پرۆگرامی هونەر بۆ پۆلی یەكەمی بنەڕەتی یان پەیمانگای هونەرە جوانەكان؟

سەدیق سەعید ڕواندزی

گۆڕانكاریی لە هەر پرۆگرامێكی خوێندن، لە بازنەی یەكەمی قۆناغی بنەڕەتیدا، كە پۆلەكانی یەك تاكو سێ دەگرێتەوە، بە تایبەتیش لە بابەتەكانی زمان و خوێندنەوەدا، كە بناغەی فێركاریین بۆ قوتابیانی ئەو قۆناغە، دەبێ بە جۆرێك بێت كە بگونجێنرێت لەگەڵ لایەنی هزریی و دەروونی قوتابی. لەو پۆلانەدا دەبێ ئاستی تەمەن، ڕادەی وەرگرتن و پاشان تێگەیشتن و فێربوونیان، بكرێتە پێوەر. كەچی زۆر جار لە پەراوێزی ئەو گۆڕانكارییانە نەك هەر ڕەچاوی ئەم لایەنانە ناكرێت، بەڵكو دانەرانی كتێبێكی خوێندن، بیریان دەچێت كە ئەوان بابەت بۆ منداڵێكی تەمەن هەفت ساڵان، یاخود تەمەنێكی دیاریكراو دادەنێن، لە كاتێكدا دەبێ بە ئەقڵیەت و تێگەیشتن و دنیابینیی ئەو منداڵانە، بابەتەكان دابنێن نەك بە تێگەیشتنی خۆیان. لە پۆلی یەكەمی بنەڕەتیدا، قوتابیان هیچ شتێك لە خوێنەوە و نووسین نازانن، ئەم قۆناغە دەسپێكی فێربوونە نەك زانین، واتە دەبێ فێر بكرێن ئەو كات زانیینیان لە بارەی بابەت و دیاردەوە هەموو شتێك هەبێت. لەم پۆلەدا، هێشتا قوتابیان فێری پیت نەكراون، كەچی لە هەندێك پرۆگرامی خوێندندا، بۆ نموونە (وەك كارامەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكان) پرسیار ئاراستەی ئەو منداڵانە كراوەو دەبێ بە نووسینیش وەڵام بدەنەوە. ئیدی نازانم كە ئەوان پیت، وشە و ڕستە نەزانن و خوێندنەوە و نووسین فیر نەبووبێتن، چۆن دەتوانن وەڵامی پرسیار بدەنەوە؟
بێگومان یەكێك لەو بنەمایانەی پێویستە لە نووسین و دانانی پەرتووك بۆ منداڵان ڕەچاو بكرێت، توانستی هزری و جەستەیی و هوشیاری و گەشەی كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی منداڵە، بەو مانایەی ئەو بابەتەی دەیخوێنێت، چەند لەگەڵ تەمەن و قۆناغی سەرەتاكانی ژیانی دەگونجێت. لێرەوەش دانانی هەر بابەتێك لە چوارچێوەی پرۆگرامێكی خوێندن بۆ پۆلی یەكەمی بنەڕەتی، واتە تەمەنی شەش ساڵی، دەبێ بە وردی ڕەچاوی ئەو لایانانە بكرێت، بۆ ئەوەی ئەو بابەتەی بۆیان دا ئەنرێت، لەگەڵ توانستی ئەوان بگونجێت. دیارە لە پۆلی یەكەمی بنەڕەتیدا، منداڵ هیچ شتێك نازانێت، بۆیە ئەم قۆناغە دەسپێك و سەرەتای فێربوونە نەك زانین، واتا دەبێ لە سەرەتاوە فێر بكرێن، دواتر زانیاریان لە بارەی هەر بابەتێكەوە بێت پێ بدرێت، بەڵام بە داخەوە لە دانانی پرۆگرامەكانی خوێندندا، كە لە چەندین لیژنەی زانستی و دەروونی، زمانەوانی و بابەتی پێك هاتوون، زۆرجار ڕەچاوی ئەو تایبەتمەندییانە ناكرێت و لیژنەكە پرۆگرامێك بە تێگەیشتنی خۆی بۆ پۆلی یەكەمی بنەڕەتی دادەنێت، كە لە ڕاستیدا بۆ قوتابیانی ئامادەیی، پەیمانگا و زانكۆكان گونجاوە. لەو سۆنگەیەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پرۆگرامەكان، بۆ ئەمساڵی خوێندن، پرۆگرامێكی وانەی هونەری بۆ پۆلی یەكەمی بنەڕەتی داناوە، كە دەبێ لە دوا قۆناغی پەیمانگای هونەرە جوانەكان بخوێندرێت، نەك ئەو پۆلەـ چونكە هێندە بابەتی ئاڵۆز و قورس و زانیاری وردی هونەری تێدایە، كە تەنها