بەكر كەریم حەسەن
(ونستۆن چەرچەل) نووسەر و سەرباز و سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا لە كاتی دووهەم جەنگی جیهانی و لە سەرەتای پەنجاكاندا، دەڵێ كەسی ڕەشبین و نەرێنی سەختی و دژواری دەبینێ لە هەموو دەرفەتێكدا، بەڵام كەسی گەشبین و ئەرێنی دەرفەت دەبینی لە هەموو سەختی و دژوارییەكدا “.
مرۆڤ بۆ ئەوەی لە ژیانی ڕۆژانەیدا كەسێكی ئەرێنی و گەشبین و سەركەوتوو بێت، پێویستە قسە و كرداری یەك بێت. واتە یەكتربەستنەوە و پەیوەندییەكی بەهێزی هەبێت لە نێوان قسە و گوفتار و كردار و هەڵسوكەوتەكانیدا. هەمیشە كردار و كردەوەكانی بناغە و بنچینە و دەرئەنجام بن. نەك تەنها لە چوارچێوەی قسەی باق و بریق و دروشمدا خۆی ببینێتەوە. لەوەش گرنگتر دەبێ لای هەموومان كردار و كردەوەكان ببنە پێوەری ماندووبوون و دڵسۆزی بۆ كەسەكان، نەك پرتە و بۆڵە و قسە و دروشم و هات و هاوار، چونكە ئەنجامەكان هەمیشە دەرخەری ماندووبوونی هەوڵەكانن، بۆیە پێویستە كەسەكان هان بدرێن لەسەر زەوی شەڕی دەرئەنجام بكەن و بەردەوام كەسی گەشبین و ئەرێنی بن و چاویان لە پاشەڕۆژ بێت و هەرگیز دەستبەرداری خەونەكان و هەوڵەكانیان نەبن و خۆیان بە خاوەنی بارودۆخەكان بزانن و لە بەری ڕانەكەن، بەردەوام ڕووبەڕووی كێشە و ئاستەنگ و سەختی و دژوارییەكان ببنەوە و هەوڵ بدەن لە هەموو سەختی و قورسییەك دەرفەتی دەرچوون و سەركەوتن بەدەست بهێنن، هەرگیز بەرامبەر دژواری و قورسییەكان لاواز و بێهێز و دەستەوەستان نەبن. ڕووبەڕووی هەموو ناخۆشییەك ببنەوە بە پشوودرێژی و دانایی و ئازایی و دڵسۆزی هەمیشە بەهێز و ئەرێنی بن و چارەسەریان هەبێت بۆ هەموو گرفتێك و خۆیان دوورنەگرن، بەڵكو خۆیان بە خاوەن و دڵسۆز بزانن. هەروەكو دەگێڕنەوە:
“یەكێك لە پادشاكانی چین فەرمانی كرد بەردێكی گەورە لەسەر ڕێگایەكی سەرەكی دابنێن و ڕێگاكە دابخرێت و پاسەوانێكی دانا بۆ دیقەتدان و سەرنجدان لە پەنای دارێكی گەورە تابزانێ كردار و كردەوەی خەڵكی چۆنە و پادشای لێ ئاگادار بكاتەوە؛ دیتی یەكەم كەس ڕەت بوو بازرگانێكی گەورەی شار بوو تەماشای بەردەكەی كرد و بە بێزاری و قیزلێبوونەوە رەخنەی گرت كەوا كێ ئەو بەردەی لەسەر ئەو ڕێگایە داناوە بێ ئەوەی بزانێ پادشای شار دایناوە، دوو جار لە دەوری بەردەكە سووڕایەوە و بە دەنگی بەرز گوتی دەبێ بچم و شكات بكەم و ئەو كەسە سزا بدرێ كە ئەو بەردەی داناوە، بەڵام شكاتی نەكرد تەنها قسە بوو. دواتر كەسی دووەم ڕەت بوو كە لە بیناسازی كاری دەكردو هەروەكو بازرگانەكەی كرد و، بەڵام دەنگی نزمتر بوو، چونكە پلە و پایەی كەمتر بوو لە بازرگانەكە لە وڵات. دواتر سێ گەنج كە هاوڕێی یەكتر بوون ڕەت بوون لەو گەنجانە بوون كە هێشتا هەستیان بە بەرپرسیاریەتی نەكردبوو واتە بە دوای ئیش و ناسنامە و گوزەران دەگەڕان لە ژیانی خۆیان لە لای بەردەكە وەستان و گلەیییان لە وڵات و شار كرد و ئەو كەسەیان وا پێناسە كرد كەوا كەسێكی ئاژاوەگێڕ و گەمژەیە كە ئەو بەردەی لەسەر ئەو ڕێگایە دانایە، دواتر چوونەوە ماڵەوە بێ ئەوەی هیچ هەوڵێك بدەن و بەردەكە لا بدەن لەسەر ڕێگاكە. دواتر دوای دوو ڕۆژ جووتیارێكی هەژار بە ڕێگاكەدا ڕەت بوو كە دەچووە لای كێلگەكەی دیتی ئەو بەردە ڕێگاكەی گرتیە هەوڵی دا بەردەكە لا بدات، بەڵام سوودی نەبوو؛ داوای یارمەتیی لەو كەسانە كرد كە بەو ڕێگایەدا ڕەت دەبوون، هانی دان یارمەتیی بدەن و ڕێگاكە بكەنەوە و بەردەكە لا بدەن؛ ئەوە بوو دوو كەسی تر یارمەتییان دا و بەردەكەیان لا دا لەسەر ڕێگاكە، دوو كەسەكەی تر زوو ڕۆیشتن و جووتیارەكە وردەوردە بەردی سەر ڕێگاكەشی پاك كردەوە بینی سندوقێكی بچووك كە چەند لیرەی زێری تێدایە لەگەڵ نامەیەك لە ژێر بەردەكە دانرابوو لێ نووسرابوو لە پادشاوە بۆ ئەو كەسەی ئەو بەردە لەسەر ڕیگاكە لا دەدات ئەوە پادداشتەكەیەتی بۆ خۆت، چونكە تۆ كەسێكی ئەرێنی و گەشبینی و هەوڵت دا و دەستپێشخەریت كرد بۆ چارەسەركردنی گیروگرفتێك لە جیاتی ئەوەی پرتە و بۆڵە و گلەیی و هات و هاوار بكەی.
بۆیە گەر سەیر بكەین هەر یەكێك لە ئێمە بە چەندین گرفت دەناڵێنێ دەتوانین بە ئاسانی چارەسەریان بكات، ئەگەر دەستمان كرد بە هەنگاوەكانی چارەسەركردن لە بری بۆڵەبۆڵ و گلەیی و بێزاری، بۆیە گرنگە لە هەر سەختییەكدا دەرفەت بدۆزینەوە و هەرگیز نائومێد و دەستەوەستان نەبین و هەردەم سەیری پێشەوە بكەین و هەنگاو بنێین بە دوای چارەسەر بگەڕێن بۆ هەر گرفتێك.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی