سێشەممە, تشرینی دووه‌م 19, 2024

ڕێگاکانی بەرەو لای خوا

حەمەسەعید حەسەن

 

فەنابوون و یەکگرتن هاوواتای یەکدی نین، ئاخر یەکگرتن پێویستی بە دوو خودی جیاواز هەیە، بەڵام فەنابوون بزربوونی سۆفییە لە حوزووری خوادا. کە سۆفی دەگاتە فەنابوون، وەک لە ڕۆژی نیوەڕۆدا خۆر کوژابێتەوە، هەموو شتێک لەبەر چاوی تاریک دەبێت، (تاریکی)یەک کە لە (نوور)ی خوا بەولاوە هیچی تر نییە، ئیدی سۆفی لە وجووددا نامێنێت و دەگاتە عەدەم، کە هەم فەنابوونە لەو نوورە تاریکەدا و هەم دەستپێکی بەقایە. ئەم فەنابووونە لای حەللاج، وەک ساتەوەختی بەریەککەوتنی پەپوولە و ئاگرە. مەولانا گوتوویەتی: سۆفی وک تیشکی مۆمێک وایە، لە حوزووری خۆردا، هەرچەندە هەیە، بەڵام هەر لە نەبوو دەچێت.

ئەوەی کە حەللاج گوتوویەتی من حەقم، کە بە مانای من خوام دێت، یان کە بایەزیدی بەستامی گوتوویەتی: (سبحانی، ما أعڤم شأنی!) کە هەر خوا دەتوانێت وا بڵێت، لێکدانەوەی ئەو دوو هاوارە، کە لە کرۆکدا هەر یەکێکن، ئەوەندەی مەحاڵ سەخت نییە، بەڵام هێندەیش ئاسان نییە، بە وڕێنە یان بە کوفریان لە قەڵەم بدەین. تەوحید ئەوەیە، ددان بەوەدا بنێین کە تاقە بکەری ڕاستەقینە خوایە، هەموو ئینسانێک ملکەچی ویستی ئەوە و هەر ئەویش مافی ئەوەی هەیە، بڵێت: من. کەواتە ئەو دوو هاوارەی حەللاج و بەستامی، دەشێت زادەی فەنابوون بن لە خوادا.
تەوحید ئەوەیە، لە غەیری خوا، بیر لە هیچی دیکە نەکەیەوە، لە هەموو شتێکدا نیشانەیەکی خوا ببینیت کە بەڵگەیە بۆ یەکبوون. دداننان بە یەکبوونی خوادا، هەجوەیری گوتەنی ئەوەیە، سەیری هەر چییەک بکەیت، خوای تێدا ببینیت یان شەبلی گوتەنی: (بێجگە لە خوا، شتێکی دیکەم نەدیتوە.) ئەوەی سۆفییەکان گوتوویانە، لە قورئانەوە هێناویانە: (بۆ هەر کوێ بچن، بەرەو ڕووی خوا دەبنەوە. فأینما تولوا فپم وجه الـلە. بەقەرە ١١٥) عەتتار پێی وابووە، خوا هەموو شتێکە، بەڵام ئەهلی سوننە، شوبهاندنی خوا، بە شتگەلی ماددی ڕەت دەکەنەوە. هەن پێیان وایە، تەوحید پێناسە ناکرێت، ئاخر بەوەی کە لە چەند دەربڕینێکدا کۆی بکەینەوە، ڕەونەقی خۆی لە دەست دەدات. (حولوول)یش ئەوەیە کە خوا خۆی، لەناو هەموو هەبوویەکی گەردووندا بوونی هەیە، ئیدی لە زەریا و چیاوە، لە بەرد و دارەوە، تا بە هەموو زیندەوەرێک دەگات.
ئەگەر ئایینی موحەممەد لە سێ بەش پێک هاتبێت، ئیسلام (فیقهـ) و ئیمان (عەقیدە) و ئیحسان، ئەوا ئیحسان جێی بایەخی سۆفییانە کە بریتییە لەوەی: (خودا وەها دەپەرستیت، وەک چاوت لێی بێت، ئەگەر تۆیش چاوت لەو نەبێت، ئەو چاوی لە تۆیە.) لەو ڕوانگەیەوە سۆفی خوا دەناسێت و بەهۆی خواپەرستی و خۆ پەروەردەکردنەوە، دەگاتە حوزووری. هەرچەندە سۆفی خۆی بۆ خواپەرستی تەرخان کردووە و خاوەنی هەموو ئەو سیفەتە جوانانەیە، کە هەموو موسوڵمانێکی پاک و چاک خەونیان پێوە دەبینێت، کەچی زوو زوو دەکەوێتە بەر ڕەخنەی توندی سەلەفییەکان، ئاخر لەکن سەلەفی، سۆفیگەری (بیدعە)یە و سۆفی نامۆیە بە ئیسلام.(*) چۆن سۆفی نامۆیە بە ئیسلام کە بەم دەستی کتێبی خوا و بەو دەستی سوننەی هەڵگرتووە! لەکن سۆفی ئەوی سۆفی نەبێت، نامۆ نییە بە ئیسلام، سەر بە عەوامە. وەک چۆن ئایینناس، مافی ئیجتیهادی هەیە، ڕێبەری سۆفییانیش مافی چۆنیەتی پەروەردەکردنی موریدانی خۆی هەیە.
سۆفی لە چییەوە هاتووە؟ چەندان لێکدانەوەی بۆ کراوە کە یەکێکیان دەیباتەوە سەر وشەی (سۆفیا)ی یۆنانی کە بە مانای حیکمەت دێت. سۆفیگەری کە بریتییە لە پاکژکردنەوەی خود لە هەموو خڵتەیەک و خۆ تەیارکردن بە نیازی پاک و کاری چاک، هیچ نییە لە غەیری جێبەجێکردنی، لایەنە گەشەکانی ئیسلام، ئەو لایەنانەی کە زەبروزەنگ ڕەت دەکەنەوە و بانگەشە بۆ مرۆڤدۆستی دەکەن. سۆفی کەسێکە وەکوو عەبدولقادری گەیلانی کە بە فەریادڕەس ناسراوە، یان وەک شاهی نەقشبەند کە موسوڵمانان لە تەنگانەدا هاواری ناوی دەکەن، یان وەک مەولانا جەلالەددینی ڕۆمی کە شیعری ویردی سەر زاری عاشقانی دونیایە.

