قارەمانێتییان تۆمار کرد و ڕێیان نەدا هاوشێوەی شوێنی تر جینۆساید بکرێن. هەرچەندە شکست بە هێرشی گرووپە چەکدارەکان هاتووە بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو مەترسییە هەیە خەڵک تووشی ئاوارەیی و ماڵوێرانی ببنەوە. دوێنێ ژمارەیەکی زۆری هێزی سەربازی چەکی قورس کە دەوڵەتێکی گەورەیان لە پشتە لە جەرابلوسەوە بەرەو سنوورەکانی کۆبانێ جووڵەیان پێ کراوە.
هەر لەو سۆنگەیەوە دوێنێ شەممە ژمارەیەک ڕێکخراو و چالاکڤانانی بەرگریکار لە مافی مرۆڤ و دۆسیەکانی جینۆسایدی گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان هۆشدارییان دا لە مەترسیی جینۆسایدێکی تر لە ڕۆژئاوای کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییانەی خراونەتە سەری.
یەکێک لە خەمە سەرەکی و نیگەرانییەکانی ئەو ڕێکخراو و چالاکڤانانە کە لە ڕاگەیەنراوەکەیاندا ڕەنگی داوەتەوە بریتییە لەو شەڕەی لە چەند ناوچەیەکی ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێ کردووە و گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە یارمەتیی سوپای تورکیا و پاڵپشتیی درۆن و هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتەکە بەرەو کوردستان لە پێشڕەویدان و ئەو هەڵمەتە داگیرکارییە فراوانخوازییە، گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووەتە ئامانج.
لە بەشێکی ڕاگەیەنراوەکەیاندا هاتووە “ئەم پێشهاتە مەترسیدارە زەنگی سەرەتایەکی ڕوونە بۆ جینۆساید، قڕکردن و لەنێوبردنی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا. لە وەها دۆخێکیشدا، ئەرکی هەموو دەستەبژێری سیاسی، حیزب، لایەنە کوردستانییەکان، هەموو هاووڵاتییەکی کورد و هەموو ئازادیخوازێکە ڕێگری لە داگیرکاری بکات و دژ بەو شەڕەنگێزی و فراوانخوازییەی تورکیا بوەستێتەوە”.
ئەوان داوایان لە نووسەران، چالاکڤانان و خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستان کردووە هاوکار و هاوخەمی ڕۆژئاوای کوردستان بن بۆ ئەوی ژیانێکی پڕ لە ئاشتی و شایستەیان بۆ دابین بکرێت. هاوکات داوایان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە لە چوارچێوەی ڕێکارە یاساییەکان خۆراک و داودەرمان و پێداویستی مرۆییان بۆ دابین بکات.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی و ئەمەریکا و ئەوروپا بە تایبەتی هەمان ترسیان هەیە و لە ئاستی دیپلۆماسیدا لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا لە گفتوگۆدان بەڵکوو ڕێ لە ئاڵۆزترکردنی دۆخی تەناهی بگیرێت. لە کۆنگرێسی ئەمەریکاوە چەندین کۆنگرێسمان و کەسایەتی پاڵپشتیی خۆیان بۆ مافە ڕەواکانی گەلی کورد دەربڕیوە و داوایان کردووە لە چوارچێوەی سووریایەکی ئازاد و دیموکراتدا مافەکانیان بەدی بهێنرێت.
جێی باسە لە هەرێمی کوردستانەوە هەوڵی جۆراوجۆر چ لە لایەن حکوومەت و چ لە لایەن کەسایەتی و بەرپرسان دەستی پێ کردووە بۆ ئەوەی کورد لە قۆناغە هەستیارە سیاسییەدا دەنگی خۆی یەک بخات و بە تۆکمەکردنی ناو ماڵی خۆی و کۆکردنەوەی تەواوی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە دەوری یەک گوتاری سیاسیدا کۆ بکەنەوە و هەر جۆرە بیانوویەک لە نەیاران ببڕن.