سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر لە ژینگەی سیستەمی خوێندنی باڵا لە ئاستی هەرێمیی و نیشتیمانیدا بگێڕێت، کە هاوتەریبە لەگەڵ دیدگەی حکوومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2030. جەختی لەوەش کردەوە، زانکۆکە، بووەتە چرای نمونەییبوون، نەک تەنیا لە بواری خوێندن بەڵکوو لە بواری تەندروستیشدا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، لە ئاهەنگی 10ـەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆکە، گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ، بۆ یادکردنەوەی ڕووداو و دەستکەوتێکی بەرچاو کۆبووینەتەوە، کە دەیەمین ساڵیادی کردنەوەی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە هۆکە. کە بووەتە جێگەی شانازی و ئیلهامبەخشێکی بێ ئەندازە بۆ هەموومان و ساتێکە بۆ چەندین نەوەی داهاتوومان یادی دەکرێتەوە.
زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، زانکۆیەکە بە ئامانجی هێنانی باشترین بەرهەمەکانی بۆ وڵاتەکەمان دامەزراوە
هاوکات دەڵێت: ئەو کاتەی درێژەم بە خوێندن لە زانکۆیی ئەمەریکی لە واشنتن دی سی دەدا، بەردەوام بیر و خەیاڵم لای ئەو قوتابییە زیرەک و بەهرەمەندانەی کوردستان بوو، کە دەرفەتی دەستگەیشتنیان بە سیستەمێکی خوێندنی نێودەوڵەتی ئاست بەرز نەبوو؛ بۆیە بەردەوام هەوڵم دەدا و خەونم بە داهاتوویەک دەخواست کە ئەوانیش ئەو دەرفەتەیان بۆ بڕەخسێت و لە سیستەمێکی خوێندنی ئاست بەرزی جیهانی سوودمەند ببن بە بێ ئەوەی پێویست بکات نیشتیمان جێبهێڵن. لەو کاتەدا ئەمە لە خەونێکی گەورە دەچوو، بەڵام من دەستم پێوەگرت و دەستبەرداری نەبووم.
ئاماژەی بەوە دا، دوای 30 ساڵ، هەست بە خۆشحاڵیی دەکەم کە دەبینم ئەو خەونە لە دروستکردنی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان هاتووەتەدی، بە سوود وەرگرتن لە نموونەی پەروەردە و خوێندنێکی ئەمەریکی؛ زانکۆی ئەمەریکی، زانکۆیەکە بە ئامانجی هێنانی باشترین بەرهەمەکانی بۆ وڵاتەکەمان دامەزراوە و لە بنەڕەتدا لە پێناو بەهێزکردن و پەرەپێدانی تواناکانی لاوانی کوردستانە، چونکە لاوان ناوەند و بنەما و پایەی سەرەکی فەلەسەفەی زانکۆکەن.
مەسرور بارزانی، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، کە پێویستە هەموومان شانازی بەو ئاست و قۆناغەوە بکەین کە پێی گەیشتووین. کاتێک زانکۆی ئەمەریکی کوردستان-مان دامەزراند، ڕووبەڕووی بەربەستی بەرچاو بووینەوە. تیرۆریستانی داعش تەنیا 12 کیلۆمەتر لە باڵاخانە و کامپسی زانکۆکەوە دوور بوون، ئێمەش لەکاتێکدا لە بەرەکانی پێشەوە بووین بۆ بەرگریکردن لە نیشتمان و زێدی خۆمان، بەڵام لە هەمانکاتدا کۆبوونەوەی بێشومارمان ئەنجام دەدا بۆ دامەزراندنی زانکۆکە. تیرۆر و دواتریش پەتای کۆڤید 19، بەربەستی مەترسیدار بوون لە بەردەممان . بەڵام بەهۆی خۆڕاگریی و پابەندییمانەوە، لە درێژەدان بە گەشتە زانستییەکەمان بەردەوام بووین.
زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر لە ژینگەی سیستەمی خوێندنی باڵا لە ئاستی هەرێمیی و نیشتیمانیدا بگێڕێت.
