مەترسی جگەرەکێشان و چەند سەرنجێك!

 

ن: د. کەیفی زیرەك کەمال – پزیشکی گشتی

 

ئەڵقەی دەیەم
هەروەك ئاگادارن، جگەرەکێشان بووەتە دیاردەیەکی زۆر بەربڵاو لەنێو بەشی هەرەزۆری چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا؛ وەکو پەتایەکی نەگریس ژیانی گەورە و بچووکی تەنیوە، بڕوا ناکەم هیچ کەسێك هەبێت کە یەکێك لە کەسە نزیکەکانی گیرۆدەی دەستی ئەم دژمنە ئاشکرا و سەرسەختە نەبێت.
بە پێی داتاکانی ساڵی ٢٠١٩، لە عێراقدا نزیکەی ٣٨%ی پیاوان و ٤%ی ئافرەتان جگەرەکێشن، هەر ئەمەش وای کردووە لە کۆی گشت هۆکارەکانی مردن لە عێراقدا، ١٧%ی مردنەکان تەنها و تەنها بەهۆی جگەرەکێشانەوە بێ! بێگومان ئەم ئامارە ئێستا زیاترە و ئەگەر بارودۆخ بەم شێوەیە بێت، بەردەوام بەرەو زیاتریش دەچێت.
لێرەدا زیانەکانی جگەرەکێشان لە چەند خاڵێك دەخەمە ڕوو:
1. جگەرە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکان بۆ تووشبوون بە بەرزەفشاری خوێن (زەخت) و شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ، هەروەها گرنگە ئەوەش لەبیر نەکەین کە هۆکاری یەکەمی مردن لە سەرانسەری جیهان نەخۆشییەکانی دڵە!
2. هۆکاری سەرەکی تووشبوونە بە شێرپەنجەی سییەکان، کە بکوژترین جۆری شێرپەنجەیە لەنێو گشت جۆری ئەم نەخۆشیە! جگە لەوەش ئەگەری تووشبوون بە چەندین جۆر شێرپەنجەی دیکە بە چەند هێندە زیاد دەکات.
3. زیانە ئابورییەکانی جگەرە لە عێراقدا لە ساڵی ٢٠١٩ بریتی بوو لە ١،٣٦١،٢٨٤،٤٣١،٨٧٢ دینار! لام سەیر نییە ئەگەر بەشێکـتان توانای خوێندنەوەی ئەو ژمارەتان نەبێت.
4. هەموومان ئاگادارین پرسی .پیسداگەڕانی ژینگە گەیشتۆتە چ ئاستێکی مەترسیدار، بێگومان جگەرەش یەکێکە لەو فاکتەرانە و لەو هۆکارە سەرەکیانەی کە دۆخی ژینگەی گەیاندووە بە ڕۆژی ئەمڕۆ.
لێرەدا سەرەتا ڕووی دەمم لە مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی دەکەم و دەمەوێ باری سەرنجی خۆم بخەمەڕوو. لای هەموومان ڕوون و ئاشکرایە مامۆستا ئایینیەکان کاریگەریەکی زۆریان لەسەر چین و توێژەکانی کۆمەڵگە هەیە، هەروەها ئەم کاریگەریە بە ئەندازەیەکە کە لەوانەیە دوو خولەك قسەکردنی یەك مامۆستای ئایینی لە وتاری هەینیدا لەسەر بابەتێك، سەنگ و قورسایی زیاتر بێت لە کەمپینێك کە چەندین دکتۆر بۆ ماوەی چەندین رۆژ خەریکی ئامادەکردنی دەبن!
هەرچەندە لە بارودۆخی ناهەمواردا مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە باشترکردنی کێشەکان، بەڵام بەداخەوە ئەمە دەڵێم هەندێك جار کە باس دێتە سەر جگەرەکێشان بەشێك لە مامۆستایانی ئایینی بە بیانووی نەبوونی بەڵگەی ئایینی دەڵێن جگەرەکێشان حەڕام نییە، بەڵام من بابەتەکە بە جۆرێکی تر دەبینم، دەشێت لەو بارەوە بەڵگەیەکی ڕوون و ڕاشکاوی نەبێت، بەڵام با لێرەدا تایبەت بەم پرسە چەند سەرنجێك بخەینە ڕوو:
١. خودی کۆمپانیاکانی جگەرە دروستکردن دانیان بەوە ناوە کە جگەرە کێشان هۆکارە بە توشبوونی شێرپەنجە، ئاخر لە هەر جگەرەیەکدا نزیکەی حەفت هەزار مادەی کیمیایی هەن، لەنێویاندا نزیکەی حەفتا مادە سەلمێنراون کە مرۆڤ توشی شێرپەنجە دەکەن! ئایا ئایینی پیرۆزی ئیسلام پێمان ناڵێت جەستەمان ئامانەتێکە لەلامان و هەرشتێك زیانی پێبگەیەنێت ئەرکە کە لێی دووربکەوینەوە؟
٢. هیچ گومانێك لەوەدا نییە ئەو پارەیەی لە کڕینی جگەرە و ئەو نەخۆشیانەشی کە بەهۆی جگەرەوە تووشی دەبین بەهەدەردان (ئیسراف)ـە، مەگەر پەیامبەرمان نەیفەرموو تەنانەت لە ئاوی ڕوبارێك، کە لەبەری دەڕوات، بۆ دەستنوێژ هەڵگرتن، بۆمان نییە زیادەڕەوی و ئیسراف بکەین؟
٣. زۆربەی ئەوانەی جگەرە دەکێشن بەبێ دوودڵی لەبەر چاوی هەموو کەسێك و تەنانەت لەبەر چاوی منداڵەکانیش جگەرە دەکێشن بەبێ ڕەچاوکردنی باری پەروەردەیی، بێئاگا لەوەی کە دەبنە هاندەرێك بۆ کەسە نزیکەکان و نەوەی دوای خۆیان کە فێری جگەرە کێشان ببن، ئاخر پەیامبەرمان بە ڕوونی پێمانی فەرمووە کە هەر کەسێك کارێكی خراپ بڵاو بکاتەوە لەنێو خەڵکیدا، گوناهی هەموو ئەوانەشی بۆ دێت کە بەهۆی ئەوەوە تووشی ئەم خراپەیە دەبن! ئەمانە مشتێكە لە خەرمانێك دەربارەی خراپی و زیانەکانی جگەرە لە ڕووی تەندروستی و ئایینییەوە.
لە کۆتاییدا من ئەم پرسیارە ئاراستەی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم، بە تایبەتی ئەوانەی لە ڕێگەی گوتار و پەروەردەوە دەتوانن کاریگەری لەسەر تاکەکان دابنێن، چ خەسڵەتێکی باش لە جگەرەدا بوونی هەیە تا ئێمە لە ئاستیدا بێدەنگ بین و بگرە هەندێك جار بیانووشی بۆ بهێنینەوە؟