یەکشەممە, كانونی یه‌كه‌م 1, 2024

مێركڵ لە كتێبە تازەكەیدا چۆن باسی توركیا دەكات

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئەنگڵا مێركڵ، سەرۆك وەزیرانی پێشووی ئەڵمانیا، لە كتێبێكدا بەناوی (ئازادی)، بیرەوەرییەكانی خۆی نووسیوەتەوە و چەند رۆژێكە بڵاوكراوەتەوە، كە لە تەمەنی منداڵییەوە باسی كردووە تا ٢٠٢١ ئەوكاتەی دەستبەرداری پۆستی سەرۆك وەزیران بوو. لەو كتێبەدا مێركڵ، بەشێكی زۆری بۆ توركیا تەرخان كردووە و باس لەو پەیوەندییە دەكات كە لەگەڵ توركیادا دروستی كردبوو.

كتێبەكە بۆ ٣٠ زمانی جیهانی وەرگێردراوە و چاوەڕوان دەكرێت لە چاپی یەكەمیدا ١٢ ملیۆن یۆڕۆ قازانج بكات، بەشێكی كتێبەكەی بۆ پەیوەندی توركیا و ئەڵمانیا تەرخان كردووە. مێركڵ لە زانكۆی (كاڕڵ ماركس) لە شاری (Leipzig) بەشی فیزیكی تەواو كردووە، لە كتێبەكەیدا باسی قاوەی توركی دەكات، كە گرنگییەكی زۆری پێیداوە. ئەوكاتەی لە ئەكادیمیای بەرلین كاری كردووە، دروستكردنی قاوە لەو ئەكادیمیایە بەو سپێردراوە، بۆیە دەنووسێت: ”یەك كەوچك قاوەی هاڕاو، پاشان ئاوی گەرمی پێدا دەكەیت، ئەمە پێی دەڵێن قاوەی توركی.“
دانیشتن لەسەر كورسیی ئاڵتوون
مێركڵ لە ٢٠١٥ سەردانی توركیای كرد، ئەوكات بە لێشاو ئاوارەی سووری لە رێگەی توركیاوە بەرەو ئەورووپا كۆچیان دەكرد، هاتنی مێركڵ بۆ لای رەجەی تەیب ئەردۆغان بۆ ئەوە بوو، كە رێگە لە هاتنی ئاوارەی سووری بگرێت بۆ ئەورووپا. بەڵام لە وێنەیەكدا مێركڵ لەسەر كورسیی ئاڵتوون لە تەنیشت ئەردۆغان دانیشتووە، ئەمە هەرایەكی گەورەی لە میدیاكانی ئەڵمانیا و توركیا دروست كرد، بۆیە مێركڵ لە كتێبەكەیدا دەڵێت، رەخنەگرتنەكە تەنیا بۆ ئەوە نەبوو لەسەر كورسیی ئاڵتوون دانیشتبووم، نەخێر هەر بەهۆی ئەو كورسییانەوە بوو كە تەواوی بیركردنەوەكانمی بۆ ئەو گەشتە دیاری كرد، ئەمەش باجێكی قورس بوو.
زیاتر دەنووسێت: ”بەوە تاوانباریان كردم كە بەر لە هەڵبژاردنی توركیا چووەتە لای ئەردۆغان و دەیەوێت هاوكاریی بكات تا لە هەڵبژاردندا سەركەوتوو بێت، هەروەها دەیاننووسی بەهۆی رێككەوتنی كۆچبەرانەوە، سەری خۆی بۆ ئیمپراتۆرییەتی ئەردۆغان شۆڕ كرد.“
ئەوكات ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆكوەزیرانی توركیا بوو، بۆیە مێرکڵ لەبارەی داودئۆغڵوەوە دەنووسێت: ”كەسێكی جیهانییە و خاوەن زانستە، بەشێوەیەكی زۆر جوان بە ئینگلیزی قسە دەكات و كەمێكیش ئەڵمانی دەزانێت.“
كتێبەكەی مێركڵ خواستێكی زۆری لە جیهاندا لەسەرە، بەتایبەت لە ئەڵمانیا، چونكە تاكە سەرۆك وەزیران بووە زۆرترین قسەی لەسەر كراوە و هەروەها بە سەركەوتووترین سەرۆكوەزیرانی ئەڵمانیا ناوی دەهێنرێت.
كتێبەكە بە زمانی ئەڵمانی زیاترە لە ٦٥٠ لاپەڕە، بۆ سەر ٣٠ زمانی جیاواز وەرگێڕدراوە، لە ماوەی ١٥ ساڵی سەرۆكوەزیرانی و سەردەمی منداڵی خۆیەوە باسی كردوە و چەندین زانیاریی نهێنی و نەبیستراویشی باس كردوووە.
چاوەڕوان دەكرێت لە چاپی یەكەمیدا ١٢ملیۆن یۆرۆ قازانج بكات.