ڕائیب جادر – هەولێر
دوێنێ لە ھەرێمی کوردستان بە ڕۆژی ئاڵا ناسراو بوو، ڕۆژێک کە بۆ یەکەم جار ئاڵای کوردستانی تێدا ھەڵکرا بوو، دام و دەزگاکانی حکوومەت و ڕێکخراوەکان بەشێوەی جۆراوجۆر یادی ئەم ڕۆژەیان کردەوە و بە چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەو ڕۆژە بەرز ڕاگیرا.
ھەموو ساڵێک لە ڕۆژی ١٧/١٢ بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و ڕێوڕەسمی جۆراوجۆر یادی یەکەم ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان بەرز ڕادەگیرێت، بۆ ئەو مەبەستە دوێنێ لە فەرمانگەکانی حکوومەت و زۆربەی قوتابخانە و شوێنەکانی دیکە بە چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەو یادە پیرۆزە بەرز ڕاگیرا و ئاڵای کوردستان لە قوتابخانەکان و دامودەزگاکانی دیکەی حکومی بەرز کرایەوە.
لە قوتابخانەکان ئەو یادە بەرز و پرشکۆ ڕاگیرا و چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجام درا، ھەر لەو ڕۆژەدا قوتابییان و مامۆستایان جلی ئاڵ و واڵایان لەبەر کردبوو.
ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز، کە دەکاتەی ١٧ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٥ی زاینی بۆ یەکەمجار ئاڵای کوردستان لە مەھاباد بە ئامادەبوونی ھەزاران کەس لە ھەر چوار پارچەی کوردستان لە ڕێورەسمێکدا ھەڵدرا، بۆیە ساڵانە لەم ڕۆژەدا چەندین مەڕاسیم و چالاکی جۆراوجۆر بەتایبەتی لە ناوەندەکانی خوێندن ڕێکدەخرێن و ئاڵای کوردستان بەرز دەکرێتەوە.
ساڵی ٢٠٠٩ پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی ١٧/١٢ی ھەموو ساڵێکی بە ڕۆژی ئاڵا دەستنیشان کرد کە ھاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی داگرتنی ئاڵای کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٥.
گەلی کوردستان قوربانی زۆری داوە لە پێناو پیرۆز ڕاگرتنی ئاڵاکەی، کە بە درێژایی مێژوو لە سەرانسەری کوردستان بە چەندین قۆناغی جیاواز تێپەڕیوە.