ڕائیب جادر – هەولێر
کاروان عادل، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووک لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکان، لەم دیدارەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: سەرژمێری پێش جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ پێچەوانەی دەستوورە، کە ھەموو ئامانجی ئەوان ئەوەیە کەرکووک نەگەڕێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان. دەشڵێ، خەڵکێکی یەکجار زۆر کە لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئاوارە بوونە، بەردەوام پەیوەندیمان پێوە دەکەن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە بۆ ئەوەی لە پرۆسەی سەرژمێری بەشدار بن.
* بۆچی داواتان دەکرد پرۆسەی سەرژمێری دوابخرێت؟
-وەکو دەستەی ناوچە کوردستانییەکان لە سەرەتاوە بەیاننامەیەکمان دەرکرد، تا ئەو کاتەی ماددەی ١٤٠ جێبەجێ دەکرێت، یاخود لانی کەم، ھەندێک لە بنەماکانی ماددەی ١٤٠ جێبەجێ دەکرێن سەرژمێری دوابخرێت، بەڵام ئەو ئامانجەمان نەھاتە دی، سەرژمێری پێش جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ پێچەوانەی دەستوورە، چونکە ئەو ماددەیە، ماددەیەکی دەستوورییە و دەبووایە لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە جێبەجێ کرابایە، ئێستا ئەوان کە سەرژمێریان ھێناوە و لەسەر کوردیان فەرز کردووە، ئێمە لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکان وەکو نووسینگەی کەرکووک دوای ئەوەی کە دڵنیا بووینەوە سەرژمێری دەکرێت، ئێمەش کاروبارەکانی خۆمان زیاتر کرد و بە ئەرکی خۆمان ھەستاین و زۆرترین ھاووڵاتی کورد لە سنووری ناوچە کوردستانییەکان، کە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر سنوورەکەی بەجێھێشتووە و تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە ھەوڵمان داوە بگەڕێنینەوە، لەگەڵ ئەوەش ھەوڵماندا لەڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە ڕۆژانە خەڵک ھۆشیار بکەینەوە، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە و بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن.
* خەڵک بەپیر بانگەوازی ئێوە ھاتووە؟
_ خەڵکێکی یەکجار زۆر کە لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئاوارە بوونە، بەردەوام پەیوەندیمان پێوە دەکەن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە بۆ ئەوەی لە پرۆسەی سەرژمێری بەشدار بن، ئێمەش بەردەوام گرنگی پرۆسەکە بەتایبەتی لەو ناوچانە بۆ ئەو خەڵکە ڕوون دەکەینەوە ھەر ئەوەش وای کردووە ڕۆژانە خەڵک پرسیاری پرۆسەکە لە ئێمە بکەن و بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.
* بۆ حکوومەتی عێراق پێداگربوو لەوەی سەرژمێری لە ناوچە کوردستاییەکان بکرێت؟
– لەم ئان و ساتەدا تەنیا ئەوەمان پێکراوە خەڵک ھۆشیار بکەینەوە، چونکە حکوومەتی عێراق بۆ کردنی سەرژمێری نە پرسی بە حکوومەتی ھەرێم کردووە، نە لیژنەی ماددەی ١٤٠، بەو شێوازەی کە ئەوان بەرنامەیان بۆ دانابوو لێ نەگەڕاین، چونکە ئەگەر بەو شێوازە کرابایە خەڵکێکی زۆر زەرەرمەند دەبوو، لە دوای ٢٠١٧ عەرەبێکی زۆر بە ھەر ھۆکارێک بێت ھاتوونەتە سنوورەکە و دەڵێن، ھەر ھاووڵاتییەک شەش مانگ لە شوێنێک بمێنێتەوە ئەو ھاووڵاتییە بە خەڵکی ئەو شوێنە حساب دەکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێمە دەڵێین ماددەیەکمان ھەیە بەناوی ماددەی ١٤٠، بەپێی ئەو ماددەیە بێت سەرژمێری ١٩٥٧ بنەمایە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، ئەمە لە کاتێکدایە عەرەبێکی زۆر ھاتوونەتە سنووری ئەو ماددەیە، تا ئێستا ئامادە نین زەوی و زاری کورد بگەڕێنەوە بۆ جووتیاری سنوورەکە، ئەوەمان بەبیری خەڵک ھێنایەوە، گوتمان ئەگەر ئێوە زەوی و زاری خۆتان دەوێت و دەتانەوێت جارێکی دیکە تەعریب نەکرێن دەبێت بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان و لەوێ سەرژمێری بکەن.