باسی لەوەش کرد، لە ساڵی 2018 دەستمان بە هەنگاوەکانی بەدەستهێنانی متمانەپێکردنی ئاستی خوێندنی باڵای ئەمەریکی کرد. سەرەڕای ئاستەنگەکان، توانیمان باوەڕ بە دەستەی خوێندنی باڵای ( نیو ئینگلاندNew England ) بهێنین تا بێنە کوردستان و دەست بە پرۆسەی متمانەپێدانی ئەکادیمی بکەن. ئەمڕۆ بە شانازییەوە دەڵێم کە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، تاکە دامەزراوەیە لە هەموو عێراقدا، کە لە قۆناخی پاڵێوراوبووندایە بۆ بەدەستهێنانی ئەو متمانە ئەکادیمییە، واتە نمرە و متمانەپێکردنە ئەکادیمییەکەی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی ئەمەریکاوە دانپێدانراوە و قوتابییان دەتوانن نمرە و دەستکەوتە زانستییەکانیان بگوازنەوە هەر دامەزراوەیەکی تری جیهان. ئەم دەستکەوتە تەنیا داننان نیە بە پێوەرە ئەکادیمییەکانمان، بەڵکو بەردی بناخەی ڕوانگەی فراوانتری حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ دامەزراندنی دەزگایەکی متمانەپێکردنی نیشتمانی، کە دەستەی متمانەبەخشینە بە دامەزراوەكان و پڕۆگرامەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان.
جەختی لەوەش کردەوە، بەم دەسکەوتە ناوازەیە، زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر لە ژینگەی سیستەمی خوێندنی باڵا لە ئاستی هەرێمیی و نیشتیمانیدا بگێڕێت. هاوتەریب لەگەڵ دیدگەی حکوومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2030، زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، شانازی بەوە دەکات کە سەرپەرشتی دەستەیەکی کارکردن دەکات لەسەر نموونە و دەستپێشخەرییەکی خوێندن بە ناوی خوێندنی K19، کە تایبەتە بە بەرزکردنەوەی پێوەرە ئەکادیمییەکان، بە هێزکردنی دڵنیایی جۆریی و پێشنیارکردنی چاکسازییە بنچینەییە سیاسییەکان بۆ پێشڤەبردنی خوێندن و پەروەردە بۆ نەوەکانی داهاتوو.
مەسرور بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا دووپاتی کردەوە، زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، بووەتە چرای نمونەییبوون، نەک تەنیا لە بواری خوێندن بەڵکوو لە بواری تەندروستیشدا. کۆلێژی پەرستارییمان لە پێشەنگی داهێناندایە، پسپۆرەکانی داهاتووی چاودێری تەندروستی، بە زانیاریی پێشکەوتوو و لێهاتوویی پڕچەک دەکات. دەرچووانمان کە بە بەهاکانی پیشەییبوون ئاوێتە بوون و بە بەهرە و لێهاتووییەکانی سەدەی بیست و یەکەم ئامادە کراون، لە شوێنی کارەکانیان و دەرەوەش، سەرمەشقی گۆڕانکارییەکانن. وێڕای ئەوەش، ئێمە لە دابینکردنی پرۆگرامی پەرەپێدانی پیشەیی بۆ خاوەن پیشەکان لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتیش بەشدارین.
نزیکەی %70ـی قوتابییانی زانکۆکە سوود لە سکۆلەرشیپ و دەرفەتی خوێندنی جیاجیا دەبینن
ئەوەشی خستەڕوو، زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، ڕۆڵێکی گرنگ لە بەرەوپێشبردنی ئابوورییەکەمان دەگێڕێت، ئەوەش لە ڕێگەی ئامادەکردنی هێزی کار و بازاڕی کار کە توانستی هاوتابوون و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوچەرخەکانیان هەبێت. ئەمە هاوتەریبە لەگەڵ ئامانجی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان بۆ پەرەدان نەک بە سیستەمی پەروەردەکەمان، بەڵکو بەرەوپێشبردنی ژینگەی ئابووری نەتەوەکەمان.
