شەممە, تشرینی دووه‌م 16, 2024

24 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی ئەحمەد كایا تێپەڕ دەبێت

ئەمڕۆ 16ی نۆڤێمبەری 2024، ساڵڕۆژی كۆچی دوایی هونەرمەندی گەورە و ناسراوی كوردی باكووری كوردستان (ئەحمەد كایا)یە.

ئەحمەد كایا، بەر لەوەی كۆچی دوایی بكات، لە كەناڵ (7)ی تەلەڤزیۆنیی توركیا دیمانەیەكی ئەنجام دا كە بوو بە دوایین چاوپێكەوتنی تەلەڤزیۆنی. تێیدا گوتی: ”حەز ناكەم بچمە شوێنێك گۆرانیی بڵێم، لەو شوێنەدا خواردنەوەی كحوولی بخورێتەوە.“
پێشكەشكارەكە پێی گوت، ماڵەكەت چۆنە؟ ئەو گوتی ماڵەكەم زۆر سادەیە، زۆر زۆر بچووكە و تەنانەت چێشتخانەی ماڵەكەم ئەوەندە بچووكە، شەرم دەكەیت سەیری بكەیت.
كایا، نیگەران بوو لەو كەسانەی پێیانوایە، كایا لە ڤێلایەكدا دەژیت كە دەڕوانێتە سەر دەریا، بەڵكوو شووقەیەكی زۆر بچووكی هەیە و گوتی هەرگیز ئەو رۆژە نابینن كە كایا لە ڤێلایەكدا بژیت، تا لە توركیا بارودۆخی خەڵك بەو شێوەیە بێت.
كایا باسی لە چەمكی ئاشتی كرد و گوتی: لە توركیا ئەو چەمكە زۆر بە هەڵە لێكدەدرێتەوە، ئاشتی هەر ئەوە نییە، دوای شەڕ دروست ببێت. نەخێر، دەبێت رێگە لە شەڕ بگریت تا ئاشتی بەرقەرار بێت.
ئەو سەیری پێهات، لە كەناڵەكانی تەلەڤزیۆنی توركیا، باس لە قارەمانیی سەربازەكان دەكرێت كاتێك دەیاننێرن بۆ شەڕ و دەڵێت: ”ئەوانە گەنجن و دڵیان بە ژیان خۆشە، بۆچی بە ئاهەنگ و شایی بەرەو مەرگیان دەبەن؟ دەبا ئاشتی لە وڵاتەكەماندا بەرقەرار بكەین و ئەو گەنجانەش بژین، نەك بەرەو مەرگ بەڕێیان بكەین.“
لە بەشێكی تری قسەكانیدا باسی لە سیستەمی سیاسیی توركیا كرد و گوتی: ئەو سیستەمەی توركیا دیموكراتی تێدا نییە، بۆیە دروشمی ئەوەیان بەرز كردووەتەوە ئەوەی ئەم سیستەمەی خۆش ناوێت با بڕوات.“
كایا دەڵێت: ”مانای چییە ئەوەی ئەم سیستەمەی خۆش ناوێت با بڕوات؟ ئەم وڵاتە وڵاتی هەموومانە و ئێوە چین تا بڵێن بڕۆن؟ ئەم وڵاتە وڵاتی هەموو ئەوانەیە كە تێیدا دەژین، تورك و كورد و لاس و چەركەس و ئەرمەنی. كاتێك دەچمە وڵاتانی ئەورووپی، توركێك دەبینم پێی دەڵێم، دەبێت تۆ جیاوازی بكەیت لە نێوان ئەوەی رقت لە توركیایە یان سیستەمەكەی؟ ئێمە دەبێت وڵاتی خۆمانمان خۆش بوێت، بەڵام دژی سیستەمەكەی بین.“
دەشڵێت: ”لەم وڵاتەدا پێویستمان بە غیرەت هەیە، ئەمە گەورەترین كێشەی توركیایە“.
كاتێك دێتە سەر باوكی، دەڵێت زۆر حەزی دەكرد ببمە گۆرانیبێژ، بەڵام تا لە ژیان بووە بە چاوی خۆی نەیبینیوە كایا بووەتە گۆرانیبێژ و زوو دونیای بەجێهێشتووە.
كاتێك هاتوونەتە ئیستانبۆڵ، باوكی لە شووشتنگەیەكی ئۆتۆمبێل كاری كردووە، رۆژانە ئۆتۆمبێلی دەوڵەمەندەكانی شووشتووە، بۆیە دەڵێت: ”منداڵ بووم، كاتێك دەمبینی باوكم ئۆتۆمبێل دەشوات تا ئێمەی پێ بەخێو بكات. دەمگوت دەبێت گەورە بم و بتكەم بە خاوەنی شووشتنگە و بۆت بكڕم، بەڵام قەدەر رێگەی نەدا ئەو خەونەی باوكم بهێنمە دی.“
ئەحمەد کایا لە 28ی ئۆكتۆبەری 1957 لە مالاتیای باكووری كوردستان لە دایك بووە، گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر و مۆسیقاژەنێکی بەناوبانگی کورد بوو. لە دوای ئەوەی باوکی سازێکی بۆ کڕی، لە تەمەنی شەش ساڵییەوە خەریکی مۆسیقا بووە. پێش ئەوەی وەک گۆرانیبێژ دەرکەوێت، ماوەیەک لە ئیستەنبۆڵ شۆفێری تاكسی بووە، ھەروەھا لەگەڵ دۆستێکی خۆشەویستی بەناوی بەشار ئابی کاری شۆفێری پاسیشی کردووە.
کایا لە ساڵی 1985 یەکەمین ئەلبوومی خۆی بە ناوی (مەگری کۆرپەکەم) بڵاو کردەوە، بەڵام لەبەرئەوەی شێوازەکەی شێوازێکی نوێ بوو و ناوەڕۆکی شیعرەکانی شۆڕشگێڕانە بوون، ھیچ دەزگایەکی ھونەری ئامادە نەبوو ھاوکاری بکات، ھەرچەندە ئەمە نەبووە ھۆکاری ساردبوونەوەی و بە ھاوکاریی دۆستەکانی یەکەمین ئەلبوومی خۆی بڵاوکردەوە، بەڵام حکوومەت ئەلبوومەکەی قەدەغە کرد.
کایا پاش ئەوەی ناوبانگی دەركرد، لە ئاهەنگێكدا بە فەرمی رای گەیاند كە ئەو كوردە و بە نیازە لە ئەلبوومە تازەكەیدا گۆرانیی كوردیش بڵێت، ئەمەش بووە هۆی كاردانەوەی توندی رەگەزپەرستەكان و بەم هۆیەوە تووشی فشارێكی زۆر بووەوە، تا دواتر چووە ئەورووپا و لە 16ی 11ی 2000 لە فەڕەنسا كۆچی دوایی كرد.