ئەو ڕێگایانەی، بۆ لای خوا دەچن
هێندەی ژمارەی، عەبدی خوا دەبن

سۆفی بە گشتی، لەڕێی نوێژ و ڕۆژووەوە، بەهۆی شەونخوونی و خەڵوەتەوە، سەرقاڵی بارهێنانی نەفسی خۆیەتی، بە چاوپۆشین لەوەی لۆگۆی تەریقەتەکەی، سەوزە، ڕەشە، یان سوور. سۆفیگەری هەر تیۆری نییە، پراکتیکیشە، تەنیا بەوە نابین بە سۆفی، شارەزای سۆفیگەری بین، بەوە دەبین بە سۆفی، هەم شارەزای سۆفیگەری بین و هەم سۆفییانەیش ڕەوتار بکەین. سۆفی نە دووڕووە، نە حەرام دەخوات، نە خۆی هەڵدەکێشێت و نە شانازی بە هیچەوە دەکات. سۆفی خەریکی زیکری ناوی خوایە، بە نهێنی و بە ئاشکرا، لەگەڵ خەڵک و بە تەنیا، بە زمان و بە دڵ. وەلی کە کەراماتی هەیە، بۆ سەرخستنی شەرعی خوا وەگەڕی دەخات، بۆ خۆهەڵکێشان نمایشی ناکات، ئاخر زێڕ هیچ پێویستی بەوە نییە، هاوار بکات و بڵێت: من زێڕم.