پێنجشەممە, كانونی یه‌كه‌م 5, 2024

ژمارەی کریستیانەکان لە عێراق بۆ ٢٥٠ هەزار کەس کەم بووەتەوە و ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن

 

 

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

مارەیەکی کەم کریستیان لە بەغدا ماون، چونکە لەوێ ژیان بۆ پێکھاتە و ئاینە جیاوازەکان زەحمەت بووە، ئەمە لە کاتێکدایە پێش ڕووخانی حکوومەتی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، نزیکەی دوو ملیۆن کریستیان لە عێراق ھەبوون، بەڵام بەھۆی شەڕی داعش، ململانێی مەزھەبی و سەختیی ژیان، ئێستا تەنیا ٢٥٠ ھەزار کریستیان ماونەتەوە، ئەوانەشی ماونەتەوە زۆربەیان لە ھەرێمی کوردستان دەژین. وەزیری ھەرێم بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی کاروباری پێکھاتەکان، دەڵێت: لە ھەرێمی کوردستان ھیچ کێشەیەکی پێکەوەژیان نییە، لەنێو حکوومەت پۆست بە پێکھاتەکان دراوە و مافیان پارێزراوە، لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە لەگەڵ موسڵمان و ئایینەکانی دیکە بەبێ کێشە پێکەوە دەژین.

مامەڵەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق هۆکارێکە
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە ھۆکارەکانی ناسەقامگیریی دۆخی سیاسی و ئاسایشی عێراق و شەڕی تائیفی ٢٠٠٦ تا ٢٠٠٨ و دواتر شەڕی داعش و پاشان مامەڵەی ھەندێک گرووپی چەکداری شیعە ھۆکاری کۆچکردنی کریستیانەکان بوون بۆ دەرەوەی عێراق، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە دوایین ڕاپۆرتیدا باس لەوە دەکات ژمارەی کریستیانەکان بۆ ٢٥٠ ھەزار کەس کەمبووەتەوە، سێ بەشی زیاتریان لە ھەرێمی کوردستان دەژین.
ھەرێمی کوردستان دەیان ساڵە پەناگە و شوێنی ئارامی کریستیانەکان بووە، لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا زۆربەی ئەو کریستیانانەی ناوچەکانیان کەوتە بەر ھێرشی داعش ڕوویان لە ھەولێر و ناوچەکانی دیکەی کوردستان کرد، ئەوەش پێگە و شوێنێکی تایبەتی لای کریستیانەکان دانا.

پێکەوەژیانی کوردستان
پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکھاتە ئایینییەکان یەکێک لەو سەروەریانەی ھەرێمی کوردستان تۆماریکردووە، تاوەکو ئێستا ھیچ تووندوتیژییەک لەنێوان پێکھاتە ئایینییەکانی ھەرێمی کوردستان ڕووینەداوە، بەڵام لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق بە تایبەت کریستیانەکان ڕووبەڕووی تووندوتیژی بوونەتەوە، ھەربۆیە ئێستا بەشێکی زۆریان ڕوویان لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە.
لەدوای ھێرشەکانی داعش و کۆنترۆڵکردنی شاری مووسڵ و دەوروبەری لەلایەن داعشەوە لە ٩ـی حوزیرانی ٢٠١٤، کریستیانەکانی سنووری نەینەوا ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون و بەشێکیان لە عەنکاوە و بەشەکەی دیکەیان لەنێو کەمپدا مانەوە.
بەشێک لە گوندەکان، موسلمان و کریستیان پێکەوە تێیدا دەژین، مزگەوت و کەنیسەیان ھەیە، بەپێی ئەو ئامارەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری کریستیانەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی ھەرێمی کوردستان، ٢٢٧ کەنیسە، دێر و مەزار ھەن، لە ھەرێمی کوردستان ھەن.

دوای لاوازبوونی داعشیش دۆخەکە باش نەبوو
سەرەڕای ئەوەی چەند ساڵێک بەسەر دەرکردنی داعش لە ناوچەکانیان تێپەڕیوە، بەڵام ھێشتا کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا ئاوارەنە و نەگەڕاونەتەوە، ڕێکخراوەکان و خودی کریسیتانەکانیش دەڵێن ھۆکاری سەرەکی نەبوونی خزمەتگوزاری و ئارامییە لەو ناوچانە، لەدوای ساڵی ٢٠١٤وە زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کریستیان لە دەشتی نەینەوا و ناوچەکانی دیکە بەرەو ھەرێمی کوردستان ھەڵاتن و ئاوارەبوون، بەڵام ژمارەیەکی زۆر کەمیان گەڕاونەتەوە، ماکس ود، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئەمریکی بۆ ئاشتەوایی و پێکەوەژیان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەڵێ، لەدوای ساڵی ٢٠١٧وە تەنیا ٢٠ ھەزار ئاوارە گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان، تاوەکو پێش ھاتنی داعش خەڵکی ئەو ناوچانە لە ئاشتی دەژیان، ژیانیان ڕێڕەوێکی ئاسایی ھەبوو، ھێشتا ڕۆژانی ڕەشی ھەڵاتن و ئاوارەیی لە نێو ئاوارەکاندا ماوە و نەسڕاوەتەوە.