مەسرور بارزانی، زیاتر گوتی: خۆشحاڵم کە ڕایبگەیەنم نزیکەی 70%ی قوتابییانمان سوود لە سکۆلەرشیپ و دەرفەتی خوێندنی جیاجیا دەبینن، ئەمەش لە ڕێگەی هاوکاریی و بەخشەندەیی بەخشەرەکانمان، ئەمە وێڕای پاڵپشتی و هاوکاریی بەخشەر و هاریکار و دامەزراوە و ڕێکخراوە نێوەخۆیی و دەرەکییەکان و هاوبەشە دامەزرێنەرەکانمان. لە پێناو دڵنیابوون لە بەردەوامیی توانستی دارایی، سندووقی هاریکارییمان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دامەزراندووە، جیا لەمەش، پلانی فراوانترمان بۆ گەشەی زیاتر لە ساڵانی داهاتوو هەیە.
هاوکات لەبارەی دەستکەوتەکانی زانکۆکەوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: هیچ کام لەم دەسکەوتانە، بەبێ هەوڵ و ماندووبوون و پاڵپشتی بۆردی ئەمینداران نەدەهاتنە دی. لە ماوەیەی دەیەی ڕابردوو، ڕوانگە و پابەندییەکانیان، رۆڵێکی کارای لە سەرکەوتنی ئەم دامەزراوەیە هەبووە. لێرەوە زۆر سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی زانکۆکە دەکەم کە سەرکردایەتی زانکۆکەیان لە کاتە سەختەکاندا کردووە و کاریان بۆ گەشە و نمونەییبوونی زانکۆکە کردووە.
بەیەکەوە دەتوانین زانکۆکە بکەینە وێنەیەکی نموونەیی تا داهاتووی خوێندنی باڵا لە وڵاتەکەمان وەکو پایەیەکی پرۆسەی دروستکردن و داڕشتنی دەوڵەتسازیی بۆ نەتەوەکەمان دابڕێژێت
مەسرور بارزانی گوتیشی: ئەمڕۆ بە بۆنەی دەیەمین ساڵیادی کردنەوەی زانکۆکە ئاهەنگ دەگێڕین، با تەنیا لە دەستکەوتەکان نەڕوانین، بەڵکو ڕوو بکەینە داهاتوویەکی ڕووناکتریش. بەیەکەوە دەتوانین زانکۆی ئەمەریکی کوردستان بکەینە وێنەیەکی نموونەیی تا داهاتووی خوێندنی باڵا لە وڵاتەکەمان وەکو پایەیەکی پرۆسەی دروستکردن و داڕشتنی دەوڵەتسازیی بۆ نەتەوەکەمان دابڕێژێت.
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، سەرۆکی حکوومەت، سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆم ئاراستەی حکوومەتی فیدراڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات و ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکە پاڵپشتی و بەخشندەیی بەردەوامی لە ماوەی چوارساڵی رابردوودا، پێشکەشی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان کردووە.
زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک
زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، لە ساڵی 2014 دامەزراوە و تاوەکوو ئێستا شەش خولی دەرچووانی بڕوانامەیان وەرگرتووە و زیاتر لە 700 دەرچووی لە بەشە جیاوازەکاندا هەیە، کە بەشێک لە دەرچووەکان لە زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان درێژە بەخوێندنی باڵا دەدەن، کە ڕۆژی یەکشەممە 2ـی حوزەیرانی 2024، زانکۆکە ئاهەنگی خولی شەشەمی دەرچووانی زانکۆی بەڕێوەبرد.
زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک لە چوار کۆلێژ و 10 بەشی زانستی جیاواز پێکدێت، لەوانەش؛ بازرگانی کار، زانستی کۆمپیوتەر، دیزاینی ناوخۆ، سیاسەتی گشتی، میدیا و پەیوەندییەکان، پەرستاری و ئەندازیاری. ئەم زانکۆیە، لە لایەن هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، بڕوانامەکەی متمانە پێکراوە و یەکێکە لە زانکۆ ئاستبەرز و ناسراوەکانی عێراق و ناوچەکە