* کەواتە مەبەستی عێراق لە پرۆسەکە چییە؟
– لە ھەموو وڵاتان سەرژمێری بایەخ و تایبەتمەندی خۆی ھەیە، لە عێراقیش کە ئێستا سەرژمێری دەکرێت، بانگەشەی ئەوەی بۆ دەکرێت کە بۆ گەشەپێدان و ئابووری و کۆمەڵایەتییە، ماددەی ١٤٠ دەڵێت، قەرەبووکردنەوە، ئاساییکردنەوە، دوای ئەوە ڕاپرسی، سەرژمێری یەکێکە لە بەندەکانی ماددەی ١٤٠، حکوومەتی عێراق خێرە دێت سەرژمێری دەکات، بێ ئەوەی خەڵک قەرەبوو بکاتەوە، یان بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بکاتەوە، بۆیە بە بڕوای من ئامانجێکی دیکەی لە پشتە، ئامانجەکەش ئەوەیە عەرەبێکی زۆر ھێنراونەتە سنوورەکە، ھیچ کاتێک ئەوەندەی ئێستا لەو ناوچانە بەھێز نەبوون، بەتایبەتی لە کەرکووک، کە ھەموو ئامانجی ئەوان ئەوەیە کەرکووک نەگەڕێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان، ھەتا بەو دوایە پێشینەی خانووبەرەیان داوەتە ئەو خەڵکەی ھاتوونەتە سنوورەکە ئەوەش بۆ ئەوەیە کە ڕێژەی کورد لەو ناوچانە کەم بێت، کە تا ئێستا ٦٥ ھەزار خێزانی عەرەب ھاتوونەتە سنوورەکە، ئامانج لەوەش ئەوەیە ڕێژەی کورد کەم بکەنەوە.
* چیتان بۆ لایەنە کوردستانییەکان ھەیە؟
– کاتێک کە ھەڵبژاردن دێت حزبە کوردستانییەکان پاس بۆ دەنگدەری خۆیان دەگرن و ھاوکاری داراییان دەکەن بەس بۆ ئەوەی دەنگ بە کاندیدەکەی ئەوان بدات، لە بابەتێکی وا گەورە و چارەنووسازەدا کە نازانین پاش سەرژمێری، عێراق چ پلانێکی دیکەی ھەیە، نازانین کابینەی داھاتووی عێراق چ بەرنامەیەکی بۆ ئەو ناوچانە پێ دەبێت، بۆیە چۆن دەبێت بابەتێکی وا گرنگ و ھەستیار پشتگوێ بخرێت، دەبێت لایەنە کوردستانییەکان ھانی خەڵکی خۆیان بدەن، لەڕووی ماددەی ھاوکاریان بکەن کە پێویستە خەڵک بۆ پرۆسەیەکی وا گرنگ بگەڕێتەوە و لە پرۆسەکەدا بەشدار بێت.
* کەواتە ئەوەندە گرنگە خەڵک بگەڕێتەوە سنووری ماددەی ١٤٠؟
– بەڵێ زۆریش گرنگە، چونکە ئەوە یەکلاکردنەوەی ئایندەی ناوچە کوردستانییەکانە، شنگال تا خانەقین لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ جێگەی کراوەتەوە، ئەو ماددەیە وەکو چارەسەر بۆ ئەو ناوچانە دانراوە، تا ئێستا ئەو برینە بەو لاشەیەوە ماوەتەوە و ٥١% خاکی کوردستان چارەنووسی دیار نییە، سەرژمێری چارەنووسازە، ئەمە گرنگیەکەیەتی، ھەر ھاووڵاتییەکی کورد بگەڕێتەوە، دەنگێکی کورد لەو ناوچانە زیاد دەبێت، لەبەرامبەردا دەنگێکی عەرەب کەم دەبێت.
* دەگوترێت تا ئێستا تەعریب لە ناوچە کوردستانییەکان بەردەوامە؟
– تەعریب بەردەوامە، گواستنەوەی کارتی نیشتمانی، دەرھێنانی کارتی زانیاری، گواستنەوەی فۆرمی خۆراک تا ئەم کاتەش بەردەوامە، ئەمەش پێچەوانەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقە، ھەر چەندە ئێمە بەردەوام داوا دەکەین تەعریب ڕابگیرێت، بەڵام ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێت، بەردەوام دەستدرێژی دەکرێتە سەر زەوی و زاری جووتیارانی کورد، ئەمە لە کاتێکدایە ھەتا لەو شوێنانە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرێت، نابێت گواستنەوەی بەڵگەنامە فەرمییەکان بۆ ئەو عەرەبە ھاوردانە دەربکرێن، بەڵام بەداخەوە ئیدارەی کەرکووک کردوویەتی.
* لەو چەند ڕۆژەدا پلان و بەرنامەتان چییە؟
– یەکەم کاری ئێمە کە کردمان لەگەڵ کۆمەڵێک بەڕێوەبەر و یاریدەدەر لە لیژنەی سەرژمێری کە کوردن بوو، دانیشتین و ڕێککەوتین لەسەر ئەوەی ھاووڵاتییەک کە ناوی نییە، بە ھەر شێوەیەک بێت شوێنێکی بۆ بدۆزرێتەوە و ناوەکەی داخیل بکرێت، ئەوە ھەنگاوی یەکەم بوو، ھەنگاوی دووەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن، سۆشیالمیدیا و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان بەکارھێناوە بۆ ئەوەی خەڵک ھۆشیار بێت و بە ھەر شێوەیەک لە شێوەکان بگەڕێتەوە و لە پرۆسەکەدا بەشدار بێت، بۆ ئەوەی داھاتووی لەو ناوچانە ڕوون بێت.