ئەمڕۆ شەممە 2024.12.7، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و حەبیب زاهر، پارێزگاری میسان و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکە و بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر و سەرۆک و ئەندامانی ژووری بازرگانی و ژمارەیەکى تر لە کەسایەتی و پیاوانى کار و نوێنەری کۆمپانیا بازرگانیەکانیەکان و وەبەرهێنەرانی هەولێر و میسان، بە مەبەستی ئاڵوگۆڕ و هەماهەنگی و پەرەپێدانی سەرمایەگوزاریی و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی یەکتر، لە هەولێرى پایتەخت، کۆنفرانسی “وەبەرهێنانی ئابووری ساڵانە” لە لایەن دەستەی وەبەرهێنانی پارێزگای میسان بەڕێوەچوو.
لەوتارێکدا، پارێزگاری هەولێر وێڕای بەخێرهێنانی پارێزگاری میسان و شاندی یاوەری بۆ شاری هەولێر، ئومێدی خواست ئەو دیدار و کۆنفرانسە ببێتە دەرفەتێک بۆ زیاتر بەروپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو شاری هەولێر و میسان و وەبەرهێنەران و گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی زیاتر.
گوتیشی: “هەولێری پایتەخت وەک دەروازەیەک بۆ وەبەرهێنان، کە لە 60%ـی وەبەرهێنان لە شارەکەمانە، ئومێد دەکەین ئەو گفتوگۆیانە لەو کۆنفرانسە دەکرێت، هەنگاوێکی دیکەی دەرفەت ڕەخساندنی کار بێت بۆ وەبەرهێنەرانی هەولێر تاکو وەبەرهێنان لە شاری میسان بکەن”.
ڕاشیگەیاند: ” بێگومان ئەگەر ئەو زوڵم و ستەمی حکومەتی عێراقی نەبووایە لە بڕینی بوودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان، ئەوا ئەو پێشکەوتن و ئاوەدانیەی ئەمڕۆ لە هەولێری پایتەخت و هەرێمی کوردستان دەیبینن زۆر زیاتر دەبوو، ئەمڕۆش بەهۆی ئەو کێشە و گرفتانەی هەیە، هەمدیس کاریگەری کردۆتە سەر بار و دۆخی ئابووری و کار و کەسابەتی هاوڵاتییان و وەبەرهێنان لە هەموو شارەکانی عێراق، ئومێد دەکەین حکومەتی ئێستای عێراق ئاوڕدەرەوەی خواستەکانی گەلانی عێراق بێت بە گشت پێکهاتەکانیەوە، کە زەحمەتی و ناخۆشی و قوربانی زۆریان داوە، ئەو ناسەقامیرییە ئابووری و ئاسایشیەی کە هەیە نەمێنێت، تاوەکو گەلانی عێراق بگەنە قۆناغێکی دیکەی ئارامی و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی”.
جێگەی باسە، ئامانج لەو کۆنفرانسە، گفتوگۆکردن و لێکتێگەیشتنە لە نێوان بەرپرسان و پیاوانى کار و کۆمپانیاکانی هەولێر و میسان بۆ وەبەرهێنان لە تەواوى سێکتەرەکان و ڕاکێشانى زۆرترین وەبەرهێنەری هەولێر و هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای میسان.