پاڵپشتیی سەرۆک بارزانی بۆ پێکهاتەکان
سەرۆک بارزانی نەک تەنیا بۆ کریستیانەکان، بگرە بۆ ھەموو ئایینەکانی تریش پاڵپشت و پشتیوان بووە و بەردەوام دەڵێ، ھەرێمی کوردستان جێگای ھەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەکانە. بەپێی بڕیاری ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ ی پەرلەمانی کوردستان ٨ پێکھاتەی ئایینی لە ھەرێمی کوردستان ھەن، ئەو پێکھاتانە لە ھەرێمی کوردستان ڕێگە پێدراون، ھەر یەک لەو پێکھاتانە مومارسەی خۆی دەکات، پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان ئازادن و زۆر بە ئازادی کاری خۆیان دەکەن و پەیوەندییەکی نیشتمانی زۆر بەھێز لە نێوان ئایینەکان ھەیە، جگە لەوەی ھەموو خزمەت دەکرێن، دەرفەتی کاریان پێ دەدرێت، مەراسیمە ئاینییەکانیان بە ڕێکوپێکی جێبەجێ دەکەن و بەشداری لە بۆنەکانی یەکدی دەکەن.

هێزە چەکدارەکانی دەشتی نەینەوا
لە ھەرێمی کوردستان مافی پێکھاتەکان پارێزراوە، پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان ھەموو وەکو برا پێکەوە دەژین و ھیچ جیاوازییەک لە نێوان پێکھاتەکان ناکرێت، ھەر لەبەر ئەوە ئەو خەڵکەی کە ئاوارە بوونە بڕیاریان داوە ھەر لە ھەرێمی کوردستان بژین و نەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان. ھورمز جەمیل، کریستیانێکە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ئێمە وەکو کریستیانەکان، ژیان لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان باشتر دەبینن وەک لە زێدی خۆمان، بۆیە تا ئێستا نەگەڕاینەتەوە و ھەر لە ھەرێمی کوردستان ژیان بەسەر دەبەین، ھیوادارین ھێزە چەکدارەکان لە دەشتی نەینەوا نەمێنن، بۆ ئەوەی ژیان بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە و ئێمەش دووبارە لەسەر ماڵ و حاڵی خۆمان دەست بە ژیان بکەینەوە.
کلدۆ ھورمز، ھاووڵاتییەکی دیکەی کریستیانە و خەڵکی شاری مووسڵە و ئێستا لە ھەرێمی کوردستان دەژیت، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: لەسەر دەستی داعش زوڵمێکی زۆرمان لێ کرا، ھەر لەبەر ئەوەش ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بووین، من لە مووسڵ لە دایک بوومە، کاتێک داعش لە ساڵی ٢٠١٤ ھاتە شارەکە ھزری توندڕەوی بڵاوکردەوە، دەیگوت دەبێت یان موسلمان بن، یان دەبێت شارەکە چۆڵ بکەن، ئێمەش ناچار بووین ماڵ و حاڵی خۆمان بەجێ بھێڵین، پاش ڕزگارکردنی شارەکە کە ھەندێکمان گەڕاینەوە بینیمان کە کەنیسە و ماڵەکانمان تاڵان کراون، جارێکی دیکە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بووینە و نامانەوێت بگەڕێینەوە شارەکە.
وەحیدە یاقو ھورمز، نوێنەری پێشووی کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” ئاشکرای کرد، عێراق پشتی لە مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا کردووە و ھەرێمی کوردستان لەخۆی گرتوونە، حکوومەتی ھەرێم، خەڵکی کوردستان، یارمەتی کریستیانەکانی داوە، چ پێش ھاتنی داعش، چ دوای داعش، کە لە ساڵی ٢٠٠٣ بە دواوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کریستیان ڕوویان لە کوردستان کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەغدا بەردەوام دەرگای لەسەر ئەوان داخستووە.
ڕوونیشیکردەوە، سەرۆک بارزانی، حکوومەتی ھەرێم نەک تەنیا پشتگیریان لە کریستیانەکان کردووە، بەڵکو پارێزگاریان لە مافی ھەموو پێکھاتەکان کردووە، ھەر ئەوەش بووەتە ھۆی ئەوەی کە ھەموو پێکھاتەکان ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن و بە ماڵی خۆیان بزانن، بۆیە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەیە، کە تا ئێستاش لە ھەندێک ناوچەی عێراق توندوتیژی بەرامبەر بە پێکھاتەکان دەکرێت، بەتایبەتی لەو ناوچانەی حەشدی شەعبی دەستەڵاتدارە.

هۆکاری سیاسی
ئایدن مەعروف وەزیری ھەرێم بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی کاروباری پێکھاتەکان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: لە ھەرێمی کوردستان ھیچ کێشەیەکی پێکەوەژیان نییە، لەنێو حکوومەت پۆست بە پێکھاتەکان دراوە و مافیان پارێزراوە، لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە لەگەڵ موسڵمان و ئایینەکانی دیکە بەبێ کێشە پێکەوە دەژین.
وەزیری ھەرێم بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی کاروباری پێکھاتەکان، ئاشکراشی دەکات، ئەوانەی لە ناوچەکانی عێراق کۆچ دەکەن ھۆکارەکەی سیاسییە، تورکمان و کریستیان، کاکەیی و ئێزدی لە سنووری نەینەوا مەترسییان لەسەرە و گرووپە چەکدارەکان ھەڕەشەیان لێدەکەن.