مامۆستای پسپۆڕی هونەر دەزانێت شڕۆڤەیان بكات. لەو پرۆگرامەدا، زانیاریی لە سەر ئامێرەكانی مۆزیك، ئۆپەرێت، شیعر و سروودی منداڵان، شێوەكاری و چیرۆک، شانۆی منداڵان خراوەتە ڕوو، كە گوایە دەبێ منداڵێكی تەمەن شەش ساڵان بخوێنێت، كە نەك هەر بابەتی، زانستی و هونەری و پسپۆڕیانە نییە، بەڵكو بە جۆرێك لە جۆرەكان، سەر لە قوتابیانیش دەشێوێنێت. ئەم زانیاریانە، كە دەبێ بخوێنرێن و بنووسرێن و وەڵام بدرێنەوە، كە هێشتا قوتابی پۆلی یەك، یەك پیتیش فێر نەبووە، نەك هەر هەڵەیە، بەڵكو شێواندنی هزر و ڕەچاونەكردنی توانستی هزریی منداڵ و قوتابییەكی پۆلی یەكەمی بنەڕەتیشە. ئەم پرۆگرامە، دەبێ لەلایەن مامۆستای پسپۆڕی هونەر بگوترێتەوە، كە ئەمەش گەورەترین گرفتە لە قوتابخانەكاندا، چونكە پسپۆڕی هونەر كەمە، وێڕای ئەمەش ئاخنینی ئەو هەموو بابەتە هونەرییە جیاوازانە، لە ژانرە جۆراوجۆرەكانی هونەر، لە پرۆگرامێكدا هەڵەیە و بەهیچ شێوەیەك قوتابیان سوودی لێ نابینن، ئیدی نازانم بۆچی دەبێت، دەیان هونەرمەند بێن و بە ئارەزووی خۆیان، ئەو بابەتانە هەڵبژێرن و دیاری بكەن كە دەبێ قوتابییەكی پۆلی یەكەمی بنەڕەتی بیخوێنێت، كە هێشتا ڕەنگەكان ناناسێت، نازانێت هۆنراوەوە سروود چین، ئۆپەرێت و شانۆگەریی منداڵان چین! تۆبڵێی ئەوانەی ئەو پڕۆگرمەیان داناوە، ئەوەیان لە خەیاڵ بێت، كە بۆ كام تەمەن و كام قۆناغی خوێندن دایانناوە؟ یان بەو پێیەی ئەوان لە ڕوانگەیەكی پسپۆڕییەوە هونەریان خوێندووەو، ئیدی وا دەزانن دەبێ منداڵێكی تەمەن شەش ساڵانیش، وەك ئەوان پسپۆڕیانە لقەكانی هونەر بخوێنێت و بزانێت؟ بۆ نموونە لەو پرۆگرامەدا وشەیەك هەیە بە ناوی (میلۆدیكا) كە ئامێرێكی مۆزیكییە، ئەمە بڕوام وایە ئەوانەی دەرچووی بەشی مۆسیقاشن نازانن چییە! بێگومان ئێمە دەزانین قوتابیان چەند هونەریان پێ خۆشە، خۆم ئەو وانەیە دەڵێمەوە، كە پسپۆڕییەكەم كوردییە، بەڵام زۆر بە ڕاشكاوی وەك مامۆستایەك ئەوە دەڵێم كە لە دانانی ئەو پرۆگرامەدا، بچووكترین تایبەتمەندی تەمەن و توانستی هزریی قوتابیانی پۆلی یەك ڕەچاونەكراوە، بەڵكو پرۆگرامەكە وەك ئەوە وایە، بۆ پەیمانگی هونەرە جوانەكان دانرابێت بەو پێیەی بابەت و ناوەڕۆكی پرۆگرامەكە بۆ ئەوان دەگونجێت، نەك قوتابییەكی پۆلی یەكەمی بنەڕەتی كە ڕەنگەكان لێك جیاناكاتەوە. مەرج نییە ئەوەی شێوەكار بوو، یان كەمانجژەن بوو، یان شانۆكار بوو، پسپۆڕی دانانی پرۆگرامەكانی خوێندن بێت، كە ڕەنگە تیایان دابێت لە هەموو ژیانی وتارێكی لەسەر هونەر نەنووسیبێت. پرۆگرامەكان دەبێ لەلایەن كەسانی پسپۆڕ، ئەكادیمی و شارەزا لە هزر و توانستی منداڵ دابنرێن. ئێمە لە هەرێمی كوردستاندا، چەندین هونەرمەندی بە توانای وەك ( ئامانج غازی، قەرەنی جەمیل، وەهبی ڕەسول، دیاری قەرەداغی و مامۆستا وریا ئەحمەد و دانا ڕەئوف) و چەندانی دیكە هەن، بۆچی بۆ دانانی پرۆگرامێكی هونەری لەو شێوەیە، بۆ قوتابیانی پۆلی یەكەمی بنەڕەتی سوود لە توانا سەرنج و پسپۆڕییان وەرناگیرێت و كارێكی لەو شێوەیە بە ئەوان ناسپێردرێت، نەك ئەو كەسانەی كەس وەكو هونەرمەند ناویشیانی نەبیستووە!